هاووڵاتییانی عەنکاوە: بڕیاری بەقەزابوونی عەنکاوە ویستی پێکهاتەکانە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

هاووڵاتییانی عەنکاوە: بڕیاری بەقەزابوونی عەنکاوە ویستی پێکهاتەکانە

هاووڵاتییەکی عەرەب: عەنکاوە نموونە و ڕەمزی پێکەوەژیانی کوردستانە

دوێنێ دووشەممە لە درێژەی پلان و بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکیدا بۆ ناحیەی عەنکاوە، بڕیاری بەقەزابوونی ناحیەکەی دا و وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگا و دامودەزگانی پێوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەست پێ بکەن.

لەم پێوەندییەدا پەیامنێری (باسنیوز) سەردانی ناحیەی عەنکاوەی کرد و لە نزیکەوە و لەناو بازاڕ ڕای دانیشتوان و بەتایبەتی پێکهاتەکانی ئەو ناحیەیەی لەبارەی ئەم بڕیارەوە وەرگرتووە.

دوێنێ دووشەممە سیما و ڕوخساری هاووڵاتییان و کاسبکار و دانیشتوانی عەنکاوە لەچاو ڕۆژانی دیکە جیاوازە و جموجۆڵ و هاتوچۆ بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژانی دیکە زیاترە و قەرەباڵغی بەناو بازاڕی ناحیەکەوە دیارە.

سەرەتا ڕوومان کردە چایخانەی باخی عەنکاوە و بە سەرنجدانێک دەرکەوت گفتوگۆی بەشێکی زۆری خەڵکەکە لەو چایخانەیە باس و قسەکردنە لەسەر بڕیاری بەقەزابوونی شارەدێیەکە و بەدەم تاوڵەکردن و چاخواردنەوە خۆشیان لە باسەکە دەدا و وێڕای باسکردنی هەڵبژاردن، ئەو بڕیارەیان بۆ بووژانەوەی عەنکاوە بە گرنگ وەسف دەکرد.

No description available.

سەنگ و پێگەی عەنکاوە بەهێزتر دەبێت

لێیان نزیک بوومەوە و لەگەڵ ئەبوو مەتران کە کەسێکی خانەنشین بوو کەوتمە گفتوگۆ، هەرکە زانی ڕۆژنامەنووسم و بۆ ئەو بابەتە ڕووم لە عەنکاوە کردووە، بە ڕووخۆشیەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەم بڕیارە دەبوا چەند ساڵ لەمەوبەر بدرایە، چونکە عەنکاوە هەم لەڕووی مێژوویی و هەم لەڕووی ئاینییەوە گرنگیی خۆی هەیە و ئێستا بووەتە سەنتەری کاریگەری پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان و کورد، مەسیحی و عەرەب و ئاوارەکان تێیدا بێ کێشە دەژین".

ئەو هاووڵاتییە لەبارەی گرنگیی ئەو بڕیارەوە گوتیشی: "ئەم بڕیارە ویستی هەموو پێکهاتەکانی ئەم سنوورەیە و دەمێکە بەتەماین، چونکە هەم لەڕووی سیاسی و هەم لەڕووی ئیدارییەوە سەنگی عەنکاوە بەهێزتر دەکات و ئێستاش کە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەوە بڕیاری دراوە، بێگومان لەڕووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانییەوە کاری باش دەکرێت و بووژانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

 گەنجێک: بەقەزابوونی عەنکاو دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلیکار

رۆدان سوهەیل، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ کەلە کافتریایەک کار دەکات، گوتی: "ئێمەش ئەمڕۆ لەڕێگەی تەلەفزیۆن و میدیاکانەوە لەم بڕیارە ئاگادار بووین و بە بڕیارێکی ئەرێنیی دەزانم، لەبەر ئەوەی ئەگەر عەنکاوە ببێتە قەزا بێگومان لەڕووی کار و پیشەوە ئێرە بووژانەوە بە خۆیەوە دەبینێت و دەرفەت و هەلیکاریش زیاتر دەبێت، لەبەر ئەوەی نزیکی هەولێری پایتەختە و هاوکات شوێنی ژیانی پێکهاتەکانە، ئەم بڕیارە لەم کات و ساتەدا کاریگەریی خۆی لەسەر ژیانی خەڵک دەبێت".

ئاوارەیەکی ڕۆژئاوا: هەشت ساڵە لە عەنکاوەم، بەڵام هەستم بە غەریبی نەکردووە

کازم مەحموود جەمیل، کوردێکی ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان کە لەناو بازاڕی عەنکاوە چایخانەیکی گچکەی هەیە، ڕایگەیاند: "هەرچەند من ئاوارەم و دوور لە زێدی لەداکیبوونی خۆمم، بەلام لە عەنکاوە کە شوێنێکی ئارام و هێمنە، هەست بە غەریبی ناکەم، چونکە لەم هەشت ساڵەدا کە لێرەم عەنکاوە بووەتە جێگەی حەسانەوەم و هاوکات بووەتە سەرچاوەی بژیوی خێزانم، بە سەدان کەسی وەک من کە ئاوارەن لێرە گیرساونەتەوە، لەبارەی بڕیاری بەقەزابوونی عەنکاوە گوتی: "منیش لە دراوسێ و کاسبکارانەوە بیستم، پێم باشە و وا هەست دەکەم ئاوەدانی بەدواوەیە و خزمەتگوزاریی زیایری شارۆچکەکە دەکرێت".

No description available.

هاووڵاتییەکی عەرەب: عەنکاوە نموونە و ڕەمزی پێکەوەژیانە

وەستا زەهیر جاسم، کە خاوەن کەبابخانەی بەرتەلەیە لە عەنکاوە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەڕووی ئیداری و خزمەتگوزارییەوە هەرچی بۆ عەنکاوە بکرێت، هێشتا کەمە و ئەم بڕیارەش هۆی ئەوەی کە پێکهاتەکان لێرە زیاتر هەست بە ئاسوودەیی و پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن. من پێم وایە عەنکاوە نموونە و ڕەمزی شوێنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و یەکتر قبووڵکردنی گشت پێکهاتەکانە لە هەرێمی کوردستان، چونکە هەموان بەبێ هیچ کێشە و گرفت و جیاوازییەکی ئایینی و نەتەوەیی لێرە دەژین، من بۆ خۆم پێنج ساڵە لێرە کاسبم هیچ گرفتێکم بۆ نەهاتووەتە پێشەوە و لێرە لە دەوروبەری مووسڵ و بەرتەلە زیاتر هەست بە ئارامی و ژیانی ئاسوودە دەکەم و خووم بە خەڵک و دەر و دراوسێیەکانم گرتووە".

No description available.

مامۆستایەک: سنوورەکە لەڕووی پەروەردە و کولتوورەوە گەشە دەکات

سڵێوە ڕەمزی مامۆستای ناوەندی و چالاکی فەرهەنگی لە عەنکاوە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "عەنکاوە بۆ هەرێمی کوردستان بووەت ڕەمز و هێمایەکی کولتووری، ئایینییە و ئەم ڕەمزە دەبێ پاڵپشتیی بکرێت و دیارە هەردەم حکوومەتی هەرێم بە چاوی ڕێز و ئەرێنییەوە لەم ناحیەی ڕوانیوە، ئێستاش کە لە کابینەی نۆیەمدا ئەم بڕیارە دراوە، بێگومان بەرنامە و پلانی هەمەلایەنیان بۆی هەیە".

ئەو مامۆستایە ڕاشیگەیاند: "بەڵام من پێم وایە هێشتا کەرتی پەروەردە و لایەنی کولتووری لە سنوورەکە لاوازیی پێوە دیارە و دەبێ بە جدی لەبیری بووژانەوەیدا بن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە کۆنەکان و پەرەدان بە ناوەندە کولتوورییەکان یەکێک بێت لە بەرنامەکانی بەرپرسانی دوای جێبەجێکردنی بڕیاری بەقەزابوونی عەنکاوە و دەبێ چاوەڕوانیی توێژی قوتابی و مامۆستا و خوێندەواران گرنگیی پێ بدرێت".

ئەگەر بەناو عەنکاوەدا دەسووڕێتەوە هەموو سیما و دەموچاوێک لە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەبینێ، هەرچەند ئەم شارەدێیە لە پەنای شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە، بەڵام وەک ناوەندێکی ڕەنگاڵە و سەنتەرێێک فرەنەتەوە کورد، تورکمان، کلد و ئاشوور و عەرەب و تەنانەت ئاوارە و میوانی بیانیش تێیدا دەژین و ئازادی و سەقامگیرییەک کە دامودەزگا خزمەتگوزاری و ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابینیان کردووە، بووەتە هۆی ئەرخایەنی و گرەنتییەک بۆ ژیانی ئاسوودەی دانیشتوانەکەی و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش زیاتر گەشە دەکات و بەم بڕیارەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە کە ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری بە قەزابوونی عەنکاوە بدەن، دەبێتە پاڵنەرێکی گرنگ بۆ ئاوەدانی و بووژانەوەی زیاتری عەنکاوە لە هەموو بوارێکەوە.