پەکەکە و حەشدی شەعبی بە هاوبەشی رێگری لە چوونی پارتی بۆ نێو شنگال دەکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پەکەکە و حەشدی شەعبی بە هاوبەشی رێگری لە چوونی پارتی بۆ نێو شنگال دەکەن

"پەکەکە بارەگای پۆلیسی عێراقی لە شنگال داگیر کردووە و ئێستا ئەو دەزگایە لەنێو خانووی کرێدایە"

پەرلەمانتارێکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حکوومەتی عێراق هیچ دەسەڵاتێکی لە شنگالدا نییە و حەشدی شەعبی و پەکەکە بە یەکەوە ڕێگری لە هەر هێز و لایەنێک دەکەن کە بیەوێت بچێتە نێو شنگال و پێشتریش ڕێگرییان لە لیژنەی پەرلەمانی عێراق کردووە.

ئەمڕۆ، شەممە 2/10/2021 تیمی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سنووری لقی 17ی پارتی لە شنگال ویستیان بە مەبەستی بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ بەربژێرەکانی حزبەکەیان بچنە نێو قەزای شنگال، بەڵام لەلایەن پەکەکە و چەند لایەنی دیکەوە ڕێگرییان لێ کرا.

ناسر هەرکی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ڕێگریکردن لە تیمی بانگەشەی پارتی بۆ چوونە نێو قەزای شنگال لەلایەن پەکەکە و چەند لایەنێکی دیکەوە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەکورتی بابەتەکە ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق هیچ دەسەڵاتێکی لەنێو شنگالدا نییە و جگە لەوەی ئەمڕۆ ڕێگرییان لە تیمی بانگەشەی پارتی کردووە، پێشتریش پەکەکە ڕێگریی لە لیژنەی پەرلەمانی عێراق کردووە و نەیهێشتووە بچێتە نێو شنگال".

هەرکی گوتیشی: "ئێستا تەنیا حەشدی شەعبی و چەکدارانی پەکەکە لەنێو شنگالدا دەسەڵاتیان هەیە و ڕێگە بە هیچ هێز و لایەنێکی دیکە نادرێت لەنێو شنگال چالاکی بکات، تەنانەت فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەواش هیچ دەسەڵاتێکی نییە".

هاوكات داوای لە هەریەك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق و حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، بە ئەركی خۆیان هەڵسن و سنوورێك بۆ ڕێگرییەكانی پەكەكە لە شنگال دابنێن.

سەبارەت بە ڕێگرییەکەی ئەمڕۆی پەکەکە لە تیمی بانگەشەی پارتی، ئاشتى كۆچه‌ر، به‌رپرسی لقی 17ی پارتى دیموكراتى كوردستان لە شنگال لە لێدوانێکیدا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ، شەممە 2/10/2021، ویستمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بچین بۆ دەڤەری شەرەفەدین لە قەزای شنگال، بەڵام لەلایەن پەکەکە و چەند لایەنی دیکەوە ڕێگریمان لێ کرا و تا ئێستا نەچووینەتە شوێنی مەبەستەکەمان''.

گوتیشی: ''لە مەفرەقی (گۆهبه‌ل)، پەکەکە ڕێگریی لە ئێمە کرد و نەمانتوانی بچینە دەڤەری شەرەفەدین، بۆیە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقمان لە بابەتەکە ئاگادار كردووەتەوە و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی بەغدا دەکەین، تاکوو ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت''.

سەبارەت بە چارەسەری دۆخی شنگال، ناسر هەرکی، پەرلەمانتاری لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند: "چارەسەر ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق لە شنگال هەیبەتی خۆی بگەڕێنێتەوە، چونکە هەیبەتی نەماوە لە سنووری ئەو قەزایە و تاکوو ئێستا تەنانەت نەتوانراوە بارەگای پۆلیسی شنگال لەژێر دەستی پەکەکە دەربهێندرێت و پۆلیسی عێراق لە شنگال لەنێو خانووی کرێدایە".

ئاماژەی بە ئەوەش دا کە حەشدی شەعبی و پەکەکە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنان هەیە و بە یەکەوە ڕێگری دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا پەکەکە لە شنگال حوکم دەکات و دەسەڵاتی قەزاکە لە دەستی ئەودایە.

لە میانەی لێدوانەکەیدا به‌رپرسی لقی 17ی پارتى دیموكراتى كوردستان لە شنگال ئاماژەی بە ئەوە دا کە پارتی نایەوێت ئاڵۆزی پەیدا بێت، هەربۆیە بە شێوەیەکی هێمنانە چوونەتە سنووری قەزای شنگال و جەختیشی کردەوە کە کاندیدەکانیان بە مافی خۆیانی دەزانن لەو دەڤەرە بانگەشە بکەن.