لە ساڵی 1985 درەنگە، كەچی لە 2017 زووە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 26/09/2021

لە ساڵی 1985 درەنگە، كەچی لە 2017 زووە!

ئەم وتارە لەبەر ھەندێك لەوانەی ناو یەكێتی دەنووسم كە لە چوارەمین ساڵڤەگەڕی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا و لە گەرمەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەكانی عێراقدا، دژی ڕیفراندۆم قسە دەكەن و دەنووسن، ئەوانە وا دەزانن لە یادی ڕیفراندۆمدا ھەر بە تەنیا دژی پارتیین، بەڵام ئەوەیان بیر چووەتەوە كە لەڕاستیدا ئەوانە دژی لەسەدا 93ی دەنگدەرانی گەلی كوردستانن كە لە 25–9–2017 گوتیان: ”بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان“.

زۆر باشم لەبیرە، كاتێك گفتوگۆی نێوان یەكێتی و ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1985 ھیچی لێ پەیدا نەبوو و ھەرەسی ھێنا، ئیتر لە ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستانەوە واتە (ئێزگەكەی یەكێتی) وتارێك خوێندرایەوە و دروشمی (دیموكراسی بۆ عێراق و حوكمی زاتیی ڕاستەقینە بۆ كوردستان) گۆڕدرا بۆ (دیموكراسی بۆ عێراق و مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كورد) لە كۆتایی وتارەكەشدا گوترا (ئیتر بۆ بەدەستھێنانی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كورد زوو نیە درەنگە).

تەبعەن گۆڕینی ئەم سیاسەت و دروشمە ستراتیژییە زۆر گرنگانە، دەبێ لەسەر ئاستی باڵا بڕیاری لێ بدرێت و ھەر بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەش دەمەوێت ئەم زانیارییەش بدركێنم كە ڕۆژێكی ساڵی 1999 بوو ئەوكات لە ڕۆژنامەی (كوردستانی نوێ) بووم، ڕۆژێك كاك حەمەتۆفیق ڕەحیم پێی گوتم: ”جەمال، كاك نەوشیروان دەیەوێت دوو بەدوو بتبینێت و سەعات ئەوەندە بچۆ بۆ ماڵیان بۆ گردی عەلی ناجی“.

دوای ئەوەی كە چووم و دوو بەدوو لەگەڵ خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا دانیشتین، لەناو ھەندێك قسە و باسی تایبەت بە سیاسەت و ڕاگەیاندندا گوتی: ”با پێپت بڵێم ھەموو كەس ناتوانن نووسینی سیاسیی گرنگ بنووسن، تەنانەت لە شاخیش زۆربەی نووسینە سیاسییە گرنگەكان بەتایبەتی ئەوانەی كە وەرچەرخانی لە سیاسەتی یەكێتیدا تێدا بوو، یان مام جەلال دەینووسین یان من“، ئیتر منیش تێگەییشتم كاك نەوشیروان مەبەستی چیە و بەوردی چیی لە من دەوێت.

بە ھەرحاڵ كەواتە نووسینی ئەو وتارەش لە ساڵی 1985 تایبەت بە گۆڕینی سیاسەت و دروشمی یەكێتی لە (دیموكراسی بۆ عێراق و حوكمی زاتیی ڕاستەقینە بۆ كوردستان) بۆ (دیموكراسی بۆ عێراق و مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كورد) و كۆكردنەوە و نووسینی لە وتارێكدا، لەسەر ئاستی زۆر باڵای یەكێتی بڕیاری لێ دراوە و نووسراوە.. جا ئیتر ئێستا سێ پرسیارم ھەیە:

1- ئایا مافی چارەی خۆنووسین یان مافی بڕياردانی چارەنووس، بە مانای ئەوە نایەت كە ھەر گەلێك خۆی بڕیار لە چارەنووس و سیاسەتی خۆی بدات بێ ھیچ دەستوەردان یان دەستدرێژیەكی دوژمنكارانەی دەرەكی؟ خۆ ئەگەر تۆزێك ماركسییانە و زیاتریش لینینیانە بۆی بڕۆین، ئایا مافی گەلان لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیاندا بێجگە لە دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆ ھیچ مانایەكی دیكەی ھەیە؟

2- ئایا ئەوەی كە لە 25–9–2017 پیادە كرا، واتە ڕۆژی ڕیفراندۆم كە سەرۆك بارزانی سەركردایەتیی كرد، بێجگە لە پیادەكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس چیی تر بوو؟ واتە بێجگە لە پیادەكردنی مافێكی ڕەوای گەلان بە شێوەیەكی ئاشتییانە چیی تر بوو؟

3- لە ھەمووی گرنگتر، بۆچی بەلای یەكێتیەوە ساڵی 1985 نەك ھەر زوو نەبووە، بەڵكوو دەرەنگیش بووە بۆ مافی بڕياردانی چارەنووس بۆ گەلی كورد، كەچی لە 25–9–2017 كە ئەم مافە پیادە دەكرێت لای بەشێكی یەكێتی زوو بووە و نەدەبوایە بكرایە؟ من سەرم لەمە دەرناچێت و بێزەحەمەت یەكێك تێم بگەیەنێت!