کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: ئەو شڵەژانەی لە دەنگدانی تایبەتدا رووی دا لە گشتیدا دووبارە نابێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: ئەو شڵەژانەی لە دەنگدانی تایبەتدا رووی دا لە گشتیدا دووبارە نابێتەوە

"هیچ کەسێک نەبووە بەهۆی نەمانی کاتەوە نەیتوانیبێت دەنگ بدات"

بەرپرسێکی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێ ئەگەر لە دەنگدانی تایبەتدا بەهۆی ئامێرەکانی دەنگدانەوە شڵەژانێک ڕووی دابێت لە دەنگدانی سبەیدا دووبارە نابێتەوە دەشڵێ، پێشبینی دەکرێت سبەی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای پرۆسەی دەنگداندا قەرەباڵغی دروست بێت و پاشان دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.

بنکەکان لە دەنگدانی تایبەت قەرەباڵغ بوون

دوێنێ لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەنگدانی تایبەت بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو و بەشێک لە دەنگدەران گلەیی سست بەڕێوەچوونی پرۆسەکەیان هەبوو و هەروەها بەهۆی کەمئەزموونییەوە گلەیی لە کارمەندانی کۆمسیۆن لەنێو بنکەکانی دەنگدان دەکرا کە چاودێرانی پڕۆسەکە ئەمە هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی کە دەنگدەر بە زیاتر لە پێنج خولەک ئینجا بتوانێت دەنگ بدات.

دوێنێ چەند کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، کە تایبەتە بە هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان، قەڕەباڵغییەکی زۆر لە بنکەکانی دەنگدان دروست بوو، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، عەمید دیدەوان خوڕشید، گوتەبێژی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، رایگەیاند کە گلەییان هەیە سەبارەت بە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان و ئاماژەی بە ئەوەدا کە هەر دەنگدەرێک زیاتر لە پێنج خولەکی پێویستە بۆ ئەوەی دەنگ بدات کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ قەرەباڵغیی دەرەوە و ناوەوەی بنکەکانی دەنگدان، گوتیشی: "ئەو ئامێرانەی لە بنکەکانی دەنگدان دانراون و بە چەند شێوازێک جەخت لە راستی و دروستی ناسنامەی دەنگدەر دەکرێتەوە هۆکارێکە بۆ سست بەڕێوەچوونی پرۆسەکە".

کۆمسیۆن دەڵێ دووبارە نابێتەوە

سەبارەت بە ئەو گلەییانەی ئاراستەی کارمەندانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکرێت سەبارەت بە ئەوە گوایە کەمئەزموونییان بووەتە هۆکاری سست بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، بۆتان شێرکۆ، بەرپرسی تەکنیکیی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە(باسنیوز)ی راگەیاند: "راستە لە کاتژمێرەکانی سەرەتا شڵەژانێک هەبوو بەڵام هۆکارەکە ئامێرەکان بوون چونکە ژمارەیەکی زۆر ئامێر لە کار کەوتن و ئامێری دیکە بەکاردەهێندرا بۆیە لە سەرەتادا پرۆسەکە سست بەڕێوەدەچوو، بەڵام کارمەندانی ئێمە راهێنانیان پێکراوە و پێشکەوتوون و ئەگەر گرفتی تەکنیکی نەبێت بەزووترین کات دەنگدەر دەنگی خۆی دەدات، بەشێوەیەکی گشتی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت سەرکەوتوو بوو".

لە چەند بنکەیەک دەنگەکان بە دەست ئەژمار دەکرێنەوە

لە پرۆسەی دەنگدانی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا جۆرە ئامێرێک بەکاردەهێندرێن کە خۆی دەنگەکان جیادەکاتەوە و ئەژماریان دەکات ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە ئەنجامی دەنگدان زووتر لە پێشوو ئاشکرا بکرێن بەڵام لە چەند بنکەیەکی دەنگدان کارمەندی تایبەتی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەنگەکان بەدەست ئەژمار دەکەنەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن لە ئەوەی کە ئامێرەکان لە کاتی ئەژمارکرندا هیچ هەڵەیەکیان نەکردووە، لەمبارەیەوە دوێنی پاش تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پاش تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و ئاشکرابوونی ئەنجامەکان و دابەشکردنی بەسەر بریکار و نوێنەرەکاندا، لە چەند بنکەیەکی دیاریکراویش دەنگەکان بە دەستی هەژمار کران. و دەرکەوت ئەنجامی ژماردنی دەستی دەنگەکان 100% هاوشێوەی ئەنجامی ژماردنی ئەلیکترۆنی بوون".

هیچ کەس نەبووە کە بەهۆی نەمانی کاتەوە دەنگی نەدابێت

به‌گوێره‌ی بڕیار و رێنوێنییەکانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق، كاتژمێر 6:00ی ئێواره‌ دەنگدان کۆتایی دێت و ئامێرەکانی دەنگدان خودکارانە لەکار دەوەستن و هیچ کەسێک ناتوانێت دوای ئەو وادەیە دەنگ بدات، سەبارەت بە گرفتی کەمیی کات، بۆتان شێرکۆ، بەرپرسی تەکنیکیی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: "لە دەنگدانی تایبەتدا هیچ حاڵەتێک نەبووە کە کەسێک بەهۆی نەمانی کاتەوە نەیتوانیبێت دەنگ بدات، هیچ کەسێک نەبووە هاتبێتە نێو بنکەکانی دەنگدان و بەهۆی ئەوەی کات تەواو بووە نەیتوانیبێت دەنگ بدات".

سەبارەت بە دەنگدانی گشتی ناوبراو رایگەیاند: "پێشبینی دەکەین لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دەنگدانی گشتی کە سبەی بەڕێوەدەچێت قەرەباڵغی لە بنکەکانی دەنگداندا دروست بێت بەڵام دواتر پرۆسەکە ئاسایی دەبێتەوە و کاتەکە بەشی سەرجەم ئەو دەنگدەرانە دەکات کە ناویان لە بنکەی دەنگدان هاتۆتەوە و کات نابێتە گرفت لەبەردەم پرۆسەکە.

رۆژی هەینی 8-10-2021، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ دەنگدانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق و ئاوارەکان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەڕێوە چوو.