ساسان عەونی: بۆ داكۆكی لە دۆزی كورد لە بەغدا دەنگ بە پارتی بدەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ساسان عەونی: بۆ داكۆكی لە دۆزی كورد لە بەغدا دەنگ بە پارتی بدەن

پارتی لەسەر ئاستی عێراق و جیهانیشدا نوێنەری گەلی کوردستانە

ئەمڕۆ یەكشەممە ساسان عەونی ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند كە پارتی خاوەنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردە و بۆ بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستانیش لە عێراق و داكۆكیكردن لە مافی ڕەوای گەلی كورد لە بەغدا، گرنگە خەڵكی كوردستان دەنگ بە پارتی بدەن و زۆرترین كاندیدانی پارتی بنێرنە پەرلەمانی عێراق.

ساسان عەونی ئەندامی سەركردایەتیی پارتی لە كۆبوونەوەیەكی بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە لە لقی دووی پارتی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی نوێنەری گەلی کوردستان لە ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیهانیشدا پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە دەبێت بە دەنگ و متمانەی خۆمان، نوێنەر و خاوەنی دۆزە ڕەواکەمان سەربخەین و وەک هەمیشە بەهێزی بکەین و زۆرترین کاندیدی پارتی بنێرینە پەرلەمانی عێراق تا داکۆکی لە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بکەن.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ جەماوەر و كادیران و لایەنگرانی پارتی لە شاری هەولێر ئەوەشی گوتی كە دەبێ هەموو خەڵکی کوردستان کار بۆ بەهێزکردنی پێگە و سەنگی گەلی كوردستان بکەن، ئەوەش بە دەنگدان بە کاندیدانی پارتی دەکرێت.