ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک: لە یەک ساڵدا نرخی خۆراک 33٪ گران بووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک: لە یەک ساڵدا نرخی خۆراک 33٪ گران بووە

"لە 60 ساڵی ڕابردوودا هیچکات نرخەکان وەک ئێستا نەبوون"

بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی خۆراك (WFP) لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا هەرگیز دۆخی بازاڕ و نرخی کاڵا و خۆراک وەك ئێستا نەبووە و لە یەک ساڵی ڕابردوودا نرخەکان بە ڕێژەی 33٪ گران بوون.

بەپێی هەمان ڕاپۆرت ئێستا نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێویستییەکانی ژیانی خەڵک بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووتەوە و لە ماوەی 60 ساڵی ڕابردوودا هەرگیز نرخەكان بە شێوەیەی ئێستا گران نەبووە.

رێكخراوی جیهانیی خۆراك، راپۆرتێكی نوێی لەبارەی گرانیی نرخی خۆراك لە جیهاندا بڵاو كردووەتەوە و نووسیویە نرخی خۆراك بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی داتاکان دەرکەوتووە لە ماوەی 60 ساڵی رابروودا بەم شێوەیە نەبووە، بۆیە پێویستە لە ئاستی جیهاندا پێداچوونەوە بەسەر سیاسەتی خۆراكدا بكرێت.

لەم بارەوە ماڵپەری بلۆمبێرگ ئیكۆنۆمیك، نووسیویەتی بەشێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك، بەهۆی گرانبووی نرخی وزە و بەشێكیشی بەهۆی هاتنی پەتای كۆرۆناوە بووە.

هاوکات بەپێی ئامارێكی رێكراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە بەرارود لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، لە جیهاندا نرخی خۆراك بە ڕێژەی 33٪ لە جیهان گرانتر بووە.