كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

كاندیدێك بەهۆی قیرتاوكردنی كۆڵانێك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوور دەخرێتەوە

لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێ ناهەقی بەرانبەر كراوە

ئەمڕۆ دووشەممە شەعلان كەریم كاندیدی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای سەڵاحەدین ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی بڕیاری دوورخستنەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردن بەهۆی قیڕتاوكردنی گەڕەكێكی شارەكەی بڵاوكردەوە.

شەعلان كە لەلایەن حزبی "تەقەدوم"ەوە كاندید كراوە، لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕای گەیاندووە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ناهەقی لێ كردووە و دووری خستووەتەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردن.

گوتیشی لە دادگای عێراق تانەی لە بڕیارەكەی كۆمسیۆن داوە و بەڵگەی پێویستی پێشكەش كردووە، ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە كۆمسیۆن زانیاری نادروست و هەڵبەستراوی لەبارەیەوە پێگەیشتووە.

كاندیدەكە دەڵێ چاوەڕێ دەكات لە چەند كاتژمێری داهاتوودا دادگای عێراقی وەڵامی تانەكەی بداتەوە و بڕیارەكەی كۆمسیۆن ڕاست بكرێتەوە.

جێی باسە ئەمڕۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ڕای گەیاند كە شەعلان كەریم بەهۆی پێشێلكردنی یاساكانی بانگەشەی هەڵبژاردن دوورخراوەتەوە، ئاماژەشی بەوە داوە كە ناوبراو كەلوپەلی دەزگاكانی حكوومەتی بەكارهێناوە بۆ قیرتاوكردنی چەند كۆڵانێكی سنوورەكەی وەك بەشێك لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆی.

كۆمسیۆن ئەوەشی راگەیاندبوو كە بە هەمان هۆكاری پێشێلكردنی یاساكانی بانگەشەی هەڵبژاردن، شەش كاندیدی تریشیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دوورخستووەتەوە.