دوو ڕۆژنامەنووس خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان پێ بەخشرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

دوو ڕۆژنامەنووس خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان پێ بەخشرا

دوێنێ هەینی ئەکادیمیای نۆبڵ ڕایگەیاند خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2021 بە هاوبەشی دراوەتە دوو ڕۆژنامەنووسی خەڵکی فیلیپین و ڕووسیا و ئاشکرای کردووە هەوڵ و تێکۆشانیان لەپێناو ئازادیی ڕادەربڕین هۆکاری دانی ئەو خەڵاتەیە بەو دوو ڕۆژنامەنووسە.

ماریا ڕێسا، ڕۆژنامەنووسی فیلیپینی – ئەمریکی و دیمێتری مۆراتۆف، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی ڕووسیا بە هاوبەشی وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ساڵی 2021 دەستنیشان کراون.

لە ڕاگەیەندراوی ئەکادیمیای نۆبڵدا ڕێز لە هەوڵ و تێکۆشانی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە لەپێناو "پاراستنی سەنگی ئازادیی ڕادەربڕین کە پێشمەرجی دیموکراسی و ئاشتیی سەقامگیرە" گیراوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە نوێنەری هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەن کە بۆ ئەو ئامانجە لە جیهان هەوڵ دەدەن کە دیموکراسی و ئازادیی چاپەمەنی هەر ڕۆژە لەگەڵ هەلومەرجێکی خراپ و ناجێگیر لە جیهان بەروڕوویە.

خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ ڕێکەوتی 10/12/2021 لە ئۆسڵۆ دابەش دەکرێت و بەهای ئەو خەڵاتە 1.1 ملیۆن دۆلارە و بە هاوبەشی بەو دوو ڕۆژنامەنووسە دەدرێت. ساڵی پار کۆمیتەی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە "بەرنامەی جیهانی خۆراک".