كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

شەهرام نازری: میدیای ئێران 42 ساڵە بەبێ مۆڵەت بەرهەمەکانم بڵاو دەکەنەوە

شارام نازری، هونەرمەندی ناسراوی کوردی خەڵکی کرماشان لە لێدوانێکدا بە توندی ڕەخنەی لە میدیای فەرمیی ئێران گرتووە و ڕایگەیاندووە 42 ساڵە میدیای کۆماری ئیسلامی بەبێ خواست و ئیزنم دەنگ و میوزیکم بڵاو دەکاتەوە.

شارام نازری لەم بارەوە لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (ئیسنا)ی ئێران ئاشکرای کردووە: "ڕادیۆ و تەلەفزیۆن کۆماری ئیسلامیی ئێران 42 ساڵی بەردەوامە بەبێ ئەوەی ڕەزامەندیی منیان وەرگرتبێ و بە بەبێ ئەوەی مافی کۆپیڕایتیان پاراستبێت و بێ ڕەچاوکردنی مافی مادی و مەعنەویم، دەنگ و میوزیکی من بڵاو دەکاتەوە".

ئەو هونەرمەندە کوردە لە درێژەدا ڕاشیگەیاندووە: "هەموو هەوڵێکی داوە هەتا بەرگری لە مافی خۆی بکات، بەڵام دەسەڵاتی زۆر، کاری خۆی کردووە و ئەوان دەنگی من لە تەلەفیزیۆنێکدا بڵاو دەکەنەوە کە لە بنەڕەتدا باوەڕی بە مۆسیقا و هونەر نییە و ژەنیار و ژەنین بە یەکەوە سانسۆر دەکا و بە جێگەی نیشاندانی تەموورە و دەف؛ گوڵ و گوڵدان نیشان دەدا، چونکە لە ڕاستیدا بە حەرامی دەزانن".

ئاماژەی بەوەش کردووە: "بەهۆی ئەوەی لە میدیای ئێرانەوە هەندێ ئامێری مۆسیقا قەدەغەیە و دەشاردرێنەوە، بۆیە ماوەی 10 ساڵە هیچ هاوکارییەکم لەگەڵ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران نەبووە و تەنانەت مافی خۆشم وەرنەگرتووە".

شارام نازری پێشتر و لە ساڵی 2016 لەو فێستیڤاڵەی کە خەڵاتی تەندیسی فەرهەنگ و هونەرلە شاری کرماشان پێشکەش کرا، ڕایگەیاند: "ئەگەر میدیای ئێران گۆرانیم بڵاو بکاتەوە، گۆرانی ناڵێم".

شارام نازری ساڵی 1949 لە شاری كرماشان لەدایک بووە و لەبەر ئەوەی بنەماڵەكەی لایەنگەری هونەر بوون، هەر لە منداڵییەوە دایكی لەگەڵ شیعر و ئاواز ئاشنای كردووە و لە زۆربەی بەرهەمەكانیدا كەڵكی لە شێعرەكانی مەولانا وەرگرتووە و گۆرانییەكانی تێكەڵاوێكە لە شێوەی حیماسی و عێرفانی و بە گوتەی خۆی لە بواری شانامەخوێنیی فارسیدا داهێنانی کردووە، هاوکات چەندین گۆرانیی کوردی و شانامەی کوردیشی چڕیوە کە دەنگدانەوەی باشی هەبووە.

ساڵی 2016 بەهۆی چڕینی گۆرانیی کوردیی (خوەم کرماشانی فارسی نیەزانم) لە ئاستی ئێراندا ڕەخنەی زۆری لێ گیرا و لە کۆمەڵگەی کوردستانیشدا پشتگیریی لێ کرا و کەمپینێکیش بۆ پشتگیری لە شارام نازری ڕێک خرا.

شارام نازری، لە ماوەی زیاتر چوار دەیە کاری هونەریی خۆیدا لە ئاستی ئێران و ناوچەکە و جیهان چەندین خەڵاتی بەرچاوی وەرگرتووە کە ناسراوترینیان خەڵاتی خەڵاتەکانی (لوژیۆن دۆنۆر و شوالیەی ئەدەب و هونەری)ی فەڕەنسایە کە پێی بەخشراوە.