ناوچە دابڕێنراوەکان... سندووقەکانی دەنگدان لە سێبەری چەکی حەشد و پەکەکە داندراون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ناوچە دابڕێنراوەکان... سندووقەکانی دەنگدان لە سێبەری چەکی حەشد و پەکەکە داندراون

”پێویستە كوردی ئەو ناوچانە بە فراوانی بەشداری بكەن و چاودێرانی نێودەوڵەتییش ئاگادار بن“

ئەگەرچی زۆر لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان، نەک هەر لە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان، بەڵکو لە هەموو عێراق، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ 2021دا کردووە، بەڵام بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، سندووقەکانی دەنگدان لەو ناوچانە لەژێر سێبەری چەکی (حەشد و پەکەکە)دان، ئەوەش هیچ گەرەنتییەک نادات، کە تەزویر لەو ناوچانەدا نەکرێت.

ژمارەی کورسییەکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، یاخود ناوچە دابڕێنراو و داگیركراوەكان، کە لە دەستووری عێراقدا بە (ناوچە جێناکۆکەکان) ناودێر كراون، ناوچەیەکی یەکجار فراوانە، بە شێوەیەک، بەشێکی زۆر لە پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالەش دەگرێتەوە، جیا لە هەندێ ناوچەی تر، بەپێی زانیارییەکان، لە کۆی ئەو 329 کورسییەی پەرلەمانی عێراق هەیەتی، ژمارەی کورسییەکانی ئەو ناوچانە دەگەن بە 73 کورسی، کە دەکاتە 22%ی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق.

یەکێک لە شێوازەکانی ئەمجارەی تەزویر

د.هاوار نێرویی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: ”دەنگ و کورسیی کورد لەو ناوچانە لە مەترسیی گەورەدایە و پێویستە چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێودەوڵەتی و ناوخۆیی چاودێریی زۆری بخەنە سەر و كورد و كوردستانیان بە فراوانی بەشدار بن لە دەنگداندا“.

نێروەیی گوتیشی: “ئەو ناوچانە لە شنگال، کە لەژێر سێبەری چەکی حەشد و پەکەکەدان، تا دەگات بە خانەقین، مەترسیی تەزویر و فەوتاندنی دەنگی کوردی لێ هەیە، کە رەنگە ئەوەیان یەکێک بێت لە شێوازەکانی ئەمجارەی تەزویر، کە بە فەوتاندنی دەنگی کورد راستەوخۆ دەنگی عەرەب و تورکمانەکان دەبن بە خاوەنی کورسی“.

گوتیشی: ”ئەو ناوچانە هێزی چەکداری نایاسیی تیایاندا باڵادەستە، بەتایبەتی شنگال، کە پەکەکە (لەناو دوو کەوانە) لەسەر کورد هەژمارە، بەڵام لە کردەوەکانیدا هاوشێوەی حەشد و بگرە رێککەوتنیان هەیە بەیەکەوە، کە دەنگی کورد، بەتایبەتی کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو ناوچەیە دەنگەکانیان بفەوتێنرێت، ئەوەش بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەرخستنی ئەو کەسانەیە، کە خۆیان مەبەستیانە“.

ئەو چاودێرە کوردە، ڕاشیگەیاند، دەبوایە پێش هەڵبژاردن رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرایە، هەروەها هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش بۆ ئەو ناوچە کوردستانییانە کە زۆرینەی کوردە، بگەڕبایەوە، ئەوکات ئەو هێزە چەکدارانەی هەژموونیان بەسەر ئەو ناوچانەدا هەیە، نەیاندەتوانی بەو شێوەیەی ئێستا باڵادەست بن و بتوانن ئەوەی بیانەوێ بیکەن.

لای خۆشیانەوە، نەجوا حەمید محەمەد، کاندیدی ژمارە (52)ی بازنەی دووی شاری کەرکووک، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، لەدوای خیانەتی 16 ئۆکتۆبەرەوە، هاتنی ئەو هێزانە وای کردووە زۆر لە گوندەکانی کورد چۆڵ ببن و ژمارەی عەرەبەکان و تورکمانەکانیش بە هێنانیان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە زیاد بێت، ئەوەش مەترسیی لەسەر دیمۆگرافیای ناوچەکە و دەنگی کورد لە هەڵبژاردن دروست کردووە، بەڵام زۆر زۆر گرنگە كوردی ئەو ناوچانە بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە بەشداریی پرۆسەی دەنگان بكەن.

جێی باسە، دوای پەسەندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق، چوار هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران کراون، كە لە ساڵەكانی 2005، 2010، 20214 و 2018 بوون. بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەش لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت.

ئەم هەڵبژاردنە، بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2020 ئەنجام دەدرێت، كە 18 پارێزگای عێراقی دابەش كردووە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن.