خۆ فرۆشتن بە خودا، یەعنی چی؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 30/09/2021

خۆ فرۆشتن بە خودا، یەعنی چی؟

لەم رۆژانەدا، مەلا عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان \ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی سابیقەن\ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەو پەرلەمانەی جاران هەر ئەم مامۆستا عەلی باپیری حازرییە، بەشداریی تیایدا بە (شرك و كوفر) دەزانی، لە سلێمانی وتارێكی بۆ لایەنگرانی پێشكەش كرد، سەیرترین دیمەنی وتاردان و بانگەشەكە ئەوە بوو، لەتەنیشت مامۆستاوە لە عانی خوێندنەوەی وتارەكەیدا، پەرلەمانتاری ئەم خولەی عێراق (ئەحمەیی حاجی رەشی) وەستابوو! ئەو ئەحمەوەی كە تا ئێستا دوو قسەی خێری بۆ بەرژوەندیی خەڵكی كوردستان نەكردووە، لەوەش سەیرتر ئەوە بوو كە جەنابی مامۆستا دەیگوت: ”پەرلەمانتارەكانی ئێمە خۆیان بە خودا فرۆشتووە!“.

تۆ لەوە گەڕێ كە پەرلەمانتارەكانی مامۆستا عەلی باپیر، لە بەغدا و لە كوردستان، زۆربەیان خۆیان بە خەڵكی تر فرۆشتووە نەك خودا! بەڵام تكا لە مامۆستایانی هێژای ئایینی و ئایینناسان و شەرعزانان دەكەم، تەنانەت زمانزانانیش، من زۆر كڵۆڵم لەم شتانەدا، تكایە هەم لەڕووی شەرعەوە و هەم لەڕووی واتاوە، ئەو رستەیەی مامۆستا عەلیم بۆ شی بكەنەوە و وەڵامی ئەم پرسیارە سادە و بەریئەم بدەنەوە: ”خۆ فرۆشتن بە خودا، یەعنی چی؟“ ئایا ئەم قسەیەی جەنابی مەلا عەلی باپیر، بە واتای ئەوە نایەت كە ”پەرلەمانتاران فرۆشیار بن و خودای گەورە و میهرەبان و خالق و خاوەن هێز و دەسەڵاتی رەها، كڕیار بێت؟“، بەڕاست خودای خالق كە بە گەورەیی خۆی، مرۆڤێك لە نوتفەیەك خەلق بكات، بۆچی كاتێ ئەو مرۆڤە بوو بە پەرلەمانتار، ئیدی خودا دووبارە بیكڕێتەوە؟“، نەعووز و بیللا، دیسان دەڵێم هیچی لێ نازانم، بەڵام نەقڵی كفر، كفر نیە.

پرسیارێكی بەریئتر: گریمان قسەكەی جەنابی مامۆستا لەڕووی شەرعیشەوە ئاسایی بوو، گریمان راستە و پەرلەمانتارانی كۆمەڵ خۆیان بە خودا فرۆشتووە! من لە هەموو باوەڕدارێكی بەڕێز دەپرسم: توو ویژدانتان، ئایا خودای مەزن، پەرلەمانتارێك دەكڕێتەوە كە لە دژی مافی میللەتەكەی خۆی لە سەنگەردا بێت؟

پرسیارێكی لەوانی پێشووش بەریئتر: كۆمەڵی دادگەری، پەرلەمانتار و كاندیدی هەیە خۆی بە حەشدی شەعبی و هەندێ حزبی عەرەبیی شۆڤێنیی شیعی فرۆشتووە، هەیەتی خۆی بە وڵاتێكی دراوسێ فرۆشتووە، پەرلەمانتاری هەیە كە هەر بە فەرمی لای لاهوور جەنگی بەردەوام پارەی وەردەگرت و ئیمتیازی لابەلای تریشی هەبوو لای ئەو زاتە واتە خۆیان بەو فرۆشتبوو! یەعنی ئەو كاندید و پەرلەمانتارانە پێش ئەوەی خۆیان بە خودای گەورە بفرۆشن، خۆیان بە خەڵكی تر فرۆشتووە، كەواتە دەستی دوون! لە ئێوەی هێژا دەپرسم: ئەگەر قسەكەی جەنابی مامۆستا عەلی لە ڕووی شەرعەوە دروست بێت، ئایا خوا گیان بەو گەورەیی و عەزەمەتەی خۆیەوە، شمەکی دەستی دوو دەکڕێت؟

دیسان هەر لەو روانگەیەوە كە قسەكانی مامۆستا شەرعی بن، پرسیارێكی لە هەموو ئەوانەی پێشوو بەریئانەترم هەیە: نازانم لە حاڵەتی عەبدولسەتار مەجیدی زاوای جەنابی مامۆستا عەلی كە لە هەموو تەشكیلی حكوومەت و پەرلەمانێكی نوێدا، یان وەزیرە یان پەرلەمانتار و ئەمجارەش بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق كاندیدە، بابەتی ”خۆفرۆشتنی پەرلەمانتارانی كۆمەڵ بە خودا“ چۆنە؟ نازانم كاك عەبدولسەتار بە یەكجاری بۆ هەموو خولەكانی خۆی بە خودا فرۆشتووە، یان هەتا لە ژیاندا بێت هەر بە پەرلەمانتاری دەمێنێتەوە و هەر چوار ساڵ جارێك خۆی بە خودای گەورە دەفرۆشێتەوە، وەك جەنابی مامۆستا دەفەرموێ!