كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کەسایەتییەکی ئێزدی: کوردانی ئێزدی لە ڕەفتاری پەکەکە نیگەرانن

وەکیلی میری ئیزدییان: دەبێ ئەزموونی هەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ پارێزگاکانی عێراق

وەکیلی میری ئێزدییان بۆ کاروباری پەیوەندییەکان ڕایگەیاند، بەکارهێنانی ژن و منداڵی ئێزدییان بۆ ڕێگریکردن لە بانگەشەی هەڵبژاردن کارێکی خراپە و دژی مافی خەڵکی شنگالە.

جەهوەر عەلی بەگ، وەکیلی میری ئێزدییان بۆ کاروباری پەیوەندییەکان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''دەبێ هەموو لایەنەکان بە شێوەی ئاسایی بانگەشە هەڵبژاردن بکەن و ڕێگری لە بانگەشەی هەڵبژاردن لە شنگال کارێکی باش نییە. ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەموو حزب و لایەنەکان بە شێوەیەکی زۆر جوان بانگەشە دەکەن، دەبێ ئەزموونی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق. ئەو لایەنەی دژایەتیی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات دژی دیموکراسییە و لە شنگال نابێ ڕێگری لە بانگەشەی هەڵبژاردن بکرێت''.

لەم بارەیەوە، ئلیاس ناسۆ، كەسایەتیی كوردی ئێزدی لە شنگال بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "خەڵکی شنگال زۆر نیگەرانن لە ڕەفتاری پەکەکە و ئەوە تەنیا خستنەوەی فیتنە و ئاژاوەیە و هەرکاتێک کادیرانی پارتی دێنە شنگال پەکەکە بە ناوی ئێزدییانەوە ڕێگرییان لێ دەکات، بۆیە پێویستە پەکەکە لە شنگال نەمێنێت، چونکە ئەوان دەیانەوێت شەڕ و ئاژاوە بکەوێتە نێو شنگال و ئێمە لە ڕەفتاری پەکەکە زۆر بێزار بووین''.

حەیدەر شەشۆ، فەرماندێ‌ هێزی ئێزدخان،‌ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لە شنگال ڕایگەیاند: ''ئێمەی خەڵکی شنگال دەبێت خاوەنداری لە ئێزدیایەتیی خۆمان بکەین و دەنگی خۆمان بگەیەنینە خەڵکی خۆمان کە بەرپرسیارەتیی خۆیان بەجێ بێنن و شنگال لە دەستی چەند لایەنێکدا جێ نەهێڵن، لە شنگال ڕێگری لە میوانانی شنگال کراوە کە کارێکی دوور لە دیموکراسی و مافی مرۆڤە و دەبێ هەموو لایەنەکان بانگەشەی خۆیان بکەن، بەداخەوە لایەنێک کچ و ژن و منداڵی شنگال بەکار دێنێت و هیچ ڕێز لە ئیزدیایەتی ناگرن''.

ئاشكراشی كرد: ''ئەو کچ و ژن و منداڵانەی هاتنە سەر جادە، کچ و ژن و منداڵی خەڵکی بوون، بەداخەوە هەندێک هاتوون برایانی خۆیان چەکدار کردووە بۆ ئەوەی کوشتار وەڕێ بخەن، ئەوانە بێڕێزی بە ئێزدییان دەکەن و دەبێ خەڵکی شنگال بڕیاری خۆیان بدەن و ئەم کارانەی پەکەکە بەردەوام نەبن. ئەو کاتەی لایەنێک گوتی پەکەکە لە شنگالە، کەسانێک گوتیان ئێمە پەکەکە نین، ئێمە ئێزدین و لەژێر پەردەی ئێزدیایەتیدا کار دەکەین. بەداخەوە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکانەوە سەدان ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە و پڕ لە چەکدار لەسەر جادە ڕاوەستاون و هەزاران داعشی دەوروبەری شنگال ئێستا لەناو ئەواندان، هەموو خەڵکی باش دەزانن کە ئەو عەرەبانەی بە ناوی یەپەشەوە لە شنگالن لە ئێزدییەکان زیاترن و خەڵکی شنگال بێدەنگن''.

حەیدەر شەشۆ گوتیشی: ''دەبێ هەموو خەڵکی شنگال پێکەوە کۆ ببنەوە و ڕەوشی خراپی شنگال چارەسەر بکەن و پیش بە کوشتار لەناو خەڵکی ئێمەدا بگرن، شنگال مڵکی باوکی ئەوان نییە و نابێت ڕێگری لە بانگەشەی هەڵبژاردن بکرێت''.