لە كابینەی نۆیەمدا 50 پڕۆژەی رێگاوبان بە درێژایی هەزار و 108 كیلۆمەتر جێبەجێ كراون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە كابینەی نۆیەمدا 50 پڕۆژەی رێگاوبان بە درێژایی هەزار و 108 كیلۆمەتر جێبەجێ كراون

"لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین چەند پڕۆژەیەكی گرنگ جێبەجێ دەکرێن"

بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیه‌نێت، لە كابینەی نۆیەمدا، 50 پڕۆژەی رێگاوبان بەدرێژایی هەزار و 108 كیلۆمەتر جێبەجێ كراون. ئاشكراشی دەكات، لە سلیمانی و گەرمیان و راپەڕین چەند پڕۆژەیەك لەژێر جێبەجێكردن و تەواوبووندان.

50 پڕۆژە بە بودجەی 711 ملیار و 480 ملیۆن دینارجێبەجێ كراون
ئاگرین عەبدوڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە مانگی تەمووزی 2019وە تاوەكوو ئێستا، لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نزیكەی 50 پڕۆژەی ڕێگاوبان بەدرێژایی هەزار و 108 كیلۆمەتر، بە بودجەی 711 ملیار و 480 ملیۆن دینار، لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە جێبەجێ كراون".
لەبارەی وردەكاریی پڕۆژەکانی رێگاوبان، گوتی: "ئەم پڕۆژانە، ڕێگای جۆراوجۆر و چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوە و قیڕكردن لەخۆ دەگرێت، كە گرنگترینیان ڕێگای (هەولێر – گۆپاڵ)ە، كە بەشێكە لە دووسایدی ڕێگای نێوان شاری هەولێر و شاری دهۆك و بە شادەمار و ڕێگایەكی سەرەكی دادەنرێت، هەروەها ڕێگای چڕە و چەمی پێ دەگوترێت و ڕێگایەكی دووساید بوو و تەواو كرا، ئەمە وێڕای ڕێگاكانی هەردوو دیوی تونێلی پیرمام، ڕێگای زاخۆ- باتێلیش تەواو بووە و بە ڕووی هاتوچۆی هاووڵاتییاندا كراوەتەوە.

چەندین پڕۆژە لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین
ئاگرین عەبدوڵا، سەبارەت بە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، گوتی: "زۆر لەو پڕۆژانەی كارمان لەسەر كردووە، لەپێشوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە ڕێژەی جێبەجێكردنیان نەچووبووە پێش، لەم ساڵ و لە ساڵی ئایندەی 2022 دا سەرجەم ئەو پڕۆژانە جێبەجێ دەكرێن. گرنگترینی ئەو پڕۆژانەش بریتین لە:
- رێگای كەلار- كفری، بەدرێژایی نزیكەی 26 كیلۆمەتر و بە تێچووی 53 ملیار دینار و پڕۆژەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە.
- ڕێگای دوكان– چوارقوڕنە، قۆناغی یەكەم بەدرێژایی 18 كیلۆمەترە و بەتێچووی 51 ملیار دینار و بە دووسایدكردن و قیرتاوكردنە و لە دوا قۆناغەكانی كۆتاییدایە و لە دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت.
- رێگای هەڵەبجە– سەیدسادق، كە هێشتا تەواو نەبووە و ئیشوكاری تێدا ماوە و بڕیارە لە دوو مانگی دیكەدا بە فەرمی بكرێتەوە. ئەم ڕێگایە ڕۆڵی گرنگی هەیە لە دووسایدكردنی نێوان هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای سلێمانی.
- رێگای پێنجوێن– باشماخ، بە تێچووی 35 ملیار دینار، كاری تێدا دەكرێت و لە ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت.
- رێگای دوكان– چوارقوڕنە، كە قۆناغی دووەمی ڕێگای نێوان سلێمانی- ڕاپەڕینە و بەدرێژایی 23 كیلۆمەتر و بە تێچووی 56 ملیار دینارە، ڕێگاكە كاری باشی تێدا دەكرێت و لە ساڵی داهاتوودا بە ڕووی ڕێبواران و گەشتیاراندا دەكرێتەوە.

" له‌ کابینه‌ی نۆیەم بۆ ڕێگه‌وبان کاری زۆر باش کراوه‌"
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی ئەوەی خستە ڕوو: "له‌ کابینه‌ی نۆیەمی حکوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، بۆ ڕێگه‌وبان کاری زۆر باش کراوه‌ و ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر پڕۆژه‌ی رێگاوبان جێبه‌جێ کراون، كە بەشێکی ئەو پڕۆژانەی تەواو نەکرابوون، تەواو کراون و کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێی ڕێگه‌وبانیش جێبەجێ کراون، بەردەوامیش دەبین لە کارکردن بۆ ئەوەی ڕێگه‌ی نوێ دروست بکەین".

No description available.