لە بانگەشەدا، تەنیا پارتی باس لە پرۆژە و دەستكەوت و ئامانج و مافی خەڵك دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە بانگەشەدا، تەنیا پارتی باس لە پرۆژە و دەستكەوت و ئامانج و مافی خەڵك دەكات

خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو رۆژەکانی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق دەچن و بە بڕوای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی، زۆر لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بە شێوەی ناشارستانی و نادیموکراسییانە بانگەشەی هەڵبژاردنیان کردووە، لەبری ئەوەی روویان لە بەدەستهێنانی مافەکانی میللەتەکەیان بێت لە بەغدا، بەبێ خستنەڕووی هیچ پڕۆژەیەک، رووی قسەکانیان تەشهیر و جنێو و نادیموکراسییانە بووە، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان نەبێت، کە بەشێوەیەکی سیاسی و دیموکراسییانە روو لە بەغدا، بانگەشەی خۆی کردووە.

هەڵبژاردن لە عێراقە و ڕووی لایەنەکان لە پارتی!

وا بڕیارە 10-10ی ئەم مانگە، پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، لەپێش جەژنی قوربانیشەوە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەرگای بانگەشەی بە ڕووی لایەنە سیاسییەکاندا کردووەتەوە، کە لە مێژووی هەڵبژاردن لە عێراقدا، لەدوای پڕۆسەی ئازادکردنیەوە لە دەستی رژێمی پێشوو، ئەوە یەکەمین هەڵبژاردنە وادەی بانگەشەی بەو شێوەیە دوور و درێژ بێت. چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە، جگە لە پارتی، کە بەشێوەیەکی ئەرێنی سوودی لەو کاتەی بانگەشە بینیوە و بەرنامەی خۆی بە روونی بۆ خەڵکی عێراق و کوردستان خستووەتە ڕوو، لایەنەکانی دیکە زیاتر رووی قسە و بانگەشەکانیان لەسەر کار و پڕۆژەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لەکاتێکدا بیریان چووە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراقە، نەک لە هەرێمی کوردستان.

لەم بارەیەوە، د.مەدحەت سلێمان، چاودێری سیاسی، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: ”بەپێی لێکدانەوەی زۆر لە شارەزایانی سیاسی، بەتایبەتی ئەوانەی حەز بە ئارامی و بانگەشەی شارستانی دەکەن، تێبینییان کردووە، ئەوەی پارتی دەیکات لە وەڵامنەدانەوەی جنێو و تەشیهر و ئەوانەی هەوڵی لەکەدارکردنی هەرێمی کوردستان دەدەن، خۆدوورگرتن لە قسەی زبر و ناشرین، شێوەیەکی باشی بانگەشەی پارتی بووە، کە زیاتر فۆکسی لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانی کورد بووە لە بەغدا، هەروەها خستنە ڕووی پڕۆژە و ئومێدی خەڵکی کوردستان بە داهاتوو، ئەوانە لە سیماکانی بانگەشەیەکی دیموکراسییانە و شارستانییانەن، کە هێز و لایەنەکانی دیکە زیاتر هەوڵیان داوە بانگەشەکانیان لەسەر قسەکردن لەسەر پارتی و کار و پڕۆژەکانی بێت، بەبێ ئەوەی خۆیان هیچ جێگرەوەیەکی باشتر بخەنە ڕوو“.

ئەو چاودێرە گوتیشی: ”پارتی بەرنامەکانی خستووەتە ڕوو، کە لە بەغدا دەیەوێ چی بۆ داهاتوو بکات، خەڵکی بەتەواوی لە جنێودان بێزار بووە و چاوی لەوەیە بزانێ پڕۆژەی لایەنەکان چییە، لەوەدا تەنیا دەبینی پارتی پڕۆژەی هەیە و ئەوانی دیکە تەنیا قسەیان لەسەر پارتی هەیە“.

د.مەدحەت سلێمان، ڕاشی گەیاند، ئەگەر جنێو و تەشهیری لایەنەکان لە بانگەشەکانیان دەربهێنی، کە بە پارتی دیموکراتی کوردستانیان گوتووە، ئەوا لایەنەکان هیچ شتێکیان نەخستووەتە ڕوو کە بە قازانجی خەڵکی کوردستان بێت، گوتی: ”هیوادارین دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن، لایەنەکان بە خۆیاندا بچنەوە و ئەنجامەکان ببینن، کە خەڵک چی دەوێ، پێویست ناکات بیانخەیتە دۆخێکەوە، پێتوابێت بە جێنودان و هێرشکردنە سەر ئەوانی دیکە دەنگ دەهێنی“.

لای خۆشیانەوە، ئاراس عەبدوڵا، چاودێری سیاسی، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: ”هەر پارتێکی سیاسی دەستکەوتە سیاسی و خومەتگوزارییەکانی پیشانی هاووڵاتییان بدات، لەسەر بنەما و پرەنسیپی هەڵبژاردن، ئەوا دەنگی زیاتر کۆ دەکاتەوە، بەڵام ئەو لایەنانەی لەسەر بنەمای هێرش و قسەکردن لەسەر ئەوانی دیکە بیانەوێ برەو بە خۆیان بدەن و هیچ رابردوویەک بۆیان شاهید نەبێ، ئەوا ناتوانن لەو بێبەرنامەییان دەنگ کۆ بکەنەوە، ئەنجامەکانی رابردووش هەمووی دەرخەری ئەو راستییەن، کە وای کردووە ئەو لایەنانە لە سەرەتا بەو کارانەیان دەرکەون و دواتر پاشەکشەی وا بکەن کە هەرگیز نەتوانن بۆ پێگەی سەرەتایان بگەڕێنەوە”.

ئەو چاودێرە پێشی وابوو، ئەو لایەنانەی بە ئارامی و شارستانییانە بانگەشە دەکەن سەردەکەون، نموونەشی بە بانگەشەکانی ترەمپ لە ئەمریکا هێنایەوە، کە بایدن لە بەرامبەری زۆر ئارامتر بوو، بەڵام دەرەنجامەکان لە بەرژەوەندیی بایدن کەوتنەوە، گوتیشی: ”ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێ، بانگەشەی پارتی زۆر مەدەنی و ئارام و زانستییانەیە، بەبێ هێرشکردنە سەر لایەنەکانی دیکە، بەرنامەیەکی جوانی خۆی خستووەتە ڕوو کە بە هیچ شێوەیەک بەهۆی پارتییەوە تەشەنوج و گرژی دروست نەبووە، هەموو هێزەکانی دیکە دەڵێن ئێمە لە پارتی باشترین، بەبێ ئەوەی بتوانن هیچ باشییەکی خۆیان پیشان بدەن، بەپێچەوانەوە، وا خۆیان دەردەخەن، کە شیاوی ئیدارەدان و نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی کوردستان نین، ئەم هەڵبژاردنە پارتی زیاتر هاتە ناو قاڵبێکی زانستییانەی بانگەشەی هەڵبژاردن کە رەنگە دەرەنجامی باش و سەرکەوتووی پێ بدات، کە گرنگە لایەنەکانی دیکەش بەو شێوەیە بێنە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، نەک بەوەی بیانەوێ بە شێوەی ناشارستانییانە دەنگ کۆ بکەنەوە".