نێچیرڤان بارزانی: بەهێزبوونی پارتی واتە بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان و زامنبوونی دەستكەوتەكانی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

نێچیرڤان بارزانی: بەهێزبوونی پارتی واتە بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان و زامنبوونی دەستكەوتەكانی

ئەمڕۆ یەكشەممە نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە میانی وتارێكدا لە هه‌ڵمه‌تی بانگەشەی هه‌ڵبژاردنی پارتی له‌ شاری هه‌ولێر، ڕای گەیاند لە پەرلەمانی عێراقدا، بەهێزبوونی پارتی واتە بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان، بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا واتا زامنبوونی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانى داواشى لە جەماوەر و لایەنگرانى پارتى کرد کە هەموو پێکەوە کار بکەن و هەوڵ بدەن بۆ ئەوەى لە هەڵبژاردنى 10ى ئۆکتۆبەرى داهاتوودا بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، کاندیدانى پارتى دیموکراتى کوردستان زۆرترین سەرکەوتن بە دەست بهێنن و ژمارەیەکى زۆرى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق ببەنەوە.

لە وتارەكەیدا لە هەولێر بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن لە سنوورى پارێزگاکە، نێچیرڤان بارزانى لەبەردەم کادیران و ئەندامانى پارتى دووپاتى کردەوە کە سەرکەوتن و بەهێزیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراقدا، گەرەنتیى ماف و دەسکەوتەکانى هەرێمى کوردستانە و گوتیشی بەهێزیى پارتى، واتە بەهێزیى هەرێمى کوردستان.

جێگری سەرۆكی پارتی لە وتارەكەیدا گوتی پارتی سه‌ربه‌رزه‌ كه‌ خاوه‌نی جه‌ماوه‌رێكی وه‌ك ئێوه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵات و هێزی پارتی له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یدایه‌، به‌ به‌ڵگه‌ ئه‌وه‌مان بینیوه‌ كاتێك له‌ ساڵی 1975 شۆڕش نشوستی هێنا‌، ئه‌وه‌ی كه‌ دواتر پارتیی زیندوو كرده‌وه‌، نه‌ ئیمكانیاتی ماددی بوو نه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی بوون، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی پارتیی گه‌ڕانده‌وه‌ گۆڕه‌پانی سیاسی، ته‌نها هێزی جه‌ماوه‌ری بوو، هه‌ر ئه‌و خاڵه‌ش بوو كه‌ خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی پارتی بوو و ئه‌و حزبه‌ی له‌ حزبه‌كانی دیكه‌ جیاده‌كرده‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی ئه‌گه‌ر بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ مێژوو، له‌ زۆر وێستگه‌دا پارتی تووشی كێشه‌ بووه‌ و پیلانگێڕی له‌ دژی گێڕدراوه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی پارتی و زاڵبوونی به‌سه‌ر كیشه‌كانیدا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی و پاڵپشتی دڵسۆزییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له‌گه‌ڵدا بووه‌ و به‌رده‌وام له‌ قۆناغێكه‌وه‌ به‌ره‌و قۆناغێكی باشتر هه‌نگاوی ناوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 1992، پارتی به‌ردی بناغه‌ی سیسته‌می دیموكراتیی له‌و وڵاته‌ دانا، سه‌رۆكی پارتی یه‌كه‌م كه‌س بوو كه‌ له‌ كۆیه‌ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ ده‌بێت كیشه‌كانمان له‌ڕێگه‌ی سندوقی ده‌نگدانه‌وه‌ یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌ و ئه‌و شه‌ره‌فه‌ به‌ر پارتی و جه‌ماوه‌ری پارتی كه‌وتووه‌.

جێگری سەرۆكی پارتی گوتیشی ئێمه‌ هه‌رگیز نه‌مانگوتووه‌ دیموكراسییه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێ كه‌موكوڕییه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێی دڵنیاین ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پارتی له‌سه‌ر رێچكه‌ و رێبازێكی دروست ده‌ڕوات و به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ ئه‌و میلله‌ته‌ هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌و دڵنیاییه‌ی ئێمه‌ش له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌مان و ئه‌و كه‌سانه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، كه‌ ماندووبوون و قوربانیان داوه و هێزیان به‌ ئێمه‌ به‌خشیوه‌، چ له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ بن یانیش ئه‌و دایكانه‌ بن كه‌ منداڵه‌كانیان له‌ هه‌موو دۆخێكدا په‌روه‌رده‌ كردووه‌‌.

سه‌باره‌ت به‌و كێشانه‌ش كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه‌، هێرشه‌كه‌ی ساڵی 2014ی داعشی وه‌ك نموونه‌ هێنایه‌وه‌ و گوتی ئه‌وه‌نده‌ له‌مێژ نییه‌ ئه‌و هێرشه‌ كرایه‌ سه‌رمان، به‌ڵام كێ ئه‌و شه‌ره‌فه‌ی هه‌بوو به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ گه‌وره‌یه‌ یه‌كه‌م به‌رگری له‌ كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی بكات. و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، راسته‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش هاوكاری ئێمه‌یان كرد و زۆر سوپاسیان ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خۆڕاگر بوو و له‌ پێشه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كان بوون، ئه‌و پیشمه‌رگانه‌ بوون كه‌ مێشكیان به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی پارتیانه‌ ئاودرابوون. هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌رۆكه‌ بوو كه‌ ماوه‌ی 3 مانگ له‌ناو ئۆتۆمبیل نووست، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێزی ئه‌و گه‌ل و جه‌ماوه‌ره‌ رووبه‌ڕووی ئه‌و دڕندانه‌ ببێته‌وه‌.