ئاوات شێخ جەناب: ئەم خزمەتانەی سۆران لەسەر دەستی كابینەی نۆیەم هاتوونەتە دی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئاوات شێخ جەناب: ئەم خزمەتانەی سۆران لەسەر دەستی كابینەی نۆیەم هاتوونەتە دی

ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕێوڕسمی كردنەوەی هەردوو بانكی دیلمان و خانووبەرەی سۆران، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند كاری حكوومەت نەهێشتنی نادادپەروەری و گەندەڵییە، لەپێناو بنیاتنانی هەرێمێكی سەربەرز و سەركەوتوو کە خاوەن ئابوورییەكی بەهێز بێت.

 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێسەممە 5/10/2021 لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كە پەیامنێری (باسنیوز)یش ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: "خۆشحاڵم كە بۆ دوو هۆكاری سەرەكی سەردانی شاری سۆرانم كردووە، یەكەم بۆ پیرۆزبایی لە هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پێكهێنانی ئەم ئیداریە، كە بەری رەنجی چەند ساڵێكە كە ئێستا لەسەر دەستی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووەتە دی، ئەوەی دیكە كردنەوەی بینای هەردوو بانكی دیلمان و خانووبەرەیە لە شاری سۆران، هەردووكیشیان كۆششێكی زۆر بووە لەلایەن حكوومەتەوە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی دەڤەرەكەیە".

گوتیشی: "پیرۆزبایی لە هاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكەم، هەم بەناوی ئەنجوومەنی وەزیران و هەم بەناوی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بەڵێن دەدەین کە بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانتان و خزمەتكردن بە دەڤەرەكە هاوكاری ئیدارەی سۆران دەبین".

ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەش كرد: "ئەم كار و پرۆژانە بەری چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بەری كاری پێكەوەیی و نەهێشتنی نادادپەروەری و گەندەڵییە کە قۆناغ بە قۆناغ چارەسەر دەكرێن، لەپێناو بنیاتنانی هەرێمێكی سەربەرز و سەركەوتوو کە خاوەن ئابووریەكی بەهیز بێت، كە هەموو هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان تێیدا بە ئاسوودەیی و خۆشی بژیت".

رێوڕەسمی کردنەوەی هەردوو بانکەکە بە ئامادەبوونی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەڤەرەكە، بەڕێوە چوو.

رەفعەت سەلیم خان، بەڕێوەبەری بانكی دیلمان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەم بانكە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان".

رەفعەت سەلیم میرخان هەروەها راشیگەیاند: "بانکەکە بە شێوازێكی پێشكەوتوانە و بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار و 120 ملیۆن دینار دروست كراوە، كە تایبەت دەبێت بە هەردوو بانكی دیلمان و بانكی خانووبەرەی سۆران".