کۆڵبەرێک: لە ڕۆژی لەدایکبوونمدا هەردوو لاقم لەدەست دا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کۆڵبەرێک: لە ڕۆژی لەدایکبوونمدا هەردوو لاقم لەدەست دا

"مانگی ڕابردوو 18 کۆڵبەر بوونەتە قوربانی"

دوێنێ 2/10 کۆڵبەرێکی کەمئەندامی خەڵکی مەریوان، کە چوار ساڵ لەمەوبەر و ڕاست لە ڕۆژی لەدایکبوونی و لە کاتی کۆڵبەری هەردوو لاقی لەدەست دابوو، لەبەر ئاوڕنەدانەوە لە دۆخی ژیانی مانی لە خواردن گرت و سەری خۆی تاشی.

گوندی دووپلوورە-ی سەر بە شاری مەریوان کە بەشێکی زۆر لە گەنجەکانی لە سنوورەکان سەرقاڵی کۆڵبەرین، هەتا ئێستا هەشت کەسیان لە کاتی کۆڵبەریدا بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژراون، یان بریندار و کەمئەندام بوون.

یەکێک لە کۆڵبەرانە کامەران دووپلوورەیی-یە کە لە کاتی کۆڵبەریدا لەناو یەکێک لە باخەکان تەقەی لێ کراوە و هەردوو لاقی لەدەست داوە و ئێستا لە دۆخێکی ناجێگیردا دەژیت و سەرەڕای دۆخی ناجێگیری جەستەی، سەرقاڵی چالاکیی ژینگەییە و لە بەرانبەر سووتانی دارستانەکانی زاگرۆس چەندین چالاکی و ڕێپێوان و ناڕەزایی بەڕێوە بردووە و دوایین چالاکیی ئەوەیە کە مانی لە خواردن گرتووە.

No description available.

ئەو چالاکوانە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە گوتوویە: "لە کوردستان تەنیا من نیم کە بەم چەشنە بریندار و کەمئەندام بووم، بەڵکوو تەنیا لە گوندی دووپلوورە نزیکەی 10 کەس لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆ، یان بە کەوتنە سەر مینی چێندراو گیانیان لەدەست داوە، یان لە ژیاندا نەماون".

ڕێپێوانی ناڕەزایی

کامەران دووپلورەیی، دوو هەفتە لەمەوبەر بە نیشانەی ناڕەزایی لە بەرانبەر تەقەکردن و کوشتنی کۆڵبەران و بارودۆخی ناجێگری کەمئەندامان و لەناوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس، بە دوو لاقی دەسکرد و عارەبانەکەیەوە ڕێپێوانێکی ناڕەزایی لە شاری مەریوانەوە تا بەردەم پەرلەمانی ئێران دەست پێکرد.

کە دوای تێپەڕکردنی مەودای 50 کیلۆمەتر لە جادەی مەریوان بەرەو سنە بە درێژایی سێ شەو و ڕۆژ، لەسەر داخوازی هەندێ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی مەریوان، کامیاران، جوانڕۆ و سنە، هەروەها بەهۆی ئەو مەترسییانەی لەوانە بوو بارودۆخی جەستەیی و تەندرووستیی تێک‌ بدات، کۆتایی بە ڕێپێوانەکەی هێنا.

No description available.

کامەران دووپلورەیی، تەمەن 31 ساڵ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی ئاوایی “دووپلورە”ی مەریوانە و ئەویش وەک زۆربەی کۆڵبەرانی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی هەژاری و پەراوێزخرانی ئابوورییەوە ناچار بووە کۆڵبەری بکات، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، کۆڵبەری ژیانە ئاساییەکەیشی لێ زەوت کرد.

کامەران ئێستا دانیشتووی شاری مەریوانە و لەڕووی ئابووریشەوە جگە لە وەرگرتنی یارانەی دەوڵەتی، داهاتێکی ‌تری نییە، بەڵام بە هۆی چالاکییە مەدەنی و ژینگەییەکانییەوە، لەناو خەڵکی ناوچەکەدا کەسێکی خۆشەویست و ناسراوە.

کامەران سەرەتای پاییزی 2016 ڕێک لە ساڵوەگەڕی لەدایکبوونی و لە کاتی کۆڵبەری‌ و گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران، لە ناوچەی سنووریی سەرشیوی مەریوان، بە هەڵە کەوتە بەر تەقەی یەکێک لە باخەوانەکانی ناوچەکە و بەهۆی بەرکەوتنی نۆ گوللە هەر دوو لاقی لە دەست‌دا.

ئەو لەبارەی بارودۆخی جەستەیی و هەوڵە پزیشکییەکان بۆ گەڕانەوەی تەندرووستیی، بە ماڵپەڕی ئێران‌وایەر-یگوتووە: "تا ئێستا 21 جار نەشتەرگەریم بۆ کراوە، بەڵام سەرباری ئەمە هێشتا بارودۆخی تەندرووستیم نائاساییە".

لاقی دەسکرد بە 170 هەزار دۆلار

No description available.

ئەو دەڵێت: "ئەگەرچی بۆ ماوەیەک لەلایەن ڕێکخراوی بێهزیستی و هەندێ دامودەزگای  مەریوانەوە پشتیوانی کرام، بەڵام چونکە یارمەتییەکانیان لە بەرانبەر تێچوو و نرخی دەرمانەکانم زۆر کەم بوو و ڕێکخراوی بێهزیستیش بۆ کڕینی عارەبانە و لاقی دەسکرد هیچیان نەکرد، لە کۆتاییدا سەردانی ئۆفیسی کۆمەڵەی خێرخوازانی ئیمام عەلی-م لە تاران کرد و ئەم ناوەندە خەڵکییەیش کۆی تێچووەکانی کڕینی عارەبانە و هەر دوو لاقە دەسکردەکەی منیان گرتە ئەستۆ کە نزیکەی 200 ملیۆن تمەن بوو.

سەرقاڵی وەرزشە

ئەو کۆڵبەرە کەمئەندامە هەرچەند دوو لاقی لەدەست داوە، بەڵام پڕە لە وزە و هیوا و جووڵە و دەڵێت نامەوێ بێدەنگ بم و لە گۆشەی ماڵ دابنیشم، دەمەوێ بە چالاکییەکانم ببمە سەرمەشق بۆ دەوروبەرم و ئەو کەسانەی هاوشێوەی من کەمئەندامن، بۆیە ڕۆژانە لە زرێبار مەلە دەکەم و هاوکات سەردانی هۆڵی وەرزشی لەشجوانی دەکەم و ئەم جووڵە و وەرزشە هیوام پێ دەبەخشن و کارەکەشم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی هەبووە و خەڵک پەسنی دەکەن.

کۆڵبەری پیشە نییە و ناچارییە

شەش کۆڵبەر بوونە قوربانی – تۆڕی میدیایی خەڵک

ئەو چالاکە مەدەنییە لە درێژەی وتووێژەکەیدا ئاماژەی بەوەش داوە: "تەقەکردن لە کۆڵبەران لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژانە دووپات دەبێتەوە و بەداخەوە بووەتە شتێکی ئاسایی و هەموو لایەک بێدەنگیی لێ دەکەن". ئەو ئەگەرچی کۆڵبەری بە پیشە نازانێت، بەڵام پێیوایە بێبەشی لە زۆر دەرفەت و دەرەتانی کار و نەبوونی ژێرخانە ئابوورییەکان، لەوانە نەبوونی کارگەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و نەبوونی قەرز بۆ پرۆژەی کشتوکوڵی و نەبوونی ڕێکخستنی پێویست بۆ ڕەخساندنی هەلیکار لە سنوورەکان و دابیننەکردنی بودجەی پێویست بە وەدیهێنانی ئەم ئامانجە ئابوورییانە، بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان ڕوو لە بۆ کۆڵبەری بکەن".

دەرچوانی زانکۆ و وەرزشوانانیش کۆڵبەری دەکەن

زۆربەی خەڵکی ناوچە سەرسنوورییەکان بەهۆی بێکاری، هەژاری و بۆ دابینکردنی بژیویان بە ناچاری ڕوو دەکەنە کۆڵبەری. وەک خۆم دەیان کەس دەناسم کە لە کاتی کۆڵبەر‌یدا کوژراون، لە بەرزایی شاخەکان کەوتوونەتە خوارەوە، یان ئیفلیج و بریندار بوون. تەنانەت لەم چەند ساڵەی دواییدا بەشێک لە نوخبە وەرزشییەکان، یان کەسانی خاوەنی بڕوانامەی بەرزی زانکۆیی، ڕوویان کردووەتە کۆڵبەری کە ئەمە جێگەی داخەوە".

زیاتر لە 20 هەزار کەس لە سنوورەکان کۆڵبەری دەکەن

بریندار بوونی ٤ کۆڵبەر لە سنوورەکانی نەوسوود – زاگرۆس پۆست

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران و گوتەی بەرپرسانی حکوومەت، باس لەوە دەکرێت لە دەروازە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەش هەزار کەس بە فەرمی سەرقاڵی کۆڵبەرین، مەبەستی حکوومەتی لەو شەش هەزار کەسە، ئەو کەسانەیە کە خاوەنی کارتی پیلەوری-ین و ئەو کاڵا و کەلوپەلانە دەگوازنەوە کە قاچاخ نین.

لە بەرانبەردا ناوەند و دامەزراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەک لەوان ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ لەو باوەڕەدان ئەو ئامارە ڕاست نییە و زیاتر لە 20 هەزار کەس لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات سەرقاڵی کۆڵبەرین و تەنانەت لە هەندێ شوێن پیرەژنان و تەنانەت کچانی کوردیش کە لە ژیانێکی ناجێگری ئابووریدا دەژین، سەرقاڵی کۆڵبەرین، بە باوەڕی چالاکوانانی سیاسی و مافی مرۆڤ ئەو ڕێژەیە لە هەندێ وەرزی بەهار و هاوین دەگاتە 100 هەزار کەسیش.

مانگی ڕابردوو 18 کۆڵبەر بوونە قوربانی

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەنیا لە مانگی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، 18 کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون.

لەو 18 کۆڵبەرە هەشت کەسیان گیانیان لەدەست داوە و 10 کەسیشیان  بریندار بوون کە 12 حاڵەتیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە.