لە هەولێر كەمترین پێشێلكاریی بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمار كراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە هەولێر كەمترین پێشێلكاریی بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمار كراوە

"کاندیدانی پارتی پابەندی ڕێنوێنییەکانی سەرۆک بارزانین"

بە ڕای چاودێران و بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق تاوەکوو ئێستا هێنمانە بەڕێوە چووە و کەمتر لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو پێشێلکاری و سەرپێچی کراوە، بەرپرسێکی نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش دەڵێت، لە هەولێر کەمترین پێشێلکاری کراوە، کاندیدێکی پارتییش ئاماژە بەوە دەکات کە ''سەرۆک بارزانی ڕێنوێنیی کردووین و ئێمە پابەندی ڕێنوێنییەکانی ئەوین و پێشێلکاری و ناوزڕاندنمان نەکردووە''.

سەرپێچیکار سزا دەدرێ

بۆتان شێرکۆ، یاریدەدەری تەکنیکیی نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێمە بۆ هەر بازنەیەک لیژنە و تیمی تایبەتمەندمان هەیە و بەردەوام چاودێریی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن، لە کاتی بوونی هەر پێشێلکارییەک تۆماری دەکەن و بەربژێر و لایەنەکە لە پێشێلکارییەکە ئاگادار دەکەنەوە، ئەگەر هات و چارەسەریان نەکرد ئەوا نووسراو ئاراستەی بەغدا دەکەین و بەپێی قەبارەی پێشێلکارییەکە ئەو بەربژێر و لایەنە سزای دارایی دەدرێت".


گوتیشی: "ئەوەی ئێمە تێبینیمان کردووە لەم هەڵبژاردنەدا پێشێلکارییەکانی بانگەشە زۆر کەم بوونەتەوە، بە هەمان شێوە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ش پێشێلکارییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن کەم بوون، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە تێبینیمان کردووە کە پێشێلکاری و سەرپێچییەکان کەمتر بوونەتەوە، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاست و ڕێژەی پێشێلکاری و سەرپێچییەکان زۆر کەمتر بوونەتەوە، تەنیا لە چەند شوێنێک حاڵەتی هەڵواسینی تابلۆ و وێنەی بەربژێر بە لەزگە هەبووە ئەویش دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنی سەرپێچیکار کۆمسیۆن بڕیاری دا بە سزادانی سەرپێچیکار بە پێژماردنی بڕی یەک ملیۆن دینار".


کاندیدانی پارتی پابەندی ڕێنوێنییەکانی سەرۆک بارزانین

سەباح سوبحی، بەربژێری ژمارە 36ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی چواری سنووری پارێزگای هەولێریش سەبارەت بە کەمبوونەوەی سەرپێچی و پێشێلکارییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەرۆک بارزانی لە یەکەم سات و یەکەم ڕێوڕەسمی ناساندنی کاندیدانی پارتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە، ڕێنوێنیی کردین کە بانگەشەیەکی ئارام بکەین و داوای کرد کە پابەندی ڕێنوێنییەکانی لێژنەی باڵای هەڵبژاردن بین و بەڕێزیان داوای کرد کە سەرجەم کاندیدان خۆیان دوور بگرن لە ناوزڕاندن".


سەرۆک بارزانی چی گوت؟

لە یەکەم ڕێوڕەسمی ناساندنی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە 11/9/2021 سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: "لە هەڵبژاردنی ڕابردوو پارتی نەك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لەسەر ئاستی هەموو عێراق بووە حزبی ژمارە یەك، بێگومان ئەمە ئەنجامی زەحمەت و ماندووبوونی هەموو سەركردایەتی و كادیر و دەنگدەران و لایەنگرانی پارتی بوو، بەڵام پاداشتی گەلی كوردستان بوو بۆ هەڵوێستە نەگۆڕ و دروستەكانی پارتی. ئومێدەوارم ئەم جارەش پارتی هەر بە حزبی ژمارە یەك بمێنێتەوە. هەموو حزبێكیش هەمان شتی دەوێ و پارتییش هەقی هەیە."

گوتیشی: "بۆ ئەوەی سەركەوتنەكەمان بمێنێت، داوا دەكەم هەموو ڕێكخستنەكانی پارتی بە جۆشوخرۆشەوە بێنە مەیدان. داوا لە هەموو دڵسۆز و لایەنگرانی پارتی دەكەم بەشدار بن لە هەڵبژاردن. هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازە. داوا لە كاندیدانمان دەكەم پابەندی ڕێنماییەكانی لێژنەی باڵای هەڵبژاردن بن و داوا دەكەم خۆتان بەدوور بگرن لە تەشهیر و شتی لابەلا."


"كەم قسە بكەن و زۆر كار بكەن"

هەر لە میانەی گوتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی بە کاندیدانی پارتیی ڕاگەیاند: "داوای سەركەوتنتان بۆ دەكەم، ئێوە نوێنەری میللەتن، ئومێدەوارم هەمووتان سەركەوتن بەدەست بهێنن، كە چوونە بەغداش كەم قسە بكەن و زۆر كار بكەن. لە نێوتاندا ژمارەیەك خوشك و برا هەن كە تابلۆكەی جوانتر كردووە و گرنگی و تایبەتمەندیی پارتی نیشان دەدات. پارتی داربەڕووە، نە بە سووتان و نە بە بڕینەوە لەناو ناچێت. ئەوەی خۆی ئامادە كردووە كە پارتی نەمێنێت، با خۆیان ماندوو نەكەن، چونكە ئەو ڕۆژە نابینن، پارتی لەناو ناچێت و تا پارتی مابێت لە خزمەت كورد و كوردستان دەبێت."


دوو جۆر پێشێلکاری کراوە

سەبارەت بەو پێشێلکاری و سەرپێچییانەی بەرانبەر بە بەربژێرانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر کراوە، د. سەباح سوبحی، بەربژێری پارتی لە هەولێر ڕایگەیاند: "دوو جۆرە پێشێلکاری کراوە، بەڵام ژمارەکە زۆر نییە، پێشێلکارییەک بریتییە لەوەی کە لەلایەن لایەنی سیاسی بەرانبەر بە پارتی کراوە و ئەمەش نیشانەی ئیفلاسی سیاسییە و ئێمە بە پێویستی نازانین وەڵامی بدەینەوە و پابەندی ڕێنوێنی و فەرمانی سەرۆک بارزانی بووین و دەبین، پێشێلکارییەکی دیکە ئەوەیە کە لەلایەن کەسانێکی ناسراو و نەناسراوە بەرانبەر بە پۆستەر و وێنەی ئێمە کراوە کە بۆ ئەمەش ئێمە بە خزمەتکردن و کار و چالاکییەکانمان لە پەرلەمان وەڵامیان دەدەینەوە، بۆ ئێمە خزمەتکردن گرنگە''.


فرەبازنەیی هۆکارێکە

سەبارەت بە هۆکاری کەمبوونەوەی ڕێژەی پێشێلکارییەکانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بۆتان شێرکۆ، یاریدەدەری تەکنیکیی نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا: فرەبازنەیی کە بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراق پەیڕەو دەکرێت، یەکێکە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ژمارەی پێشێلکارییەکان و ڕاشیگەیاند: "هەر بەربژێرێک کە بازنەیەکی بۆ دیاری کراوە پێویست ناکات لە بازنەیەکی دیکە هەڵمەتی بانگەشە بەڕێوە ببات و پۆستەر و وێنە هەڵبواسێت و چالاکی بکات، چونکە دەنگەکانی هیچ بازنەیەکی دیکە جگە لە بازنەکەی خۆی بۆ ئەو سوودی نابێت".


لە کەرکووک زۆرترین پێشێلکاری دژی پارتی کراوە

بەراورد بە شارەکانی دیکەی کوردستان لە شاری کەرکووک ڕێژەی پێشێلکاری و سەرپێچییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن زیاترە و زۆربەی پێشێلکارییەکانیش بەرانبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان کراون کە لە چەند شوێنێکی جیاواز پۆستەر و وێنەی بەربژێرەکانی پارتی دڕێندراون و شێوێندراون، لەم بارەیەوە چەند وێنە و ڤیدیۆیەکی بکەرانی پێشێلکارییەکانیش بڵاو بوونەتەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دووکانی هاووڵاتییەک لە گەڕەکی پەنجاعەلیی شاری کەرکووک بەهۆی هەڵواسینی پۆستەری شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سووتێنرا و پاشان کاندیدەکەی پارتی سەردانی شوێنی دووکانەکەی کرد و لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی، ئەم کارە دژی یاسا و پرۆسەی دیموکراسییە و ''ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ڕووبه‌ڕوومان ببێته‌وه،‌ له‌ كه‌ركووك شوێنمان دیاره‌".

گوتیشی: "بەداخەوە ماوەیەکە کەسانێکی نەفسنزم لە تاریکیی شەواندا خەریکن زەرەر لە پۆستەرەکانی ئێمە دەدەن، ئەوە بەلای ئێمەوە گرنگ نییە، بەڵام ئەمەیان جیاوازە، چونکە دووکانێکیان سووتاندووە کە وێنەی ئێمەی پێوەیە''.

لە شنگال ڕێگری لە تیمی پارتی کرا

ڕۆژی 2/10/2021 لەلایەن پەکەکە و حەشدی شەعبییەوە ڕێگری لە تیمی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستانی سەر بە لقی 17ی حزبەکە کرا و نەیانهێشت تیمەکە بچێتە نێو قەزای شنگالەوە و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە ببات، ئەوکات لە لێدوانێکیدا بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: "ئێمە وەکوو پارتی نامانەوێت ئاڵۆزی پەیدا بێت، هەربۆیە بە شێوەیەکی هێمنانە چووینەتە سنووری قەزای شنگال و کاندیدەکانی ئێمە مافی خۆیانە لەو دەڤەرە بانگەشە بکەن، بەڵام تا ئەم دەقەیە ڕێ بە ئێمە نەدراوە بچینە شوێنی مەبەستی خۆمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە شنگال''.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە 276 حزب و 44 هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق کە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە بەشدارن و کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمان کە بەسەر 83 بازنەدا دابەش بووە و زیاتر لە 24 ملیۆن کەس لە عێراق مافی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە کە وا بڕیارە لە 10/10/2021 بەڕێوە بچێت.