له‌ كوردستان جۆرە رەنگێكی بادجی نرخی دەگاتە سەدان دۆلار
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

له‌ كوردستان جۆرە رەنگێكی بادجی نرخی دەگاتە سەدان دۆلار

"كۆمەڵێك بەخێوكەر یاری بە نرخی باڵندە دەكەن"

 بادجی، كە لە كوردستان بە باڵندەی خۆشەویستی ناسراوە، چەندین جۆری هەیە، ماوە ماوە جۆرە رەنگێكی نرخەكەی بەرز دەبێتەوە، ئێستا رەنگی ره‌یمبۆو (پەلكەزێڕینە) نرخەكەی بۆ سەدان دۆلار بەرزبووەتەوە، لە كاتێكدا نرخی رەنگی ئاسایی ئەو باڵندەیە تەنیا ٣٠ هەزار دینارە، بە قسەی بەشێك لە بەخێوكەرانی ئەو باڵندەیە، چەند كەسێكن یاری بە نرخەكان دەكەن، لە ئەورووپاش نرخەكە ئاساییە، بەڵام لێرە بۆ بەرژەوەندی كەسی وادەكرێت.

رزگار كەریم، دانیشتووی بەردەڕەشە، دەیان ساڵە باڵندەی بادجی پەروەردە دەكات، رێكخراوێكیان بە ناوی بەخێوكەرانی باڵندە لە كوردستان هەیە، بۆ (باسنیوز)، ئاماژە بەوە دەدات، كە ئەو باڵندەیە لە ئەورووپا دەستكاری جیناتی دەكرێت، رەنگی نوێی لێ دروست دەكرێت، ئێستا رەنگی ره‌یمبۆو، واته‌ پەلكەزێڕینە، كە ئەو بادجییە گشت رەنگەكان لە خۆ دەگرێت، نرخی بەرزبووەتەوە، چونكە داواكاریی زۆری لەسەرە، سەرەتا كە هاتە كوردستان جوتی لەنێوان ٧٠ بۆ ٨٠ هەزار بوو، دواتر بەهۆی داواكاریی زۆره‌وه‌ نرخەكەی فڕی.

ئەو بەخێوكارە، هۆكاری گرانبوونی ئەو نرخەی بۆ كۆمەڵێك بەخێوكەر گەڕاندەوە، كە ئەوانە توانیویانە كۆنتڕۆڵی بازاڕ بكەن، دەڵێت: ”كۆمەڵێك كەسن، هاوڕێی یەكترن رێككەوتن لەنێوانیان هەیە، ماوە ماوە جۆرە باڵندەیەك كۆ دەكەنەوە و دواتر دەیخەنە بازاڕ و لە سۆشیال میدیا رێكلامی بۆ دەكەن، ئیتر وا وەسفی دەكەین، دەیبەنە ئاسمان، خەڵكیش لاساییان دەكاتەوە، بۆیە باڵندەیەك لە ٨٠ هەزارەوە دەیكەنە ٣٠٠ دۆلار، ماوەیه‌ك پێوەدەگرن، خەڵكیش چاویان لێدەكات، تا جۆرێكی دیكە، یان رەنگێكی دیكە دێتە دەستیان، ئێستا وا خەریكە بادجی كلێر وینگ وردە وردە نرخی بەرز دەكەنەوە، پێشتر جووتی بە ٣٠ هەزار بوو، ئێستا بووەتە ٢٠٠ هەزار“.

 No description available.

رزگار، گلەیی ئەوە دەكات، كە لە كوردستان داهێنان لە رەنگی باڵندە ناكات و رەنگی نوێ ناهێنێتە كایەوە، بەڵكو تەنیا هاوردە دەكەین، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، كە خەڵكی ئێرە تاقەتی ئەوەی نییە، كە ئارام بگرێت و رەنگێكی نوێ بەرهەم بێنێت، بەڵكوو بە قسەی ئەو ”حەزی لە حازرییە، دەیەوێت بە پارەیەكی زۆر شتێك بكڕێت و بەرهەمی لێ بگرێت و بفرۆشتەوە، دواتر لە رووی زانستییەوە ناتوانین شوێنی شیاویان بۆ دابنێن، كارەبای بەردەوامت نییە، ئەقڵێكی بازرگانیت نییە، حەزت لە حازرییە“، دەشڵێت: ”ئەو بادجی ریمبۆوە لە ئەورووپاش بەو نرخە نییە، بەڵكو بەهۆی چەند كەسێك لێرە دەوڵەمەندن ئەو نرخەیان بەرز كردووه‌تەوە“.

باڵندەی بادجی، سەرەتا لە ئوسترالیا دۆزرایەوە، تەنیا رەنگی سەوز بوو، دواتر دەستكاری جیناتی كرا، سەدان رەنگی لێ دروست كرا، هەر یەكە و ناوێكی لێنرا بە مەبەستی زیاتر بازرگانیكردن بەو باڵندەیە وەك ئۆپلان، سینامۆن، ئینۆ، لاس وینك، كلێر بەدی، ئیزلی كلێر بەدی، پاید دۆمینانت سینگل فاكتەر، پاید دۆمینانت دەبڵ فاكترە، سپانجل، هۆریكال، دارك ئاید كلێر، ڤالۆ دایلۆت، گرەی وینگ، كلێر وینگ، فول بەدی گرەی وینگ و دەیان جۆری دیكە.

 ئالان چاوشین، دوكانی فرۆشتنی باڵندەی هەیە و باڵندە لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەكات، هۆكار بەرزبوونەوەی نرخەكەی، بۆ جوانی، مۆدێلبوون و نەهاتنی لە ئەورووپاوە دەگەڕێنێتەوە، ”ماوەیەكی دیكە نرخی بەرزتریش دەبێتەوە“، بە قسەی ئەو فرۆشیارە بادجی ریمبۆ قەبارە ئاسایی، قەبارەی ئەرووپی و قەبارەی ئینگلیزی هەیە، قەبارە ئینگلیزییەكەی دەگاتە ٣ هەزار دۆلار، قەبارە ئەورووپییەكەی نرخی لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٨٠٠ دۆلار.

ئەو فرۆشیارە، باس لەوە دەكات كە ئەوان باڵندە لە ئەورووپا، توركیا، ئێران و میسر هاوردە دەكەن، لە كوردستانیش بەرهەم هەیە، بەڵام بەو رادەیە نییە، هەناردە بكرێت ”لێرە هەر كەس خێرا جووتێك بەرهەم دێنێت، نایكاتە جوملە و یەكسەر دەیفرۆشێت“.

سەرهەنگ عومەر، خاوەنی كۆمپانیای ڤان هۆڵەند، كە بازرگانی باڵندە و ئاژەڵی جوان دەكات، بۆ (باسنیوز)، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە تەنیا كۆمەڵێك بەخێوكەرن یاری بە نرخی باڵندە دەكەن، ”جاران كە بادجی ریمبۆمان هاوردە دەكرد، خەڵك نەیدەزانی ره‌یمبۆو چییە و دەیانگوت تێكەڵەیە لە بادجی ئینگلیزی و ئاسایی، كەس نەیدەكڕی، بۆیە چەندین وەجبەمان لەبەر بێ بازاڕی هه‌ڵوه‌شانده‌وە، سەتا جووتی لە ٣٠ بۆ ٦٠ هەزار بوو، كەس نەیدەكڕی، لە پڕ نرخی گەیشتە هەزار دۆلار، لە بەغدا زیاتریش رۆیشتییە، ئەویش چەند كەسانێك بوون یارییان بەو نرخە كرد و هۆكاریش بوون كە لە بەغداش ئەو نرخە بكات“

ئەو بازرگانە ئەوەش دەخاتەڕوو، كە لە ئەورووپا نرخی ئەو بادجییە لە نێوان ٤٠ بۆ ٦٠ یۆرۆیە، بەڵام چەند كەسێكن لەناو بازاڕی هەولێر ئەو كارە دەكەن، دەشڵێت: ”چەند ساڵ پێش ئێستا باڵندەی زێبڕا بەو شێوەیە بوو، نرخی لە ٢٥ هەزارەوە گەیشتە ٦٠٠ دۆلار، ئێستا هاتەوە سەر ٤٠ هەزاری، بادجی ره‌یمبۆوش هەر وای لێ دێت، ماوەیەكی دیكە دادەبەزێ و شتێكی دیكە دەكرێتە باو“.

بە قسەی بەخێوكەران و فرۆشیارانی باڵندەی بادجی، لە كوردستان، لە رووی زانستییەوە كەس گرنگی بەو باڵندەیە نادات، تەنانەت جووتكردنیشی، زانستی نییە، ئێستا بەهۆی جووتكردنی نازانستییەوە، زۆربەی باڵندەكان دەمرن، ئێستا لە بازاڕەكان بادجی نێر گەلێك زۆر بووە و مێیینە لە بازاڕ نەماوە، چونكە خەڵك جووتكردنەكەیان نازانستییە و بەردەوام دەیانەوێت بەرهەمیان هەبێت، كەچی زۆر جووتكردنی ئەم باڵندەیە، وا دەكات مێینەی بمرێت ”خەڵكی ئەورووپا ساڵانە سێ وەجبەی لێ وەردەگرن، كەچی لێرە ساڵانە بەردەوام جووتی دەكەن، مێیەكە بەردەوام كڕكەوتووە و تووشی لاوازی دەبێت و جەڵتە لێی دەدات، ئێستا ئەزمەی مێ لە بازاڕ دروست بووە“.