هه‌ر خانه‌نشینێك كۆدی بایۆمەتری نەبێت مووچەی رادەگیرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

هه‌ر خانه‌نشینێك كۆدی بایۆمەتری نەبێت مووچەی رادەگیرێت

هەرخانەنشینێك بایۆمەتری نەكردبێت یان كێشەی تۆماری بایۆمەتریی هەبێت، تاوەكوو كێشەكەی چارەسەر نەكات، مووچەكەی بۆ خەرج ناكرێت. بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیش ئاشكرای دەكات، ئەم مانگە مووچەیان پێ دەدرێت، بەڵام لە مانگی داهاتوو مووچەیان رادەگیرێت

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) بەرێوەبەرایەتیی خانەنشینی پارێزگاكان  هەموو بانكەكانیان ئاگاداركردووەتەوە، هەر خانەنشینێك كۆدی بایۆمەتری نییە سەردانی بەرێوەبەرایەتیی خانەنشینی بكات.

بەپێی زانیارییەكان هەر خانەشینێك كۆدی بایۆمەتری نەبێت، یان بایۆمەتری نەكردبێت، ئەوە لە مانگی داهاتوو مووچەیان رادەگرێت.

لای خۆیەوە حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو خانەنشینانەی كێشەی كۆدی بایۆمەترییان هەبێت، یان بایۆمەتریان نەكردبێت، ئەو مانگە مووچەیان پێ دەدرێت، بەڵام لە مانگی داهاتوو مووچەیان رادەگیرێت".

ئاماژەی بەوە دا: " خەڵكێك هەیە تاوەكوو ئێستا خۆی لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەكردووە، یان هەیە دوو مووچەی هەبووە خۆی تۆمار نەكردووە، وەزارەتی دارایی بڕیاری داوە، مووچە هەمووی بە بایۆمەتری خەرج بكرێت، بۆیە  دەبێت هەموو مووچەخۆرێك تۆمار بێت و كۆدی بایۆمەتری هەبێت".

 حازم گۆران ئاشكراشی كرد: "هەندێك لە خانەنشینان كۆدی بایۆمەتریان ون كردووە، ئەوانیش دەبێت كێشەكانیان چارەسەر بكرێت، تاوەكوو بێ كێشە مووچەیان خەرج بكرێت".

ئەوەشی خستە ڕوو، بڕیاروایە ئەوەی بایۆمەتری نەكردووە بە پێی رێكارە ئیداریی و یاساییەكان بایۆمەتریان بۆ بكرێت.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی دارایی لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 250 هەزار خانەنشین هەیە.