قۆناغی دوای سەید سیستانی.. پرسیارە گەورەکەی ئایندەی عێراق
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بێوار ڕه‌حمان 03/10/2021

قۆناغی دوای سەید سیستانی.. پرسیارە گەورەکەی ئایندەی عێراق

بە شێوەیەکی گشتی، ئاسانە تەماشا و شرۆڤەی کارەساتە مرۆیی و ئابوورییەکان لە عێراق بکەین، بۆشایی سیاسی و ئەمنی و سەربازی بەهۆی ململانێ تایەفی و جیاکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبینین، بەڵام دیوێکی گرنگ و قسە لەسەرنەکراوی ڕووداوەکان، ئەو ناهاوسەنگی و ڕاڕاییەیە لەنێوان حەوزەکانی (قوم - نەجەف - مەشهەد)دا.

پرسیار و بایەخی گەورەی ئێران بریتییە لە ئایندەی ململانێکانی قوم و نەجەف، ئەمەش ڕاستەوخۆ بەستراوە بە کاریزما و قووڵایی مێژوویی (ئایەتوڵا عەلی سیستانی)یەوە، سیستانی بوو نەیهێشت عێراقی دوای سەدام ببێتە ویلایەتی فەقی و ببێتە دەوڵەتێکی تەواو دینی و ئایین باڵادەست بێت بەسەر هەموو دامەزراوەکاندا، حەوزەی نەجەف بەردەوام لە ململانێدایە لەگەڵ حەوزەی قوم و مەشهەد، سەید سیستانی فاکتەرێکی گەورەی تێکنەچوونی ماڵی شیعی بووە لە عێراقدا، بەڵام ئایا بە نەمانی ئایەتوڵڵا سیستانی، عێراق دەبێتە چۆن گۆڕەپانێک؟

یەکەم: ئایەتوڵا عەلی سیستانی

ناوی تەواوی ”عەلی کوڕی محەمەد باقر کوڕی عەلی حوسەینی سیستانی“یە. لە (٤ی ئابی ١٩٣٠) لە شاری مەشهەد لە ئێران چاوی بە ژیان هەڵهێناوە. لە ڕۆژگاری ئەوکاتی ئێرانی پەهلەوییدا هاتە ئەم دونیایەوە و ساڵی (١٩٥١)یش ڕووی کردووەتە شاری نەجەفی ئەشرەف. ئەو جگە لەوەی باوک و باپیری پێگەی ئایینییان هەبووە، لە تەمەنی (٥) ساڵیەوە دەستی کردووە بە خوێندنی قورئانی پیرۆز، ئەویش لەسەر دەستی زانایان؛ سەید مەهدی ئەسفەهانی، حوسێن بڕۆجەردی، محەمەد حوججەی کۆهکەمەری، ئایەتوڵا ئەبوو لقاسمی خووئی، سەید حسێن حیللی و چەندان زانای گەورە، بە بواری جیاجیای حەوزەیی ئاشنا بووە.

سەید سیستانی، لە ساڵی (١٩٦٤)ەوە، دەستی بە نووسین و لێکۆڵینەوە و وتاردان لە بواری فیقهی جەعفەری و بڵاوکردنەوەی هزری ئایینی و دادوەری لەنێو کۆمەڵگەدا کردووە. لەسەر ڕاسپاردەی باوکی، دەستی بە شارەزابوون لە کاروباری حەوزەیی کردووە، هەر لە سەرەتاوە چەندین پەرتووکی کاریگەری خوێندووەتەوە، لەوانە (شرۆڤەی ئەلفییە، سەییوتی، المغنی- ابن هشام، المطول- ی تفتازانی، مقاماتی حریری). پاشان (شرۆڤەی نیزام)ی زانای گەورە نەیساپووریی خوێندووە. ئنجا  (شرۆڤەی لەمعە و قوانین)ی لای سەید ئەحمەدی یەزدی خوێندووە. هەروەها (مەکاتب و رەسائیل) و (کفایە)ی لای  ئایەتوڵا میرزا هاشمی قەزوینی خوێندووە. جگە لەمانەش، کۆمەڵێک پەرتووکی پڕ بەهای فەلسەفیی وەکوو (شرۆڤەی مەنزوومەی سەردەواری و شرۆڤەی ئیشراق و ئیسفار)ی لای زانای ناودار ئایسی و (فوارقی ئیلهام)یشی لای خوالێخۆشبوو موجتەبای قەزوینی خوێندووە.

دووەم: سیستانی و ئەزموونی قوم

سەید عەلی سیستانی، لە کۆتاییەکانی ساڵی (١٩٤٩)دا چووەتە حەوزەی پیرۆزی قوم و لەوێش ئامادەی وانەکانی زانای گەورە سەید حسێن تەباتەبائی برۆجەردی لە بواری (فیقهو ئوسوڵ) بووە، لەو ماوەیەدایە هەگبەیەک پڕ لە زانیاری لە زانستی فەرموودە بەدەست دەخات. ئیتر بەرە بەرە زرنگی و هۆشیاریی سەید عەلی سیستانی بەسەر هاوپۆلەکانیدا بەدیار کەوت و بە بەهێزیی بیر و دید و بۆچوون و وردبوونەوە و گەڕان و پشکنین و قووڵبوونەوە لە بابەتەکان ناسرا. ئەوەی لێرەدا ڕاستییەکان دووپات ئەکاتەوە، ئەوەیە سیستانی لە تەمەنی (٣١) ساڵیدا لەسەر دەستی هەردوو زانای کۆچکردوو سەید خووئی و شێخ ئەلحلی بڕوانامەی (ئیجتیهادی ڕەها)ی بەدەست هێناوە.

سێهەم: سیستانی و ڕۆژگاری فەرمانڕەوایی بەعس

لە سەرەتای پەنجاکان و لە گەرمەی ململانێی سیاسی و ئایدۆلۆژیی نێوان شیوعیەت و تەوژمی خۆرئاوای دوای دوو جەنگە جیهانییەکە، هاوکات ململانێی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی جیهانی عەرەبی و هاتوهەرای چەپی نەتەوەیی و قیادەی قوتری و بەعسیەکاندا، بەتایبەتیش ململانێی دوو کاراکتەری بەهێزی وەک (جەمال عەبدولناسر و عەبدولکەریم قاسم)دا، ئەو کاتانەی بەعس سەرەتاتکێی ئەکرد بۆ بڵاوبوونەوە لەناو کۆمەڵگەی عێراقیدا. لەو ماوەیەدا، سەید عەلی سستانی، سەرقاڵی لێکدانەوە و تەتەڵەکردنی پەرتووکەکانی وەک «مارکسیزم و بیری نەتەوەیی فەلسەفی» بووە.

لەو کارەشدا زۆر سەرکەوتوو بوو بە گونجاندنی پرەنسیپی هەرسێ خوێندنگەی (مەشهەد، قوم، نەجەف) و بایەخی مێژوویی و ئایینییان، لە کاتی بەرپابوونی شۆڕشی ئێراندا و سەرکەوتنی شۆڕشەكە، ڕژێمی بەعس کەوتە وێزەی حەوزەی نەجەف، بەعس دەیویست حەوزەی نەجەف بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکار بهێنێت، لێرەدا حەوزەی نەجەف کەوتە نێوان بەرداشی ملکەچکردن بۆ بەعس و بڕیاردان لە دژی ئەو ڕژێمە دڕندەیە و پاراستنی کەسایەتی و بێلایەنی و هەڵوێستی ئایینیی دروستی خۆی.

مکوڕبوونەکانی حەوزەی نەجەف لەسەر داکۆکیکردن لە خۆی و پرەنسیپەکانی، وای کرد ڕژێمی بەعس بە دەیان شێوەی جۆراوجۆر بکەوێتە وێزەی سەید سیستانی و حەوزەی نەجەف:

بۆ نموونە، هەر لە سەرەتاوە کە ڕژێمی بەعس، نەیتوانیی ئایەتوڵا  خووئی مەرجەعی باڵا لە عێراق دەربکات. ڕاستەوخۆ پەلاماری نووسینگەکەیان دا، کاتێکیش کە کەسە نزیکەکانی هەوڵیان دا ئەو بڕوایەی بۆ دروست بکەن تاوەکوو عێراق بەجێ بهێڵێت، بە هیچ شێوەیەک ڕازی نەبوو، لە وەڵامدا گوتی: ”ناهێڵم ڕۆژێک لە ڕۆژان بگوترێت حەوزەی پیرۆزی نەجەف ئایەتوڵا تووسی بونیاتی ناو خووئی وێرانی کرد“. دوای ماوەیەک ئایەتوڵا خووئی نەخۆش کەوت و نەیتوانی ئیمامەتیی نوێژکەران بکا، هەر بۆیە داوای لە سەید سیستانی کرد، ئەو كارە بكات، بەڵام لەپێناو خۆ بەدوورگرتن لە پلە و پایە و ڕێزی زۆری بۆ مامۆستاکەی، سەید سستانی ڕازی نەبوو، ئیتر دوای تێکچوونی تەواوی ڕەوشی تەندروستی ئیمام خووئی، بە ناچاری ئەو پلەیەی لە ساڵی (١٩٩٢) قبووڵ کرد.

بەعس کەمی بەرانبەر حەوزەی نەجەف نەکرد، لە تۆمەت و ناوزڕاندن و تیرۆری کەسێتیەوە تا دەگاتە تیرۆرکردنی فیزیکی و لەسێدارەدانی کەسایەتیە ناودارەکانی شیعە و ڕاوەدوونانی خوێندکارەکانی حەوزەی نەجەف و تێکدان و وێرانکردنی چەندین خوێندنگە و مزگەوتی مێژوویی و ناوەندە ئایینییەكان. لەم قۆناغەشدا سەدان کەسایەتی و خانەوادەکانیان لە بەندیخانەکان شوێنبزر کران و چەندانی تریش لەسێدارە دران، کە چەندین زانا و ئایەتوڵای پایەبەرزی تێدا بووە.

لەگەڵ داکیرکردنی کوێت و پاشان هێرشی هاوپەیمانان و هەڵایسانی ڕاپەڕینی شەعبانیی گەلی عێراق لە باشوور، دواتریش شکستی ڕاپەڕینەکە و پەلاماری دڕندانەی ڕژێم بۆ سەر نەجەف و کەربەلا کە دوو شاری هەرە پیرۆزی پێڕەوكارانی شیعەیە لە ناوچەکەدا، جگە لەوەش ئایەتوڵا خووئی و سەید سیستانی دەستبەسەر کران و ئەشکەنجە دران. لەو سەروبەندەدا سەید خووئی وەفاتی کرد و ڕژێم ڕێگەی نەدا بە شێویەکی شیاو ئەسپەردە بکرێت و مەراسیمی بەخاک سپارنی قەدەغە کرد.

هەر لەم ماوەیەدا، دەیان پیاوی گەورەی ئایینی - شیعی لە لایەن بەعسەوە لەناو بران.

بۆیە دەزگاکانی ڕژێمی بەعس، زیاتر کەوتنە پیلاندانان بۆ لەناوبردنی سەید سیستانی، بەم جۆرە کەسایەتیی سەید سیستانی بە تەنیا لە ماڵە سادەکەی خۆی مایەوە و عێراقی بەجێ نەهێشت، چونکە لای وابوو ”خوای گەورە چی بۆ نووسیبێت بەوە ڕازییە“، ئیتر ئاوها ڕەوشەکە درێژەی کێشا تا بەهاری ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ.

چوارەم: فتوا و هەڵوێستەکانی سیستانی دوای ٢٠٠٣

بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بە یاسای بەڕێوەبردنی کاتیی عێراق ٢٠٠٣.

بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بە پەلاماردانی کڵێساکانی مووسڵ و بەغدا - ٢٠٠٤.

بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ٢٠٠٤.

ڕاگەیاندنی وتەبێژی فەرمیی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بە وتەکانی تایبەت بە دەستووری عێراق ساڵی ٢٠٠٥.

لێدوانی وتەبێژی فەرمیی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بە کارەساتی ”پردی الائمە“ی کازمییە لە ساڵی ٢٠٠٥.

بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی لەبارەی پەلامارە تیرۆریستییەکانی سەر هەردوو مەزاری ئیمامانی عەسکەری لە ساڵی ٢٠٠٦.

نامەی سەید سیستانی بۆ گەلی عێراق، لەبارەی خۆپاراستن لە ئاشووب و فیتنەی تائیفی لە ساڵی ٢٠٠٦.

چاودێریی بەرفراوانی منداڵانی بێ باوک و بێ سەرپەرشت لەڕێگەی دامەزراوەی (العین) کە لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە.

بەیاننامەی سەید سیستانی سەبارەت بە یەکبوونی ئیسلامی و لە گۆڕنانی فیتنەی تائیفی ساڵی٢٠٠٧.

بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بە ڕێککەوتنامەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق ساڵی ٢٠٠٨.

بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ساڵی ٢٠٠٩.

بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠.

بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی هەینی ساڵی ٢٠١١.

بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بە پێشهاتە ترسناکەکانی پارێزگای نەینەوا  لە ساڵی ٢٠١٤ و دەرکردنی فەتوای جیهادی کەفائی.

وەڵامدانەوەی بڕیار و هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا لەبارەی داننان بە شاری قودس وەک پایتەختی ئیسڕائیل ساڵی ٢٠١٧.

وتاری سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا لە کەربەلا ساڵی ٢٠١٧.

بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ساڵی ٢٠١٨.

پشتگیریکردنی کارمەندانی تەندروستی و ناونانی هەر یەکێک لەوانە بە (شەهید) لە کاتی گیان لەدەستدانی هەر یەکێکیان بەهۆی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.

فەتوای هاوکاریی کۆمەڵایەتی بۆ زیانلێکەوتوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

ئاستی کاریگەریی و کاریزمایی سەید سیستانی لە عێراق دا زۆر گەورەیە، لە ئان و ساتی داگیرکردنی عێراق لە ساڵی (٢٠٠٣)دا شیعەکان بڕیاریان دا بە چەک ڕووبەڕووی ئەمریکیەکان ببنەوە، بەڵام دوای سەردانی پۆل بریمەر و چەندین کاراکتەری بەریتانی بۆ لای ئایەتوڵا سیستانی، شیعەکان دەستیان لەم کارە هەڵگرت.

لە تازەترین ڕووداوی بێوێنەدا سەردانی پاپای ڤاتیکان کە نوێنەرایەتیی مەسیحییەکانی جیهان ئەکات، سەردانی عێراقی کرد لەم ساڵی (٢٠٢١)ەدا چووە ماڵەکەی سەید سیستانی. ئەوە یەکەمین جارە گەورەترین ڕابەری ڕۆحیی مەسیحییەکان لە جیهاندا لەگەڵ گەورەترین مەرجەعی شیعە چاویان بە یەک بکەوێت! ئەمە جگە لەوەی سەید سیستانی پێگەیەکی گرنگی لە لای خۆرئاوا هەیە و نووسینگەی خۆی لە زۆربەی وڵاتانی وەکوو فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا هەیە.

لە هەر لایەکیەوە لێی بڕوانیت، سیستانی وەک هێزێکی پەنهانی یان ئاشکرا و بەرجەستە دێتە پێش چاو، تاکە یەک بەرپرسی عێراق نایبینێت، تەنها نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئەبینێت (ساڵانە جارێک بۆ دوو جار). تا ئێستا ئەم زاتە کاریگەرە ناسنامەی نییە و تەنیا ئیقامەیەکی هەیە، تا ئێستاش کرێچییە لە خانوویەکدا کە ڕووبەرەکەی تەنیا (١٢٠) مەترە، دوو کوڕی خۆی (سەید محەمەد ڕەزا و سەید محەمەد باقر) بەردەوام لەگەڵیدان.

دەرئەنجام: ئایا دوای سەید عەلی سیستانی، ئێران ئایەتوڵاکانی قوم دەهێنێت بۆ نەجەف؟

تەمەنی سەید عەلی سیستانی (٩٠) ساڵی تێپەڕاندووە، تەندروستیی ڕێگەی نادات وەکوو پێشووتر بەرەنگاری رووداوەكان ببێتەوە. عێراق بۆ خۆی لە ڕووی سیاسی و تایەفی و ئابووری و تەندروستییەوە، ڕۆژگارێکی تا ئەوپەڕی دژوار بەڕێ دەکات. عێراق لە ناوخۆدا دەیان و بگرە سەدان گرووپی چەکداری جیاجیای تێدایە کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی شەرعیەتی حکوومەتیدان، سەروەری بۆ عێراق تەنیا وەک دروشمێكی بێ مانا ماوەتەوە. ئایا ئاوابوونی کاریزمایەکی ئایینی و کاراکتەرێکی ئاوها بەهێزی وەک سەید سیستانی، چی لە دۆخی عێراق دەکات؟

ڕەنگە، بەهێزترین و بەردەستترین بژارە هەر ئەوە بێت ئێران لەمەشیاندا دوا گۆڵی خۆی لە عێراقدا تۆمار بکات، ئەوەش بە گواستنەوەی مەرجەعیەتی نەجەف بۆ قوم، یان هێنانی کەسانی وەک سەید سادقی شیرازی، ئایەتوڵا وەحید خۆراسانی، ئایەتوڵا مکارم شیرازی، مەحموودی شەهروودی، ئایەتوڵا نووری هەمەدانی و ئایەتوڵا سافی گولپایکانی بۆ جێگرتنەوەی ئایەتوڵا سیستانی. بژارە و پرسیارێکی تر ئەوەیە، لەناو عێراقدا جێگرەوەی سەید سیستانی دیاری بکرێت، بۆ نموونە، شێخ ئیسحاق فەیاز کە ئێستا لە شاری نەجەفە و لە بنەڕەتدا خەڵكی ئەفغانستانە، شێخ بەشیر نەجەفی کە خەڵکی پاکستانە، ئەمانە ئەو پێگەیە بگرنە ئەستۆ؟ یاخود موقتەدا سەدر و ئەهالی سەدر ئەو هێزە بە خۆیان بدەن و جڵەوی مەرجەعیەتی نەجەف وەربگرن.

نەمانی ئایەتوڵا سیستانی لە گۆڕەپانەکەدا بێ ئەندازە کاریگەریی لەسەر دۆخی عێراق دەبێت، کاریگەریی خراپی لەسەر ماڵی شیعە لەلایەک، ناکۆکیی عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە لەلایەکی تر دەبێت، سەید سیستانی تا هەنووکە هیچ هەڵوێست و فتوایەکی دژی گەلی کورد نەبووە، لە پرسی چەسپاندنی فیدراڵییەت و دەستووردا سیستانی ڕۆڵی هەبووە، لە پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە دژی كورد هیچی نەگوت، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین لە سەروبەندی هێرشی حەشدی و هێزە عێراقیەكانیش بۆ سەر كەركووك و شارەكانی تری هەرێمی كوردستانیشدا، هیچ دەنگی لێوە نەهات.