كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
بەرهەم عەلی 04/10/2021

حزبی بێ مواسەفات!

ئەوە دە دوازدە رۆژێكە، لای یارانی كەسكی یەكێتییەوە، هەرچی دەم دەكاتەوە بە پارتیدا دەڕشێتەوە. زۆر سەیرە! وەزیر و گزیر، مەسئوول و مودیر، پەرلەمانتار و عەسكەرتار، گەندەڵ و پاتاڵ، قاچاخچی و تەزویرچی، لێخراو و سەرخراو، كاندید و ماندید، شاناز و بێناز، سێبەر و بێبەر، پیرە و میرە، لەنێو یەكێتیدا كە دەئاخڤن، كەسیان لە بانگەشەی هیچ هەڵبژاردنێكدا، ئاوازێكی تازەیان بۆ ئەم میللەتە پێ نیە، جگە لە دەهۆڵە دڕاوەكەی كە ساڵانێكە دژی پارتی دەیكوتن و گوێی ئەندامانی خۆیانیان پێ كاس كردووە.

وەك ئەوەی هەموو ئەو خەبات و شۆڕشەی كە یەكێتی ساڵانێكە ئیدیعای دەكات، هەموو ئەو هەزاران شەهیدەی لە ریزی ئەو حزبەدا خۆیان بەخت كردووە، هەموو ئەو شەریكایەتیەی یەكێتی لە كابینەكانی حكوومەتی لەگەڵ پارتی كردووێتی، هەر هەمووی بۆ كۆتاییهێنان بە پارتی ئەمەیان كردبێت! وەك ئەوەی هەموو ئەو دژایەتی و شەڕەی دەسەڵاتدارانی عێراق بە درێژایی سەد ساڵ دژی كورد و كوردستان كردوویانە، پارتی هان و دنەی بەغدای دابێت!

لەوەش سەیرتر ئەوەیە، كە ئەو ئاوەی یەكێتی دەیڕژێنێت، هەرچی حزب و حزبۆكەیەك لە سلێمانی سەر هەڵدەدات، پێی لێ دەخشێنێت! تەنانەت لە هەموو كۆنگرەی ئەو حزبانەدا بە یەكێتییشەوە، ئەوەی زۆرترین قسە دژی پارتی بكات، ئەوە زۆرترین دەنگ دەهێنێت بۆ سەركردایەتیی حزبەكەی! ئەرێ پێم بڵێن ئێوە حزب بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و گەیاندنی ئەم میللەتە بە كەناری ئارام، دادەمەزرێنن، یان بۆ دژایەتیی پارتی؟ ئەرێ ئێوە كاتێ كاندید سەر دەخەن بۆ پەرلەمانی بەغدا، دەتانەوێ شەڕی وەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، یان شەڕی پارتی بكەن؟ تووخوا عەیب نیە، لە سەدەی ٢١دا و پاش ئەو هەموو هەڵبژاردنە، خۆت هیچ پرۆژەیەكت نەبێ و هەوڵ بدەیت لەسەر حسابی دژایەتیی حزبێكی تر دەنگ كۆ بكەیتەوە!

لە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، كە هەگبەت بەتاڵ بوو، كە خۆت گومانت لە مێژوو و ئێستا و ئایندەی حزبەكەی خۆت هەبوو، كە پێت وابوو هیچی باشت پێشكەش بە خەڵكی كوردستان نەكردووە، كە حزبەكەت لەناوەوە سەدان كێشە و تەكەتول و بەربەرەكانێی تێدابوو، كە خەڵكی كوردستان و دەنگدەرانت بە گێل و نەفام و نەزان زانی، كە یادگەی خەڵكت بە لاواز و بەتاڵ زانی، كە حزبی بێ مواسەفات بوویت، دەبێ رێك وەكوو ئەم چەند رۆژەی سەركردەكانی یەكێتی قسە بۆ هەوادارانت بكەیت، ئەوەش عیللەتە گەورەكەیە كە خەریكە ئەو حزبە و زۆنی سەوزیش لە هەموو ڕوویێكەوە دادەڕزێنێت.

ئێوە سەیری ئەم پەروەردەیە بكەن، كە لەنێو یەكێتیدا بەردەوام پەرە و گەشەی پێدەدرێت! لە رۆژانی پاش رووداوەكانی هەشتی تەمووزی ئەمساڵی سلێمانیدا، بەعزە شەوێك خەڵكانێكی یەكێتی، بە هەڵپە دەچوونە گردەكەی سەرچنار و لای هۆتێلی لالەزار، لەوێ وەلا و لایەنگریی خۆیان بۆ هاوسەرۆكی لێخراو پیشان دەدا، ئەوەندەی لە سۆشیال میدیاوە گوێم لە قسەی ئەو خەڵكە دەگرت، هەموویان دەیانگوت: ”ئێمە پشتیوان و لایەنگری هاوسەرۆكی لێخراوین، چونكە هاوسەرۆكی لێخراو، باشترین دژایەتیی پارتی دەكات!“، وەك ئەوەی شاری سلێمانی و زۆنی سەوز، هیچ كێشەیەكی بێخەدەماتی و تاوان و تیرۆر و گەندەڵی و دزی و قاچاخچێتی و تلیاكچێتی و تەزویرچێتی و داگیركاری و هەڵكوتانە سەر بازرگانان و كامێرای نهێنی و ڤیدیۆی ئابڕووبەری نەبێت و تەنیا كێشەی ئەو شارە و ئەو زۆنە، هەبوونی پارتی بێت.

ئەو قسانەی لایەنگرانی هاوسەرۆكی لێخراو كە لە گردەكەی سەرچنارەوە دەیكەن، مانایەكی تریشی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە هاوسەرۆكی لێخراو، هیچ مواسەفات و خەسڵەتێكی باشی تێدا نیە، هیچ شتێكی باشی نە بۆ كورد و نە بۆ كوردستان و نە بۆ یەكێتی و نە بۆ سلێمانی و نە بۆ زۆنی سەوز نەكردووە، تاكە فەزڵ و سیفەتی باشی ئەوەیە كە دژایەتیی پارتی دەكات! واوووو... ئەمە چ پەروەردەیەكی حزبیە؟

ئەگەر كەسێك شارەزای بارودۆخی بیست سی ساڵی رابردووی هەرێمی كوردستان نەبێت، كاتێ ئەم قسانەی سەركردەكانی یەكێتی دەبیستێت، رەنگە پێی وابێت، یەكێتی یان گۆڕان یاخود ئیسلامیەكان، بە دووركەوتنەوە لە پارتی، ژمارەی كورسییەكانیان دوو هێندە زیادی كردووە و كۆتایی بە تەكەتولاتی نێوخۆییان هاتووە و ئیتر گشەیان كردووە! لە كاتێكدا رێك پێچەوانەكەی تەواو و دروستە.

لە كۆتاییدا، دێمە سەر بابەتێكی هەستیارتر و هەوڵ دەدەم پرسیارێكی ماقووڵیش بكەم؛ بێگومان مەعلوومە ئەوەی كە هاوسەرۆكی گردەكەی سەرچناری لە كار و لە هەموو دەسەڵاتەكان خست، كاك باڤڵ و كاك قوباد تاڵەبانیی كوڕانی مام جەلال بوون، ئەوە ئەوان بوون گوتیان: ”هاوسەرۆكی لێخراو و براكانی، ژەهرخواردیان كردووین، جاسووسیان لە ماڵی مام جەلال داناوە، سەرانەیان لە بازرگانانی شار سەندووە، هەزاران ناسنامەی بێبنەمای دژەتیرۆر و دەزگای زانیارییان بە خەڵكی خراپ داوە، قاچاخچێتیی شمەكی قەدەغە و خۆراكی ماوەبەسەرچوویان كردووە، دەستیان بەسەر ماڵ و موڵكی خەڵكدا گرتووە، لە فڕۆكەخانەی سلێمانیەوە زێڕی قاچاخیان بردووە بۆ وڵاتان، سەدان پەیجی بێ دایكوباوكی فەیسبووكیان دروست كردووە بۆ هێرشكردنە سەر سەركردەكانی یەكێتی و حزبەكانی تری كوردستان و... هتد“ ئێ ئەگەر وایە دەستتان خۆش بێت كە لەكارتان خست، بەڵام من تێناگەم بۆچی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا و كە دێنە سەر باسی پارتی، قوباد تاڵەبانی و سەركردەكانی ئێستای یەكێتی، هەموویان رێك وەكوو هاوسەرۆكی لێخراو و بەو ئاستە نزمە قسە و بانگەشە دەكەن؟