شنگال.. پەکەکە پارە دەداتە ئەوانەی ڕێگرییان لە کاندیدانی پارتی کرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

شنگال.. پەکەکە پارە دەداتە ئەوانەی ڕێگرییان لە کاندیدانی پارتی کرد

د.ڤیان دەخیل: دەستبەرداری شنگال نابین

بۆ رێگری لە کاندیدانی پارتی تا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نەگەنە نێو شنگال، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) بڕی 100 دۆلاری بە هەر کەسێک داوە کە چووە ڕێگرییان لێ بکات. هاوکات هێزێکی زۆری بە چەکەوە لە ناوچەکە کۆ کردووەتەوە کە خەڵکی رەسەنی شنگال نین.

د.ڤیان دەخیل، کاندیدی ژمارە 24ی بازنەی 3 لە پارێزگای نەینەوا، کە خەڵکی دەڤەری شنگال لەو سنوورە دەتوانن دەنگی پێ بدەن، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، بەپێی زانیارییەکانیان کە لە زاری ئەو خەڵکەی هێنراونەتە ڕێگەیان بۆ ڕێگری لە بانگەشەی هەڵبژاردن لە شنگال، هەریەکەیان لەلایەن پەکەکەوە بەکرێ گیراون و بڕی 100 دۆلار بە هەر یەکێكیان دراوە. جگە لەوەش، لەدوای ئەوانەوە هێزێکی چەکداری زۆری پەکەکە، کە خەڵکی رەسەنی شنگال نین کۆکراونەتەوە کە لەپشتەوەی ئەو خەڵکانە بوون کە بۆ ئەو کارە راسپێردرابوون.

گوتیشی: ”ئەو دۆخە تا سەر نابێت و دڵنیایی دەدەین بە خەڵکی شنگال، کە دەستبەرداریان نابین و دەگەڕێینەوە، ئەوەی دروست بووە دۆخێکی کاتییە و تەنیا شەرمەزارییان بۆ دەمێنێتەوە“.

ئەو کاندیدەی پارتی، جەختی لەوەش کردەوە کە دوای هەڵبژاردن بێت یان پێش هەڵبژاردن، ئەو دۆخە یەکلا دەکەنەوە، کە بەداخەوە پەکەکە بە زەبری چەک و هێنانی خەڵکی بیانی بۆ شنگالی دروست کردووە، گوتیشی: ”بەو شێوەیە هەڵبژاردن ئەگەر لە شنگال بکرێت و سندووقی دەنگدان دابنرێ، هیچ گومانی تێدا نییە ئەو خەڵکە ئاساییە ناتوانێ بە ئازادیی خۆی دەنگ بدات، پەکەکە کە ڕێگری لە کاندیدی لایەنێکی سەرەکیی وەکوو پارتی بکات، چۆن لە خەڵکی ئاسایی قبووڵ دەکات بە ئازادی دەنگ بدات“.

ئێواره‌ى دوێنێ، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد: "سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، دووی ئۆكتۆبەری 2021، لە دەڤەری شنگال، لایەنێكی چەكدار بە زەبری چەك ‌و هەڕەشە ڕێگرییان لە كاندیدانی پارتی كردووە، كە بەنیاز بوون بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەردانی دەڤەرەكە بكەن".

ڕاگەیەنراوەکە، کە کۆپییەکی تایبەتی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، تیایدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە ئەو هێزە چەكدارە ماوەیەكی دوورودرێژە لەو ناوچەیەدا بە شێوەیەكی نایاسایی خۆی سەپاندووە و ڕێگر بووە لە ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵك بۆ ناوچەكەیان. هەروەها بەشێكیش بووە لە نانەوەی پشێوی و بووەتە كۆسپ لەبەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ، بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال.

هەر لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە جێگەی داخێكی زۆرە هێزێكی ناشەرعی و ناعێراقی بتوانێ بەئاسانی ڕێگری لە ئاساییبوونەوەی ژیانی دەڤەری شنگال بكات و لە هەمان كاتیشدا ڕێگر بێت لە بانگەشەی هەڵبژاردن و ئازادیی ڕادەربڕین كە گرنگترین مافی دەستووری و دیموكراتیی پێكهاتەكانی عێراقە و بەگوێرەی ماددەی 38ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ و ماددەی 22ی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، حكوومەتی عێراقی پابەندە بە پارێزگاریكردن لە كاندیدەكان و كۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن.

هاوکات كەمتەرخەمیی حكوومەتی فیدڕاڵ و سیستەمی ئەمنیی نیشتمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەبەرامبەر ئەو كردەوە ناشەرعی و نابەجێیەی چەكدارانی پەكەكە، بە جێگەی سەرسوڕمان زانراوە.

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، داواشی لە حكوومەتی عێراق و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان کردووە، دەستبەجێ ئەم ڕێگرییەی چەكدارانی پەكەكە و پێشێلكاریی هاوشێوە لە دەڤەری شنگال و سنووری پارێزگای نەینەوا بوەستێنن و سەرپێچیكاران بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن و كەشێكی لەبار بۆ پیادەكردنی مافەكانی خەڵك و پڕۆسەی دیموكراتییانەی هەڵبژاردن بڕەخسێنن، چونکە بەردەوامبوونی ئەم پێشێلكارییە تاوانە بەرامبەر بە پڕۆسەكە و مافەكانی خەڵك و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و چیتر قابیلی قبووڵ نییە.