ڕاهێنه‌ری ئۆفیسی نیشتمانیی كۆمسیۆن: كێشه‌ی په‌نجەمۆر گرفتێکی گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كەدا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ڕاهێنه‌ری ئۆفیسی نیشتمانیی كۆمسیۆن: كێشه‌ی په‌نجەمۆر گرفتێکی گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كەدا

ڕاهێنه‌ری ئۆفیسی نیشتمانیی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنەکان لە عێراق، باس له‌و كه‌موكورتییانه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مڕۆ ڕووبه‌ڕووی ده‌نگده‌ران بووەتە‌وه‌ و پێی وایە كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی عێراق به‌رپرسیاره‌.

سه‌روه‌ت حه‌مه‌ئه‌مین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئه‌مڕۆ گرفتی زۆر ڕووبه‌ڕووی ده‌نگده‌ران بووه‌وه‌ کە یه‌كێك له‌وانه‌ نه‌خوێندنه‌وه‌ی په‌نجه‌مۆر بوو، له‌و كاته‌دا حاڵەتێك هه‌یه‌ شاشه‌ی په‌نجه‌مۆر کە هه‌ستیاره، پیس ده‌بێت و نایخوێنێته‌وه‌، بۆیە ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌نگ ده‌دات، ده‌بێت په‌نجه‌ی پاك بێت و هه‌ندێك جار گرفته‌كه‌ زۆربه‌ی ئافره‌تان ده‌گرێته‌وه،‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی مادده‌ی پاكکه‌ره‌وه‌، به‌شێك له‌ به‌سمه‌كانیش كاتێك په‌نجه‌یه‌كی پیس له‌سه‌ری داده‌نرێت، گرفت بۆ ئه‌وانی دیكه‌ش دروست ده‌كات و جاری وا‌یه‌ به‌ دوو كاتژمێر ده‌نگ ناخوێنێته‌وه‌ و به‌سمه‌ ناكات".

ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: "بەهۆی ئەو گرفتانه‌وە ئامێره‌كه‌ په‌نجەمۆر وه‌رناگرێت، بۆیه‌ ده‌بێت كارمه‌ندان به‌رده‌وام به ‌ماده‌ی پاكکه‌ره‌وه‌ شاشه‌كه‌ پاك بكه‌نه‌وه‌ و پێشووتر كۆمسیۆن ئاماده‌كاریی كردبوو، به‌ڵام ده‌بێت ئێستا به ‌خێرایی له‌گه‌ڵ هه‌ر به‌سمه‌یه‌ك مادده‌یه‌كی پاكکه‌ره‌وه‌ دابنرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد:" پێشووتر ئامێری یه‌ده‌گ هه‌بوو بۆ گرفتی له‌و شێوه‌یه‌، به‌س ئیستا ئه‌وه‌ نابینرێت، ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌ و دیاره‌ كۆمسیۆن له‌و بارەیەوه‌ ورد نه‌بووه‌ و كۆمسیۆن و ڕاهێنه‌ره‌كان به‌رپرسیارەتی هه‌ڵده‌گرن و ده‌بوو به‌شی ڕاهێنان ئاماده‌كاریی زیاتر بكات و ده‌بوو كۆمسیۆن تیمی خێرای هه‌بوایه‌ بۆ هه‌ر گرفتێك".

دروستبوونی ئەو گرفتانە بۆ نەخوێنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان بۆ پەنجەمۆر لە کاتێکدایە کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە لە ئەگەری دروستبوونی کێشە، جێگرەوەیان بۆ کارنەکردنی ئامێرەکانی دەنگدان هەیە.