17 هه‌زار كارتی نیشتمانی دەدرێتەوە هاووڵاتییان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

17 هه‌زار كارتی نیشتمانی دەدرێتەوە هاووڵاتییان

 بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان، ئاشكرای دەكات دوای ماوەیەكی زۆر، لە بەغداوە 17 هەزار كارتی نیشتمانی دەگەڕێتەوە و دەدرێتەوە هاووڵاتییان.

لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: " 17 هەزار كارتی نیشتمانی گەڕاوەتەوە و لە هەفتەی داهاتوو دا دەدرێتەوە خەڵكی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان".

روونی كردەوە" ئەو 17 هەزار كارتە خاوەنداریەتی بۆ ئەو كەسانە دەگەڕێتەوە كە  لە چەند مانگی رابردوودا مامەڵەیان پێشكەش كرد بوو چاوەڕوانی كارتەكانیان بوون".

بۆ كارتی  نیشتمانی عێراق لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەڵمانی گرێبەستێكی كردبوو، بەڵام بەهۆی كێشەی دارایی  ئاستەنگ بۆ مامەڵەی هاووڵاتییان دروست بووە و كارتەكان درەنگ لە بەغدا تەواو دەبن.

هێرش ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو: "عێراق و كۆمپانیا ئەڵمانییەكە گەیشتوونەتە رێككەوتن و بڕیارە وەكوو پێشووتر لە ماوەی چەند رۆژێك كارتەكان لە بەغدا بگەرێنەوە، كە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بە چەند مانگ كارتەكان نەدەگەڕانەوە، بەڵام بڕیارە لەمەودوا لە پێنج رۆژ بۆ هەفتەیەك كارتەكان بگەڕێنەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان گوتی: "دواكەوتنی هاتنەوەی كارتی نیشتمانی پەیوەندی بە بەغداوە هەیە، بەهۆی ئەوەی چاپكردنی كارتەكە لە بەغدایە بۆیە تاوەكوو بەغدا چاپی نەكات ناگەڕێتەوە".

لیوا هێرش ئەحمەد،  گوتیشی:" بە پێی  بڕیاری بەغدا  تاوەكوو 10ی 10  دەركردنی كارتی نيشتمانی  راگیراوە ئێمەش کارەکانمان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رادەگرین و دوای 10ی ئۆکتۆبەر دەست بە کار دەکەینەوە".

لە بنكەكانی كارتی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان مامەڵەی هاووڵاتییان وەردەگیرێت و لە رێگەی تۆڕێكی كۆمپیوتەری بەستراو بە ئینتەرنێت دەنێدرێت بۆ بەغدا