له‌ سۆران شوێنه‌وارێكی بەر له‌ حه‌وت هه‌زار و 500 ساڵ دۆزرایه‌وه‌
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

له‌ سۆران شوێنه‌وارێكی بەر له‌ حه‌وت هه‌زار و 500 ساڵ دۆزرایه‌وه‌

به‌پێى راپۆرت و به‌دواداچوونێكى (باسنیوز)، له‌ ئه‌نجامی كنه و پاچەكۆڵەی شوێنه‌وارناسان له‌ (گردی بانه‌ هێلك) له‌ناو گه‌ڕه‌كێكى سه‌نته‌ری شاری سۆران، چه‌ندین پارچه‌ چینی شوێنه‌واری دۆزراونه‌ته‌وه‌. به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆرانیش ده‌ڵێت: "به‌پێی پشكنین و كاری هه‌ڵكۆڵینى شوێنه‌وارناسان ده‌ركه‌وتووه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌م شوێنه‌واره‌ دوا خاڵی شارستانیه‌تی حه‌له‌ف بووبێت“.

له‌لاى خۆیه‌وه‌، سه‌رۆكى شاره‌وانیى سۆران، رایده‌گه‌یه‌نێت: ”له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شوێنه‌وارى سۆران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر شوێنه‌واره‌كه‌ گرنگ و تایبه‌تمه‌ند بێت، پێویسته‌ چاره‌سه‌رێك بۆ دانیشتوانى شوێنه‌كه‌ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت پسپۆڕانى بوارى شوێنه‌وارناسى زیاتر لێكۆڵینه‌وه‌ و كارى هه‌ڵکۆڵین لە گردەکەدا بکه‌ن“.

عه‌بدلوه‌هاب سلێمان، به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران، به‌ (باسنیوز)ى راگه‌یاند: "چه‌ندین شوێنه‌وارى گرنگ له‌ ده‌ڤه‌رى سۆران هه‌ن، یه‌كێك له‌و شوێنه‌وارانه‌ش (گردی بانه‌ هێلك)ە كه‌ ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كی برایه‌تی لە سه‌نته‌ری قه‌زای سۆران، به‌ دووریی نزیكه‌ی 110 كیلومه‌تر له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌و گرده‌ له‌ سه‌رەتای ساڵی په‌نجایه‌كانی سەدەی رابردوو، له‌لایه‌ن تیمی زانكۆی (شیكاگۆ) به‌ سه‌رۆكایه‌تیی (برایدوود و بروسهاو) پشكنین و هه‌ڵكوڵینی بۆ كراوە و كاره‌كه‌ 10 رۆژی خایاندووە، ئه‌وكات سه‌لمێندرا، ئه‌و شوێنه‌واره‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵانی (4900-5500) ساڵ پێش زایین، هه‌روه‌ها ئه‌و پارچه‌ چینانه‌ی له‌ گرده‌ شوێنوارییه‌کەدا دۆزرانه‌وه‌، له‌ رووی زانستی شوێنه‌وارەوە، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ناسراوه‌ به‌ چاخی به‌ردینی كانزایی شارستانیه‌تی حه‌له‌ف“.

گوتیشى: "شارستانیه‌تی حه‌له‌ف، به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندییە گڵێنه‌كانی ده‌ناسرێته‌وه‌ كه‌ زۆر ناسكن و له‌ جۆره‌ قوڕێكی له‌بێژینگدراوی زۆر پاك دروست كراون، هه‌روه‌ها له‌ پله‌یه‌كی گه‌رمیی زۆر به‌رز سوور كراونەتەوە و زۆربه‌ی زۆریان به‌ ڕه‌نگه‌كانی ره‌ش و قاوەیی‌ پرته‌قاڵی ره‌نگ كراون، كه‌ نه‌خشی جۆراوجۆریان له‌سه‌ره‌، وه‌ك زه‌خره‌فه‌ی مرۆڤی و ئاژه‌ڵی و هێماكانی فه‌له‌كی. ئه‌وانه‌ بابه‌تی زۆر گرنگن بۆ به‌ده‌رخستنی شارستانیه‌تی ناوچه‌كه‌مان“.

به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران ئاشكراشى ده‌كات: "بۆ زیاتر هه‌ڵكۆڵین و كاركردن له‌م شوێنه‌واره‌، دوای هه‌ڵكۆڵینی زانكۆی (شیكاگۆ)، له‌ ساڵی 2018 گرێبه‌ستێكمان له‌گه‌ڵ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و زانكۆی ئۆتۆنۆموسی به‌رشه‌لۆنه‌ی ئیسپانی بۆ ماوه‌ی 5 ساڵ واژوو كرد، به‌پێی ئه‌و هه‌ڵكۆڵین و پشكنینانه‌ی له‌لایه‌ن شوێنه‌وارناسه‌ جیهانییه‌كان و تیمی شوێنه‌واری سۆران ئه‌نجام دراوه‌، ده‌ركه‌وت كه‌ گردی بانه‌ هێلك، ره‌نگه‌ دوا خاڵی شارستانیه‌تی حه‌له‌ف بووبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ شارستانیه‌ته‌ پێشكه‌وتووه‌، ته‌نیا له‌ چه‌ند شوێنێكی دیاریكراوی وه‌ك لوبنان، سووریا‌، ئیسرائیل و ده‌وروبه‌ری دەریای مه‌دیته‌رانه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ و دواتر له‌ هه‌ولێر و ده‌شته‌دیانی سۆران به‌ده‌ركه‌وتووە، واتا شوێنه‌وارناسان پێیان وایه‌، خاڵی ده‌ستپێك لوبنان بووه‌ و خاڵی كۆتایی ده‌شتی دیانه‌یه‌“.

جێگای ئاماژه‌یه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌، له‌لایه‌ن تیمی زانكۆی پنسلڤانیای ئه‌مریكی، له‌ چینه‌كانی خواره‌وه‌ی شوێنه‌وارى گرده‌ ده‌شتیش پارچه‌ گڵێنه‌كانی حه‌له‌ف دۆزرانه‌وه‌، به‌مه‌ش ره‌نگه‌ دوای لێكۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵكۆڵینه‌كانى ئێستامان بگه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ شارستانیه‌تی حه‌له‌ف له‌ كوردستان له‌ ده‌شتاییه‌كانی شاری سۆرانه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدابێت و دواتر بۆ به‌شه‌كانی دیکەی جیهان چووبێت، چونكه‌ توێژینه‌وه‌ نوێیەكان ده‌ریانخست كه‌ گردی بانه‌ هێلك به‌ یه‌كێك له‌ گونده‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی كشتوكاڵیی زاگرۆسی سه‌روو ئه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ له‌ دیانا له‌ حه‌وت هه‌زار و 560 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، جگه‌ له‌ كشتوكاڵ، دانیشتوانه‌كه‌ی توانیویانه‌ ئاژه‌ڵی وه‌ك مه‌ڕ و بزن و مانگا و به‌راز ماڵی بكه‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران ده‌شڵێت: "بوونی ئامێره‌ به‌ردییه‌كانی كه‌ له‌ به‌ردی جۆری ئۆبسیدیه‌وه‌ دروست كرابوون، ئه‌وه‌شیان پشتڕاست كرده‌وه‌، كه‌ مرۆڤ له‌ ناوچه‌کانی خۆی به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و جۆرە به‌رده‌ كۆچی كردووه‌ بۆ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌ریاچه‌ی وان و ئالوگۆڕی بازرگانییان هه‌بووه‌، چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌م جۆره‌ به‌رده‌ ئەوێیه‌، ئه‌مانه‌ش گشتیان له‌ رووی زانستی شوێنه‌وار و ئه‌نترۆپۆلۆجییه‌وه‌ (مرۆڤناسی) زۆر به‌ گرنگ داده‌نرێن و لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت“.

له‌لاى خۆیه‌وه‌، كاوه‌ نه‌جیم، سه‌رۆكى شاره‌وانیى سۆران به‌ (باسنیوز)ى راگه‌یاند: "به‌پێى ئه‌وه‌ى شوێنه‌وارى گردی بانه‌ هێلك ده‌كه‌وێته‌ ناو سه‌نته‌رى شارى سۆران و شوێنى نیشته‌جێبوونى هاووڵاتییانه‌، ده‌بێ له‌گه‌ڵ شوێنه‌وارى سۆران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گفتوگۆى له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌گه‌ر شوێنه‌واره‌كه‌ گرنگی و تایبه‌تمه‌ندیى خۆى هه‌بێت، چۆن بتوانرێت ئه‌و كه‌سانه‌ى نیشته‌جێى شوێنه‌كه‌ن دوور بخرێنه‌وه‌، چونكه‌ پێویسته‌ دانیشتوانی شوێنەکە قه‌رەبوو بكرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت پسپۆڕانى بوارى شوێنه‌وارناسى زیاتر لێكۆڵینه‌وه‌ و كارى هه‌ڵکۆڵینى تێدا بکەن“.