مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیی ھەمەلایەنەیە لەگەڵ تورکیا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیی ھەمەلایەنەیە لەگەڵ تورکیا

 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بازرگانیی تورکیا و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە و ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی و هەماهەنگیی لەگەڵ تورکیا کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئەیلوولی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەد مووش، وەزیری بازرگانیی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد و دواتر لەگەڵ شاندی باڵای بازرگانیی تورکیا کە لە ژمارەیەک بازرگان و وەبەرهێنەرانی تورکیا پێکهاتبوو کۆبووەوە.

لە کۆبووەنەوەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی و هەماهەنگیی لەگەڵ تورکیا کرد کە دراوسێیەکی گرنگیی هەرێمی کوردستان و عێراقە و دەروازەی هەرێمە بەرەو ئەورووپا و جیهان و هاتنی ئەم شاندە بازرگانییە گەورەیە، گوڕوتینێکی زیاتر بە پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەدات.

سەرۆکی حکوومەت، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیی ھەمەلایەنەیە لە گەڵ تورکیا لە سەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش.

هەروەها سەرۆکی حکوومەت، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕوونیکردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆر بە پرۆسەی وەبەرهێنان دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش، هەر کارئاسانییەک پێویست بێت دەیکات بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی و برەودان بە پرۆسەی سەرمایەگوزاریی و بازرگانی.

لای خۆیەوە وەزیری بازرگانیی تورکیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە سەر هەموو ئاستەکان دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری جموجۆڵی بازرگانیی و وەبەرهێناندا و هیواشی خواست کە ئاستی بازرگانیی و سەرمایەگوزاریی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، لە داهاتوودا بەرفراوانتر ببێت.