بەشێك لە چالاكە مەدەنییەكانی ناوچە شیعییەكانی عێراق كار بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەشێك لە چالاكە مەدەنییەكانی ناوچە شیعییەكانی عێراق كار بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن

ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە بەشێكی بەرچاوی چالاكە مەدەنییەكانی باشوور و ناوەڕاستی وڵاتەكە، بەتایبەتی ئەوانەی ناوچە شیعەنشینەكان، بانگەشە بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن.

كەناڵی (ئەلحورە)ی عێراق لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە كە لە كاتێكدایە كەمتر لە دوو هەفتەی ماوە بۆ ڕۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، تا ئێستا چالاكە مەدەنییەكانی عێراق بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، بەشێكیان هانی دەنگدان و بەشێكیشیان بانگەشە بۆ بایكۆتكردنی دەنگدان دەكەن.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم بانگەشەی بایكۆتكردنە لەلایەن هەمان ئەو چالاكانەوە دەكرێت كە پێشتر بەشداری خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی دژی حكوومەت بوون و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتیان دەكرد، بەڵام ئێستا بە جارێك لە دەسەڵاتدارانی حكوومەتی فیدراڵی بێ هیوا بوون و پێیانوایە لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەشدا هەمان ڕووخسارەكانی ئێستای شەقامی شیعی سەردەكەونەوە.

لەمبارەیەوە زیاد عەساد چالاكی مەدەنیی ناسراو لە پارێزگای ناسرییە دەڵێ پرۆسەیەكی هەڵبژاردن لەژێر هەژموونی چەكی میلیشیاكان و پارەی گەندەڵی و دەسەڵاتی وڵاتانی هەرێمیدا بكرێت، هی ئەوە نییە پشتی بێ ببەستن و هیوایان پێهەبێت.

راپۆرتەكە ناوی چەندین چالاكی مەدەنی كوژراوی عێراقی بە نمونە هێناوەتەوە لە مانگەكانی ڕابردوودا لە ناوچە شیعەنشینەكانی عێراق، كە ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو لە خۆپیشاندانەكاندا، بەبێ ئەوەی دادگا و حكوومەتی عێراقی تا ئێستا هیچ یەكێك لە بكوژەكانیان ئاشكرا بكات، لەوانەش ئیهاب وەزنی، فاهم تائی، ئەمجەد دەهامات، عەبدولقدوس قاسم، تەحسین ئەحمەد، ریهام یەعقوب و هیشام هاشمی.

بەم هۆیەوە عەساد دەڵێ لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەدا، چاوەڕوان دەكرێ ناكۆكییەكان و دووبەرەكییەكان قووڵتر ببنەوە، تەنگژەكانی ئێستا لە عێراقدا هەن، ئاڵۆزتریش بن.