نەهرۆ مەحموود قادر، كاندیدی پارتی لە سۆران: سەركەوتنی پارتی پێویستییەكی هەنووكەییە بۆ بەرزراگرتنی شكۆی كوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

نەهرۆ مەحموود قادر، كاندیدی پارتی لە سۆران: سەركەوتنی پارتی پێویستییەكی هەنووكەییە بۆ بەرزراگرتنی شكۆی كوردستان

كاندیدی ژمارەی 26ی پارتی لە بازنەی یەكی پارێزگای هەولێر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت، گرنگیی هەڵبژاردنی ئەمجارە و زەروورەتی بەشداریی هەموو لایەكە و لە هەمووی گرنگتر سەركەوتنی پارتییە، كە زەروورەتێكە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلەكەمان لە پەرلەمانی عێراق.

 نەهرۆ مەحموود قادر، كاندیدی ژمارەی 26ی پارتی لە بازنەی یەكی پارێزگای هەولێر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بەرنامەی پارتیمان بۆ پەرلەمانی عێراق، بەرنامەیەكە لەسەر بنەمای شكۆمەندراگرتنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و لە درێژەی هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن، خۆشەویستیی بێ سنوور و پشتگییری گەرموگوڕی جەماوەر، نەتەنیا ئومێدی سەركەوتنمان لە لا دروست دەكات، بەڵكوو مكوڕترمان دەكات لەسەر پەیامەكەمان، كە پەیامی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و سەرفرازهێشتنەوەی هەرێمەكەمانە، سەركەوتنی پارتی، پێویستییەكی هەنووكەییە بۆ بەرزراگرتنی شكۆی كوردستان و پێشكەشكردنی باشترین خزمەت".

 گوتیشی: " گرنگیی هەڵبژاردنی ئەمجارە و زەروورەتی بەشداریی هەموو لایەك و لە هەمووی گرنگتر سەركەوتنی پارتییە، كە زەروورەتێكە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلەكەمان لە پەرلەمانی عێراق، ئەزموونی مێژوویی پارتی دیموكراتی كوردستان، دامەزرانەكەی، سەركردە كاریزما و مەزنەكانی، خەبات و قوربانیدانەكەی، پێداگرییەكانی لەسەر پرسی نەتەوەیی، دەسكەوتە مێژووییەكانی، خەون و ئامانجە مەزنەكانی بۆ كوردستان، پێگە و باوەڕپێكراوییە بەرزە نێودەوڵەتییەكەی و سەرەنجام توانای بەرزی لە بەدیهێنانی ئاوەدانی و ئارامی بۆ كوردستان، هەموویان ئەوە دەسەلمێنن كە پارتی زەروورەتێكی مێژوویی بووە و هەیە و دەبێت".

  ئەو کاندیدەی پارتی ئەوەش خستە ڕوو: " بۆ داهاتووی كوردستان، پارتی ناسنامەیە و قسەی سەرەتا و كۆتایی لای ئەوە، لایەنە سیاسییە عێراقییەكان و سەركردەكانیان، ئەگەر ئیعتیبارێك دابنێن، بۆ پارتی دادەنێن و، هەمیشە قسەی پارتی بە جدی وەردەگرن. هێز و وجودی پارتی لە بەغدا زەروورەتە بۆ خزمەتی كوردستان. ئێمە بە هەڵوێستە ڕاشكاوەكان و بە پێداگیرییەكانمان، زۆر جێی باوەڕترین لەو لایەنانەی، كە هەموو تەنازولێك دەكەن تا بەغدا حیسابیان بۆ بكات".

نەهرۆ مەحموود قادر ئاماژەی بەوەش دا: "لە پەرلەمانی عێراق كار لەسەر ئەو بڕگە و مادانە دەكەم كە لەناو دەستووردا هاتوون، بەتایبەت جێبەجێكردنی ماددەی 140، بابەتی مووچەی فەرمانبەران و بودجە و شایستە داراییەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، شایستەكانی پێشمەرگە و هەموو ئەوانەی مافی خەڵكی كوردستانن، لەگەڵ ئەوەشدا چەند پارتی پێگەی لە بەغدا بەهێز بێت، ئەوەندە دەتوانین بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین، لەبەر ئەوە خۆمان بە خاوەنی كێشەی كورد دەزانین".

لە کۆتاییدا داوای ئەوەی لە هاووڵاتییان کرد گوتەی سەرۆك بارزانی لە بەرچاو بگرن و بە جۆش و خرۆشەوە دەنگ بدەن، باشترین هەڵبژاردەش كاندیدەكانی پارتین لە گشت بازنەكاندا، داواشی لە خەڵكی دەڤەری سۆران کرد هەنگاوەكانی پارتی بۆ خزمەتكردنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەبیر نەكەن، كە لە هزر و پلانی جەنابی مەسرور بارزانییەوە سەرچاوەی گرتووە.