کتێبی (کۆی بەرهەمەکانی میرزا شەفێع کولیایی) چاپ و بڵاو کرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کتێبی (کۆی بەرهەمەکانی میرزا شەفێع کولیایی) چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی بەنرخی (کۆی بەرهەمەکانی میرزا شەفێع کولیایی) لە کۆکردنەوە و ساغکرنەوە و لێکۆڵینەوەی یەحیا محەمەدی، و بە پێداچوونەوە و هەڵەچنیی عەلی سوهرابی، لە سنە چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەم بەرهەمە بە ئەژماری هەزار نوسخە و لە دووتوێی هەزار و 120 لاپەڕە و لە دوو بەرگ و لەلایەن وەشانگەی (تاڤگە)وە لە شاری سنە لە چاپ دراوە.

میرزا شەفێع کولیایی، شاعیر و کەسایەتییەکی ناوداری کوردە کە بە درێژایی سێ سەدە هێشتا شیعر و بەرهە بەنرخەکانی فەرامۆش نەکراون، هەرچەند خاوەنی زۆرترین بەرهەمی کوردیی ئەدەبی گۆرانییە، بەڵام هەتا ئێستا بەرهەمەکانی بەگشتی کۆ نەکراونەتەوە.

ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ ناساندنی زیاتری شاعیر و بەرهەمەکانی لە دووتوێی دوو بەرگدا کە ناوەرۆکەی بریتییە لە:

۱ــ دیوانی شیعر، ۲ــ شیرین و فەرهاد، ۳ــ نەوفەڵ و مەجنوون، ٤ــ شەماڵ و زەلان، ٥ــ جەنگنامەی خەسرەوخان ئەردەڵان، ٦ــ لەیلی و مەجنوون (هەرچەند ئەم بەرهەمانە پێشتر بە ناوی کەسانی دیکەش بۆ وێنە ئەڵماس‌خان کەنوولەیی)یش بڵاو کراونەتەوە،

هەروەها "نەسێحەتنامە"، یان "زادەلمەعاد"، "مەحشەرنامە"و "وەنەوش و بەڕەزا" کە خاوەن و دانەری سێ بەرهەمی ئاخر جێگای باسن. (هەرچەند چیرۆکەشیعری "وەنەوش و بەڕەزا" لەلایەن دوو هۆزانڤانی دەڤەری ئیلام و ئەیوان (شاکە و خان مەنسوور)یشەوە بە دووقۆڵی کراوەتە بەیتێکی دڵداری.

هەروەها پێڕستی بەشەکان، سێ شیعری دەری و لاواندنەوە، پاشکۆ و فەرهەنگۆک و ئەندێکس و سەرچاوە متمانەپێکراوەکان و سووکەڵەی ناوی سەرچاوەکان و وێنەکانی لەخۆ گرتووە.

بەرهەمەکانی شاعیر لەمانە زیاترن و هەتا ئێستا هیچ دەستنووسێک نەبینراوە کە بە دیاریکراوی تەرخان کرابێت بۆ شیعرەکانی میرزا شەفێع کولیایی، بۆیە زۆر جار شیعرەکانی کراون بە ناوی کەسانی ترەوە، یان بە پێچەوانەوە.

لە خاڵە گرینگەکانی ئەم بەرهەمە؛ شێوەی زانستی، ئەمانەتداریی توێژەر، تێروتەسەلی و داگربوون و تازەیی بابەتەکە و شازبوونی شاعیرە کە یەحیا محەمەدی  چەند ساڵێک بە پەرۆشییەوە خەریکی کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی بووە.

لەبارەی کاتی لەدایکبوون و ڕێکەوتی مردن و قۆناغەکانی ژیانی میرزا شەفێع کولیایی، چەندین سەرچاوە زانیاریی جۆراوجۆریان بڵاو کردووەتەوە وەک مێژووی ئەدەبی کوردی لە نووسینی مارف خەزنەدار، مێژوویی وێژەی کوردیی لە نووسینی سدیق بۆرەکەیی و کەشکۆڵی شاعیرانی هەورامان لە نووسین و ئامادەکردنی محەمەڕەشید ئەمینی و هیچکامیان یەکتر ناگرنەوە.

کوردیی کولیایی ناوی یەکێک لە بنزارەکانی دیالێکتی کوردیی خوارووە کە کوردەکانی ناوچەی سونقوڕ و کولیایی سەر بە کرماشان قسەی پێ دەکەن. کوردیی کولیایی ئەوەندە بە بنزاری کوردیی گەڕووسییەوە نزیکە کە زۆر جار بە ناوی بنزاراوەی کولیایی-گەڕووسی دەناسرێتەوە.