هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق، بۆ ئیسلامییەکان شۆکێکی گەورە دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق، بۆ ئیسلامییەکان شۆکێکی گەورە دەبێت

 

بەپێی ئەو لێکدانەوانەی شارەزایەک لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا کردوونی ئەوە دەسەلمێنێ، کە هیچ کامێک لە کاندیدانی لایەنە ئیسلامییەکان، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە بازنەکانی هەڵبژاردندا ناگەن بە هیچ، ئەمەش ئەو لایەنانە دوای هەڵبژاردن تووشی شۆکێکی گەورە دەکات.

عوسمان گوڵپی، شارەزا لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و چاودێری سیاسی، بۆ (باسنیوز) رایدەگەیەنێت، بەپێی ئەو لێکدانەوە و شیکارییانەی بە ژمارە کردوویانن، یاسای نوێی هەڵبژاردن بە گشتی لە بەرژەوەندیی لایەنی بچووکی سیاسیدا نییە، چونکە توانای بردنەوەی کورسی بۆ ئەوان زۆر قورس دەبێت، بۆ دەنگی حزبە ئیسلامییەکانیش ئەنجامەکانی تا ڕادەیەك ڕوونە، چونکە هێزە ئیسلامییەکان هێشتا نەیانتوانیوە لە قاڵبی هێزی بچووك دەربچن، بە جۆرێك، لە هیچ بازنەیەکدا دەنگەکانیان بەشی دەرچوونی کورسییەك ناکات. گوتیشی: “ئەم یاسایە بۆ کۆمەڵ و یەکگرتوو ئاسان نییە و لەسایەیدا لە ڕووی دەنگەوە پاشەکشەی بەرچاو دەکەن، بەجۆرێک، هیچ کورسییەک بۆ پەرلەمانی عێراق ناهێنن”، کە وابڕیارە لە 10-10-2021ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت”.

کشانەوەی بزووتنەوە و بەشداریی کۆمەڵ و یەکگرتوو

هەر لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، کە ئەوان بەشداریی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ناکەن، ئەگەرچی لە راگەیەنراوێکدا کۆمەڵێک هۆکاریان سەبارەت بە بەشدارنەکردنیان ریز کردووە و داوای بایکۆتیان لە خەڵکی خۆیان کرد، بەڵام بەپێی لێکدانەوەی چاودێران و شارەزایانی ئیسلامی سیاسی، هۆکارە سەرەکییەکە بەگشتی پەیوەندی بە پاشەکشەی جەماوەری لایەنە ئیسلامییەکانەوە هەیە و بزووتنەوەی ئیسلامی ویستوویەتی لەو هەڵبژاردنەدا قەبارەی ئێستای سیاسیی دەرنەکەوێ، ئەوەش لەپێناو ئەوەی بەڵکوو بتوانێ لە هەڵبژاردنەکانی دیکەدا پێگەی خۆی دروست بکاتەوە، بەڵام سەبارەت بە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، کە لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق هەریەکەیان خاوەنی دوو کورسیی پەرلەمانین و خۆیان بە لایەنەنی سەرەکیی دەنگی ئیسلامییەکان لە هەرێمی کوردستان دەزانن، بەشداریکردنیان لەو پڕۆسەیە بە باشتر زانیوە، ئەگەرچی بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، دەزگاکانی هەڵبژاردنەکانیان بەپێی یاسای نوێ، لێکدانەوەی ئەوەیان کردووە، کە ئەستەمە لە هیچ کام لە بازنەکاندا بتوانن کاندیدەکانیان سەربخەن”.

هۆکاری پاشەکشەی دەنگی ئیسلامییەکان و دوورییان لەیەکتری

عوسمان گوڵپی، سەبارەت بە هۆکارەکانی پاشەکشەی دەنگی ئیسلامییەکان، ئاماژەی بەوە دا، کە حزبە ئیسلامییەکان لە ڕووی جەماوەرییەوە زۆر دوورن لەیەك و جەماوەرەکەیان بەئاسانی دەنگ نادەن بەیەكتری، بەپێچەوانەشەوە، ئەوەندەی پەنجەیان لەگەڵ حزبەکانی دیکە نەرمە، لەگەڵ یەکتریان نەرم نییە، ئەمەش وادەکات لە بازنەکاندا دەنگەکانیان زیاتر دابەش ببن و ئەگەر لە بازنەیەکیش حزبێکیان کاندیدی نەبێت، ئەوا دەنگدەری حزبەکەی دیکە دەنگنەدان و بەشدارینەکردن هەڵدەبژێرێت نەك دەنگدان، چونکە بە مامەڵەی ناتەباییانەی بەشێك لە سەرکردایەتیی هەردوو لایان وایکردووە، کە بەخێرایی و بۆ هەڵبژاردنێك تەبایی دروست نەبێتەوە، مەگەر لە ڕێژەیەکی کەمدا نەبێت، چونکە متمانە لەنێو جەماوەرەکانیاندا زۆر لاواز بووە و ئەوەش کاتی دەوێت تا بەهێز دەبێتەوە.

یەکێتی لەگەڵ ئیسلامییەکان پابەندی رێککەوتنەکەی دەبێت؟

هاوکات یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی نەهێنانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عێراق لەلایەن ئیسلامییەکانەوە، چاودێران بۆ ئەو ڕێککەوتنەی دەگەڕێننەوە، کە ژێربەژێر لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردوویانە، بەوەی ئەوان، لە بازنەکانی دەڤەری سلێمانی، لەو شوێنانەی کاندیدەکانی یەکێتی سەرناکەون، کادیر و ئەندامەکانیان کە بەپێی ئەو یاسا نوێیەی هەڵبژاردن دەنگەکانیان هەر بەفیڕۆ دەچێت، ئەوا دەنگ بەو کاندیدانەی یەکێتی بدەن، بەڵکوو سەربکەون، ئەوانیش، واتا دەنگدەرانی یەکێتی لە هەندێ لە بازنەکانی هەولێر، کە دەنگەکانی یەکێتی  تیایدا بەفیڕۆ دەچێت، دەنگ بە کاندیدەکانی ئیسلامییەکان بدەن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، یەكێتیی لە ئەنجامی گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی، لەدوای 8ی تەمووز، لە ڕێككەوتنێكی ژێربەژێر لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان كشاوەتەوە و بەم هۆیەوە، لەو بازنانەی کە پشتیان بە دەنگدەری یەکێتی بەستووە، ئیسلامییەکان تووشی شکست دەبن، ئەوەش جگە لە نەبوونی ئەو دەنگانە، هۆکارێکیش بووە بۆ تێکچوونی تاکتیکی دانانی کاندیدەکانیان.

لەمبارەوە، عوسمان گوڵپی، دەڵێت: “حزبە ئیسلامییەکان لە تاکتیکی هەڵبژاردندا لاوازن و دەکرێت بڵێم ستراتیژییانە لە پرسی هەڵبژاردن ناڕوانن، بەڵکو وەكوو ڕۆتینێك مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و خوێندنەوەی وردیان بۆ لێکەوتەکانی هەڵبژاردن نییە، تەنانەت هێندە لە تاکتیکی هەڵبژاردندا لاوازن، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2009دا کە لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازییان دروست کرد (یەکگرتوو و کۆمەڵ و سۆسیالیست و زەحمەتکێشان) لەبری ئەوەی ببێتە ئەزموونێکی سەرکەوتوو بۆیان، شکستیان خوارد، بەتایبەت بۆ یەکگرتوو و کۆمەڵ، چونکە حزبی سۆسیالیست و زەحمەتکێشان 3 کورسییان بەر کەوت، لەکاتێکدا لە هیچ هەڵبژاردنێکدا ئەو کورسییانەیان نەبووە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی تاکتیکی هەڵبژاردنەوەیە، بۆیە ئاساییە ئەگەر بڵێم خوێندنەوەیەکی وردی ئەم یاسایەیان نەکردبێ، چونکە بەشدارییان بەم شێوازەی ئێستایان، بە قازانج بۆیان ناشکێتەوە، لە حاڵەتی بەدەستهێنانی کورسیشدا، ئەوان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی لێکتێگەشتنێك لەگەڵ یەکێتی، کە ئەگەر پابەند بێت یان نا، لێکەوتەی بۆ دوای هەڵبژاردنەکانیش دەبێت، لەکاتێکدا دەیانتوانی پێکەوە ئەوە بەدەست بێنن کە دەیانەوێت و نەچنە ژێر باری لێکتێگەشتن و پابەندبوونێکی وەها”.

دەشڵێت “حزبە ئیسلامییەکان قەت لە خۆیان نەپرسیوە، بۆچی هەر حزبێکی نوێ، یان لیستێکی نوێ دروست دەبێت (گۆڕان، نەوەی نوێ، لیستەکەی د.بەرهەم) ڕێژەی دەنگەکانی لەوان زیاتر دەبێت و پێش ئەوان دەکەوێ؟ ئەی ئەمە توێژینەوەی ورد و خوێندنەوەی ورد هەڵناگرێت؟ کە پێویستی بە پلانی ورد و ستراتیژیەتێکی هاوبەش هەیە، کە بێ گومان هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی، ئەم حزبانە خۆیان لە بازنەیەکی بچووکدا قبووڵە”.

ئەو چاودێرە سیاسییە، ئاماژەی بەوەش دا، یاسای نوێی هەڵبژاردن کاریگەریی گەورە لەسەر پێگەی حزبە ئیسلامییەکان دادەنێت و لە ڕووی جەماوەرییەوە پاشەکشەی بەرچاویان پێ دەکات و دەنگدەرانی زۆرترین بازنە بێ هیوا دەبن لە حزبەکانیان، کە کاندیدیان تێیاندا نییە، یان کاندیدەکانیان تێیدا دەرناچن، ئەم بێ هیوابوونە وادەکات، بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە کات و وزەیەکی زۆری دەوێت تا باوەڕ بە دەنگدەرەکانیان بێنن، کە بچنەوە سەر سندووقەکان و دەنگیان پێ بدەن، چونکە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدەرەکانی زۆرترین بازنەیان دەگەنە ئەو بڕوایەی، کە دەنگی ئەوان بۆ ئەو دوو حزبە، هیچ کاریگەرییەک دروست ناکات و دەنگەکانیان وەكوو سووتاو حساب دەکرێت، کە هەر لەبەر ئەوەش بووە بزووتنەوەی ئیسلامی هەر لەسەرەتاوە پاشەکشەی کردووە.

بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2020،  (18) پارێزگاکەی عێراق دابەش کراونەتە سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن، بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دابەش بوون بەسەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك، کە ژمارەیان 46 كورسییە، لە پارێزگای هەولێر 53 كاندید كێبڕكێ لەسەر 15 كورسی دەكەن (35 نێر و 18 مێ). لە پارێزگای سلێمانی 65 كاندید كێبڕكێ لەسەر 18 كورسی دەكەن (41 نێر و 24 مێ). لە پارێزگای دهۆك 28 كاندید كێبڕكێ لەسەر 12 كورسی دەكەن (21 نێر و 7 مێ).

بۆ پارێزگای (نەینەوا)ش، کە هەشت بازنەی هەڵبژاردنی هەیە، 31 کورسی بۆ تەرخان کراوە، پارێزگای (کەرکووک)یش کە سێ بازنەی هەڵبژاردنە، 12 کورسی بۆ تەرخان کراوە، کە پارتە سیاسییەکانی کوردستان چاویان لە بردنەوەی ژمارەیەک لە کورسییەکانی ئەو دوو پارێزگایەیە، لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان، جگە لەوەش، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی کوردستانی (یەکێتی و گۆڕان) ژمارەیەک کاندیدیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش هەیە، بەڵام بە بڕوای چاودێران، تەنیا کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردسان چانسی دەرچوونیان لەو پارێزگایانەی دیکەی عێراقدا هەیە.