كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەخێوكردنی ماسیی قاشنە لە هەرێمی كوردستان پەرە دەستێنێت

"گیاخۆرە و تەنیا بە وێنجە دەژی و كێشی تا 11 كیلۆ دەڕوات"

بەخێوکردنی ماسیی قاشنە کە جۆرە ماسییەکی گیاخۆرە و زیاتر وێنجە دەخوات، لە کوردستان پەرە دەستێنێت و جووتیارێكی هەڵەبجە کە ماوەی چەند ساڵێكە ماسیی قاشنە پەروەردە دەكات، لەبارەی ئەم جۆرە ماسییەوە دەڵێت، بەخێوکردنی ئەم جۆرە ماسییە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە ئاسانترە و تێچووی کەمترە و گۆشتەکەشی خۆشترە و چەورییشی کەمە.

حامید ئیسماعیل، جووتیارێكی هەڵەبجەیە کە ماوەی چەند ساڵێكە ماسیی قاشنە پەروەردە دەكات، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەم جۆرە ماسییە جیاواز لە ماسیی كارب، كە لە كوردستان پەروەردە دەكرێت، ماسییەكی گیاخۆرە، نەك ئالیك و بەهۆی كەمیی پرۆژەكەیەوە كەمتر دەكەوێتە بازاڕ، بەڵام كارب بەهۆی زۆرییەوە لە بازاڕدا خواستی زۆرتری لەسەرە، هەرچی ماسیی قاشنەیە، چەوریی كەمترە، چونكە ئالیك ناخوات، لە ڕووی ئابوورییشەوە تێچووی بەخێوكردنی كەمترە.

ماسیی قاشنە، لە ماسیی كارب، كە لە كوردستان بەرهەمی زۆرە، زیاتر لە حەوزدا دەمێنێتەوە، كەشی سەرمای زیاتر پێویستە، ئالیكی پێویست نییە، بەڵكوو بە وێنجە دەژی، بۆیە بۆ دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە بەخێوكردنی ئاسانتر و گونجاوترە، چەندیش لە حەوزدا بێت، كێشەی نییە، چونكە گیاخۆرە و كێشی بەردەوام زیاد دەكات، هەموو كاتێک نرخی كیلۆیەكی بە لایەنی كەمەوە هەزار دینار زیاترە لە ماسیی دیكە، پەنجەماسییەكەشی لە خوارووی عێراق و ئێرانەوە دێت، بەپێی توێژینەوەی ئەو كەسانەی ئەم ماسییە بەخێو دەكەن، لە ڕێژەی گشتیی حەوزەكەدا، 17 كیلۆ وێنجە، كیلۆیەك گۆشت بەرهەم دێنێت، بۆ نموونە 170 كیلۆ بۆ حەوزێك ماسی، بە كۆی گشتیی ڕۆژانە 10 كیلۆ زیاد دەكەن، ئەم ماسییەش زیاتر لە قووڵایی ئاودا دەژی و حەزی لە حەوزی قووڵ و فراوانە.

حامید ئیسماعیل ئەوە دەخاتە ڕوو كە ماوەی دوو ساڵە وەك حەز و خولیا ئەم ماسییە بەخێو دەكات، بۆیە دەیەوێت چێشتخانەیەكی تایبەت بە خۆی بكاتەوە و بیكاتە بڕاندی خۆی. لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: ”بە حوكمی ئەوەی من چەندین ساڵە لە ساڵی 1997وە ماسی بەخێو دەكەم، دیراسەی زۆری ماسییەكانم كردووە؛ لە كارب و قاشنە و سەلەموون، گونجاوترین ماسی بۆ دەڤەرەكەی ئێمە قاشنەیە، چونكە دەڤەرەكەی ئێمە كوێستانە، كارب سەركەوتوو نابێت، بەڵكوو قاشنە و سەلەموون، سەركەوتووترن، كارب لە تەقتەق سەركەوتووترە''.

بە قسەی ستار محەمەد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە، لە دەڤەری هەڵەبجە، زیاتر لە پێنج حەوزی مۆڵەتپێدراو هەیە، بەڵام زۆر چالاك نین، تەنیا پرۆژەیەكیان زۆر بەرهەمی هەیە، دەڵێت: ”لە كوردستان پرۆژەی قاشنە بەهۆی ئەوەی درەنگ بەرهەمەكەی دەست دەكەوێت، بۆیە كەمتر ڕووی تێ دەكەن، لەوانەشە بەهۆی كەمیی پسپۆڕی بێت کە كەمتر گرنگیی پێ بدەن''.

وریا عەلی، خاوەنی پرۆژەیەكی ماسیی قاشنەیە و شارەزاییەكی باشی لەم ماسییە هەیە و بەپێچەوانەی قسەكانی بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە، بۆ (باسنیوز)، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئەم ماسییە لە ڕووی ئابوورییەوە تێچووی كەمترە و بۆ پەروەردەش گونجاوترە، قازانجیشی زیاترە، گۆشتەكەشی بەهۆی ئەوەی چەوریی كەمە و گیاخۆرە، سوودی زیاترە: ”ئەو ماسییە لە كارب خێری زیاترە، چونكە ئالیك كەم دەخوات، من بۆ 10 هەزار ماسی، سێ دۆنم وێنجەم چاندبوو، ڕۆژانە پیكابێك وێنجەم پێیان دەدا، بە یەك سەعات پیكابێك دەخوات، ئەوەندە لایان خۆشە“.

ئەو خاوەن پرۆژەیە، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە داواكاری ئەم ماسییە زۆرە، بەڵام كەسانی تایبەتی خۆی هەیە، كە بەهای ئەو ماسییە بزانن، چونكە گۆشتەكەی چەور نییە و تەندروستترە، تامی ئالیك نادات، تەنیا گیا دەخوات و دەڵێت: ”قاشنەم هەبووە، بە دوو ساڵ لە حەوزدا بووە، گەیشتووەتە 11 كیلۆ، بەڵام كارب ساڵێك دەمێنێتەوە و تەنیا ئالیك دەخوات، كە خەرجیی گرانە، دەگاتە سێ تا ئەوپەڕی پێنج كیلۆ، تامی قاشنەكە خۆشتریشە“.

وریا عەلی، ئەوە ڕوون دەكاتەوە، كە ئەو ماسییە تازەیە و بە زۆری لە باشووری عێراق و ئێرانەوە دێت، كە بە عەرەبی پێی دەڵێن (گراس)، لە ئێرانیش پێی دەگوترێت (ئاموور)، بۆیە پسپۆڕی ئەم ماسییە لە كوردستان كەمە، بەڵام بەهۆی شارەزایی خۆیەوە، نكۆڵی لەوە ناكات كە ”100% لە ڕووی ئابوورییەوە سوودی لە ماسیی كارب زیاترە“، چونكە ماسیی كارب خەرجی گرانە، زووتر نەخۆش دەكەوێت، بەڵام ماسیی قاشنە نەخۆش ناكەوێت، تێچووی زۆر كەمترە و بەهێزتریشە لە كارب، تەنانەت لە كاتی ڕاوكردنیشدا، زۆر قورسە، بە دوو ساڵ بەرهەمێكی زۆر باش دەدات: ”ئەگەر گرنگیی پێ بدرێت، ململانێ دەكات لەگەڵ كارب، چونكە خواستی زیاتر لەسەرە، زیاتر گەشە دەكات و گۆشتەكەشی خۆشە، داواكارم خەڵك ڕووی تێ بكات، چونكە چەوریی كەمترە و تەندروستترە، بۆ ئەو كەسانەی بەخێویشی دەكەن، گۆشتی زیاتر دەدات و بەسوودترە“.