“ڕێگری لە خەڵکی شنگال بۆ ده‌نگدان تەزویرێکی رێکخراوی پەکەکەیە”
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

“ڕێگری لە خەڵکی شنگال بۆ ده‌نگدان تەزویرێکی رێکخراوی پەکەکەیە”

ئەوەی پەکەکە بەسەر شنگالییەکانیدا دەهێنێ جۆرێکی جینۆسایده‌

کەسایەتییەکی ناسراوی ئێزدی ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی پەکەکە بەسەر شنگالییەکاندا دەیکات جۆرێکی دیکەیە لە جینۆساید، کە ڕێگە نادات ئەوانەی لە شنگال ناویان گەڕاوەتەوە و لە کەمپەکان و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەژین، بچنە شنگال و دەنگ بدەن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10/10/2021، شێخ شامۆ، که‌سایەتیی ناسراوی ئێزدی و نوێنەری پێشووی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، به‌ (باسنیوز)ـی ڕاگەیاند: ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شنگال کە ئاوارەی دەستی پەکەکەن و لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی نیشتەجێن، ناویان نەگەڕاوەتەوە و دەبێت بچنە شنگال دەنگ بدەن، بەداخەوە پەکەکە لەو بازگە نایاساییانه‌ی کە دایناون بۆ ئەو شارە، ڕێگریان لێ دەکات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ئەوەی پەکەکە دەیکات، تەزویرێکی رێکخراوە و جینۆسایدێکی دیکەیە، کە ڕێگری لە دەنگی شنگالییەکان دەکات، دوای ئەوەی رێگەیان نادات بڕۆنەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان”.

ئەو کەسایەتییەی ئێزدییەکان، کە راوێژکاری کاروباری ئێزدییەکانە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، بە ئه‌ركی خۆیان هەستن و کارئاسانی بۆ دەنگدانی ئێزیدەکان بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز) زیاتر لە 10 هەزار ئێزدی، مافی دەنگدانیان لە شنگال هەیە.

هەر ئەمڕۆ ئاشتی كۆچه‌ر، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باسنیوز) گوتی: چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ و حه‌شد به‌ هه‌ماهه‌نگیی یه‌كتری و به ‌هێزی چه‌كدار و میلیشیا و خه‌ڵكی ده‌مامكداره‌وه‌ كه‌ له‌ سووریاوه‌ هێنراون، ڕێگرییان له‌ ده‌نگده‌ران کردووە و هه‌ڕه‌شه‌یان لێ کردوون.

گوتیشی: ئه‌م ڕێگرتنەی په‌كه‌كه‌ به‌ فه‌رمانی قه‌ندیل بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ربژێرانی پارتی له‌وێ ده‌نگ نه‌هێنن و خه‌ڵكیان له‌ سووریاوه‌ هێناوه‌ بۆ‌ سنوونێ و خانه‌سۆر کە به‌ چه‌كه‌وه‌ به‌رده‌م قوتابخانه‌كانیان گرتبوو و به‌شێك له‌ گه‌نجانی جوانی شۆڕش، كه‌ گرووپێكی خۆیانن، له‌وێ جێگیریان كردبوون و ئێستاش دوای هه‌وڵه‌كانمان بۆ شكایه‌ت و تۆماركردنی سكاڵا دۆخه‌كه‌ ئارام بووه‌ته‌وه‌.