كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. لە سنووری قەزای ئامێدی 66 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە

لە سنووری قەزای ئامێدی کە لە ناحیەکانی بامەڕنی، چەمانکێ، دێرەلووک، سەرسەنگ، کانی ماسی و شیلادزێ پێکهاتووە، سەرجەم 66 هەزار هاووڵاتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا مافی دەنگدانیان هەیە.

پەیامنێری (باسنیوز) لە ئامێدی ڕایگەیاند: "تەنیا لە سەنتەری قەزای ئامێدی دوو هەزار و 546 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە بەیانیی ئەمڕۆوە لە سەرانسەری قەزای ئامێدی هاوشێوەی شار و شارۆچەکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی دەستی پێکردووە، بەڵام لە هەندێ شوێن بەهۆی کارنەکردنی ئامێرەکانی دەنگدان، پرۆسەکە بە خاوی بەڕێوە دەچێت".

لە هەموو ناحیە و شارەدێ و گوندەکانی قەزای ئامێدی کە وەک بازنەی یەکی پاریزگای دهۆک دیاری کراوە، سەرجەم 66 هەزار هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە کە بەسەر و 29 بنکە 159 وێستگەدا دابەش کراون".

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە19ی ساڵی 2020، پارێزگای دهۆک 11 كورسی بۆ تەرخان کراوە و دابەش کراوە بۆ سێ بازنەی هەڵبژاردن و پێویستە لە هەر بازنەیەک یەک ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا).

لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک 34 كاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی 11 کورسی دەکەن،26  كاندیدیان پیاو و هەشتیان ئافرەتن، کە پێکدێن حەوت كاندیدی سەربەخۆ و 27کەسیشیان كاندیدی پارتە سیاسییەکانن.