پەرلەمانتارانی هیوا و پووشە خورمای خاڵس!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 07/10/2021

پەرلەمانتارانی هیوا و پووشە خورمای خاڵس!

لەم رۆژانەدا (دامەزراوەی مەدارك)، كە یەكێك لە كارەكانی چاودێریی ئەدای پەرلەمان و پەرلەمانتارانە، لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، هەریەكە لە پەرلەمانتارانی كورد (سەركەوت شەمسەدین، غالب محەمەد، رێبوار كەریم مەحمود، جەمال كۆچەر، بڵێسە جەبار فەرمان و رابوون مەعرووف) سیانیان لە سێ ساڵی رابردوودا یەك وشە و یەك قسەیان لە هۆڵی پەرلەمانی عێراقدا لە هیچ بابەتێكدا نەكردووە، هەندێكیشان هیچ رۆڵێكیان لە داڕشتنی هیچ یاسایەكدا نەبووە، هەندێكیشان نە ئەمیان كردووە نە ئەویان! واتە تەنیا مووچەیان وەرگرتووە، جا من لێرەدا باسی ئەوانە دەكەم، كە وێڕای ئەو بێئەداییە، جارێكی تریش خۆیان كاندید كردووەتەوە! دەردی حاكم شێخ لەتیف دەڵێ: ئای لەو چاوقایمیە!

ئایا ئەوە ئەوپەڕی ساویلكەیی و خۆخەڵەتاندن نیە، لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا، ئەو دەنگە جوان و گرنگ و بەهادارەت بدەیت بە كاندیدێك كە لە سێ ساڵی رابردوودا، یەك قسەی لەنێو پەرلەمانی عێراقدا نەكردبێت؟ ئایا ئەوە ئەوپەڕی خۆغەشیمكردن نیە لەو هەڵبژاردنەدا تۆ خەڵكی كوردستان بیت و بە دەستی خۆت و دەنگی خۆت، كاندیدێك بنێرێت بۆ پەرلەمانی عێراق، كە لە ماوەی سێ ساڵدا رۆڵ و وشە و قسەی لەنێو داڕشتنی یەك یاساشدا نەبووە؟

ئایا ئەوە ئەوپەڕی ناهۆشیاریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئینتیخابی نیە، تۆ كوردستانی بیت و جارێكی تر بە دەنگ و بە دەست و بە ویستی خۆت، دەنگ بە كاندیدانی وەكوو (غالب محەمەد و سەركەوت شەمسەدین و رێبوار كەریم مەحمود و جەمال كۆچەر) بدەیتەوە كە هەندێكیان یەك وشەیان لەنێو هۆڵی پەرلەمانی عێراقدا نەگوتووە و هەندێكیان یەك رۆڵیان بە یەك دێڕ یان یەك ڕا، نەبووە لە داڕشتن و پەسەندبوونی هیچ یاسایەكدا لە ماوەی سێ ساڵدا؟ هەندێكیشیان لە هەردوو بابەتدا هیچیان نیە، توومەز ئەوانە رێویی لات و گەڕ و بێدەنگی نێو هۆڵی پەرلەمان بوون، كەچی لەدەرەوەی هۆڵ و لە میدیاكان و لەپشت مایكەكانەوە، زۆربەیان بە نەڕە نەڕ بە هەرێمی كوردستاندا دەڕشانەوە؟

ئایا ئەوە ئەوپەڕی بێئاگایی و ساویلكەیی نیە، تۆ باوەڕ بە پەرلەمانتارێكی وەك ئەحمەدی حاجی رەشید بكەیت كە حەوت ساڵی تەواوە، هەموو مانگێك نزیكەی ٣٩ ملیۆن دیناری مووچە و ئیمتیازی پەرلەمانتاری وەردەگرێت، كەچی ئەمڕۆ كە بۆ سێیەمین خولی پەرلەمان خۆی كاندید كردووەتەوە لەسەر لیستی كۆمەڵی دادگەری، بە خەڵك دەڵێ: ”من پێویستم بە مووچەی پەرلەمانتاری نیە و بە كرێی چەند موڵكێكی ماڵی باوكم لە هەڵەبجە دەژیم“؟ ئەمە لە كاتێكدا كە لە حەوت ساڵدا، لە میدیاكانیشەوە حەوت لێدوانی لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستان نەداوە.

تۆ بڵێی دەنگدەرانی كوردستان، ئەوەیان بیر چووبێتەوە كە (سەركەوت و غالب و رێبوار و ئەحمەد و ئاڵا و هۆشیار و.. زۆری تر) فراكسیۆنێكی فاشلیان بە ناوی (هیوا!)وە بۆ بێهیواكردنی خەڵكی كوردستان و بۆ دژایەتیكردنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان پێكهێنا؟ بڵێی بیریان چووبێتەوە كە ئەوانە بەردەوام داوای نەناردنی مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان لە حكوومەتی عێراق دەكرد؟ بەردەوام داوایان دەكرد هەرێمی كوردستان خۆی و هەموو شتێك تەسلیمی بەغدا بكات؟

بڵێی خەڵك بیریان نەمابێت كە هەندێك لەو پەرلمانتارە كوردانە! داوایان لە حەشدی شەعبی دەكرد هێرش بكاتە سەر كوردستان و دەست بەسەر بیرە نەوتەكاندا بگرێت؟ بڵێی دەنگدەرانی كوردستان هێندە یادگەیان لاواز بێت، ئەوەیان لەبیر چووبێتەوە كە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر سەدان هەزار كوردی كەركووك و خورماتوو، شارە داگیركراوەكانیان بەجێ هێشت و ئاوارە بوون، كەچی ئەو پەرلەمانتارانەی ناوم هێنان، بە یەك وشەش لە پەرلەمانی عێراق ناڕەزاییان دەرنەبڕی، بڵێی خەڵك ئەم بێهەڵوێستیانەی ئەو پەرلەمانتارانەیان لەبیر كردبێت.

بڵێی خەڵكی كوردستان بەتایبەتی مووچەخۆران، ئەو رۆژانەیان لە یاد كردبێت كە پەرلەمانتاران (رێبوار كەریم و سەركەوت و غالب و هۆشیار و ئەحمەد حاجی رەشید..) فۆڕمی فشە و بێبنەمایان بەنێو خەڵكی كوردستاندا بڵاو دەكردەوە، تا داوا بكەن مووچەكانیان راستەوخۆ لە حكوومەتی عێراقەوە بدرێت، بەڵام دواتریش دەسەڵاتدارانی بەغدا، تەرەقەیەك و پەنجا خاڵیان بۆ لێ دان؟

لەمێژە دەڵێم، ئەم فۆرمە لە دیموكراسیی رۆژئاوایی، هەروەها هەڵبژاردن وەك یەكێك لە پایە گرنگەكانی ئەو پرۆسەیە، بۆ ئەم كۆمەڵگەیەی ئێمە هێشتا ماویەتی كامڵ بێت، چونكە بەشێكی بەرچاو لە دەنگدەران بە پێوەری گونجاو دەنگ نادەن و زیاتر لەبن كاریگەریی هاشوهووش و نەڕەنەڕ و وتاری پۆپۆلیستی و درۆودەلەسەی پشت مایكەكان و سۆشیال میدیادا دەنگ دەدەن، گەر وا نەبوایە، پەرلەمانتارانی وەكوو غالب و سەركەوت و ئاڵا و رێبوار و هۆشیار و ئەحمەد، مەگەر بۆ كڕینی پووشێ خورمای خاڵس، یان پارچەیەكی یەدەگی ئۆتۆمبێل كە لە كوردستان دەست نەكەوتایە، رێیان بكەوتایەتە رێی بەغدا! دەنا بە خەونیش چایەكیان لە كافیتریاكەی پەرلەمانی عێراق نەدەخواردەوە.

دڵنیام ئەمجارە زۆرینەی خەڵكی كوردستان زۆر لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو هۆشیارترە و بە وریایی و بە بیركردنەوەی وردەوە دەنگ دەدات، ئیدی زۆرینەی خەڵك دەزانێ بۆچی گرنگە دەنگ بدات و كێ هەڵبژێرێت، ئیدی خەڵك بۆی دەركەوتووە كە بەرگری لێكردن و پاراستن و سەندنی ماف و شایستە دەستوورییەكانی خۆی لە حكوومەتی بەغدا، بە خەڵكی تەسلیمبوو و درۆزن و ماستاوچی و لەخشتەبەر ناكرێت، بەڵكوو بە خەڵكی خۆنەچەمێن و بەهێز و پێداگر و خۆنەفرۆش و راستگۆ و دڵسۆز دەكرێت، توو ویژدانتان مووچە و بودجەیەك كە لە بەغداوە ببڕدرێت، بە خەڵكی وەكوو سەركەوت و غالب و ئاڵا و ئەحمەد دێتەوە!