ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە نەخشەی سیاسی لە عێراق دەگۆڕێت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە نەخشەی سیاسی لە عێراق دەگۆڕێت؟

پارتی: لەسەر ئاستی کوردستان یەکەم دەبین و لەسەر ئاستی (عێراق)یش ھەمان ئومێدمان ھەیە

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە تواناشیدا نەبێت گۆڕانکاریی جەوهەری لە نەخشەی سیاسیی هێزەکان لە عێراقدا بکات، بەڵام پێکهاتەکانی عێراق لە (عەرەبی شیعە، عەرەبی سوننە و کورد) لەیەکتری نزیک دەکاتەوە، چونکە هیچ هێزێک لەناو هیچ کام پێکهاتەکاندا بەتەنیا ناتوانێ حکوومەتی داهاتووی عێراق پێکبهێنێ، بەتایبەتی هێزە عەرەبیە شیعیەکان، کە ئەو پۆستە بە حەقەبەشی خۆیان دەزانن. (پارتی دیموکراتی کوردستان)یش زیاتر لە هەموو هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان و عێراق، متمانەی بە خۆی هەیە، کە لەم هەڵبژاردنەش سەرکەوتوو دەبێت.

هەڵبژاردنی رابردووی 2018

بەرەبەیانی رۆژی شەممە 19/5/2018، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند.

بەپێی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە، لیستی سائیروونی موقتەدا سەدر لە عێراق پلەی یەکەمی بەدەست هێنا و لە هەرێمی کوردستانیش (پارتی دیموکراتی کوردستان)، براوەی یەکەمی ئەو هەڵبژاردنە بوو، ئەمە جیا لەوەی وەك حزب، پارتی براوەی یەكەمی هەموو حزبەكانی عێراق بوو بۆ پەرلەمان.

بەپێی ئەو ئەنجامەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق ئەوکات بڵاوی کردەوە، لیستی هاوپەیمانێتیی سائیروون بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، بە بەدەستهێنانی 54 کورسی لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمان بووە بە لیستی یەکەمی هەڵبژاردن و لیستی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، بە 47 کورسی دووەم و لیستی هاوپەیمانیی (نەسڕ) بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، 42 کورسی، بە پلەی سێیەم و لیستی دەوڵەتی (یاسا) بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی بە 26 کورسی پلەی چوارەمی بەدەست هێناوە.

هەر بەپێی ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردنی 2018ی عێراق، لە ئاستی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان بە 25 کورسی پلەی یەکەم و پلەی پێنجەمی لە عێراقدا هێناوە. هەروەها، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان 18 کورسی و گۆڕان 5 کورسی، نەوەی نوێ چوار کورسی، هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دوو کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی دوو کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی دوو کورسیی بەدەست هێناوە.

گۆڕانکاری لە نەخشەی هێزەکان

بەهۆی گۆڕانگاری لە یاسای هەڵبژاردن و بەپێی ماددەی 15ی پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن پشت بە کاندیدی تاک و فرەبازنەی بچووک دەبەستێت، کە بازنەکان لە پارێزگاکانەوە لە 18 پارێزگاوە بچووک کراونەتەوە بۆ قەزاکان و 83 بازنە، کە کاندیدەکانیش بە تاک دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە، چاودێران پێیان وایە، بۆ حزبە بچووکەکان، ئەوانەی پێشتر لە پەرلەمانی عێراق چەند کورسییەکیان هەبووە، بۆیان زەحمەت دەبێت بتوانن کاندیدەکانیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە سەربخەنەوە، بەوەش گۆڕانکاری بەسەر نەخشەی ئەو حزبانە لە پەرلەمانی عێراقدا دێت، بەڵام بۆ حزبە گەورە و خاوەن پێگە جەماوەرییەکان و ئەو هێزانەی جەماوەری جێگیریان هەیە، گۆڕانکارییەکان بەو شێوەیە نابن، بە شێوەیەکی گشتییش، گۆڕانکاریی جەوهەری بەسەر نەخشەی سیاسیدا نایەت.

دوو سیناریۆ بۆ دوای هەڵبژاردن

بەپێی راپۆرتێكى ئه‌مریكى، کە لە ماڵپه‌ڕى (War On the Rocks) بڵاو کراوەتەوە، سیناریۆكانى پێكهێنانى حكوومه‌تى عێراق، بۆ دوای هەڵبژاردن "دوو سیناریۆ هه‌یه‌".

 راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ: ”هیچ لایه‌نێك ئەگەر چەند بەهێزیش بێت له‌ عێراق ناتوانێ له‌ 60 كورسى زیاتر بهێنێ“، بۆیه‌ هه‌ر لایه‌نێك براوه‌ى یه‌كه‌م بێت، ئه‌وا پێویستى به‌ هاوپه‌یمانییه‌كى گه‌وره‌ ده‌بێت و ده‌بێ چه‌ندان لایه‌ن لە خۆی كۆ بكاته‌وه‌“.

به‌هۆى ئه‌وه‌یشى وەکوو عورفێکی سیاسی لە عێراق،‌ سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌ت بۆ پێكهاته‌ى عەرەبی شیعه‌یه، راپۆرته‌كه‌ باس له‌ لایه‌نه‌ عەرەبیە شیعه‌كان ده‌كات و پێی وایه‌، ركابه‌رى گه‌وره‌ترین فراكسیۆن له‌نێوان ره‌وتى سه‌در و هاوپه‌یمانیى فه‌تح ده‌بێت، هه‌ر یه‌كێك له‌مانه‌یش كۆمه‌ڵێك ئاله‌نگارى له‌به‌رده‌میاندا هەیه‌. سه‌باره‌ت به‌ ره‌وتى سه‌دریش، یه‌كه‌م كێشه‌ى نه‌بوونى هاوپه‌یمانییه‌، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك هاوپه‌یمانى كه‌ پێشتر هه‌یبوو له‌ده‌ستى داوه‌، ئه‌مجاره‌ ده‌بێ دووباره‌ هه‌وڵی بۆ بداته‌وه‌، كێشه‌یه‌كى ترى به‌رده‌م ره‌وتى سه‌در ركابه‌رێتیى فه‌تحه‌.

ئه‌گه‌ر فه‌تحیش براوه‌ى یه‌كه‌م بێ، ئه‌وا ئه‌ویش كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى له‌به‌رده‌مدا دەبێ، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى نیشتمانى و نێوده‌وڵه‌تى قبووڵ ناكرێت، دووه‌م به‌رنامه‌ى چاكسازیى نییه‌، زۆربه‌ى لایه‌نه‌كانیش میلیشیایان هه‌یه‌ و دووبه‌ره‌كى له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕاى ئەوەش، هه‌ژموونى ئێران به‌سه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانییەدا بەهێزە‌.

ئەو سیناریۆیەش، بە بڕوای چاودێران وا دەکات، (عەرەبی شیعە، عەرەبی سوننە و کورد) بۆ دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق، لە یەکتری نزیک بکاتەوە.

پارتی: لە کوردستان و عێراق یەکەمین

هاوار محەمەد، ئەندامی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پرەنسیپی نەتەوەیی نەگۆڕی هەیە و مێژوویەکی لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو میللەتی کورددا بردووەتە سەر و لە ئاستە خزمەتگوزارییەکانیشدا رۆڵ و کاریگەریی باشی هەبووە، ئەوە وای کردووە پارتی هەر هەڵبژاردنێک بە هەنگاوی چوونەپێشەوە بزانێت، گوتیشی: ”بەو متمانەیەوە پێمان وایە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکەم و لەسەر ئاستی (عێڕراق)یش ھەمان ئومێدمان ھەیە و دڵنیاشین ژمارەی کورسییەکانمان زیاد دەکات“.

گۆڕانکاریی جەوهەری

د. دڵشاد عەبدولڕەحمان، چاودێری سیاسی، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: ”سەرەڕای ئەوەی یاسای هەڵبژاردن گۆڕاوە، بازنەکان بەشێوەی بەرچاو زیادیان کردووە و تاک دەتوانێ خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام وای نابینین هەڵبژاردن بتوانێ نەخشەی سیاسی لە عێراق بگۆڕێت، بەڵکوو هەر ئەو هێزانە دەردەچنەوە کە لە گۆڕەپانی ئێستای سیاسیی عێراقدان، تەنیا رەنگە ژمارەی کورسییەکانی ئەو هێزانە زیاد و کەم بکات، هەر ئەوانیش دوای هەڵبژاردن حکوومەتی عێراق پێکدەهێننەوە، بەمەش لەوانەیە دووبارە خۆپیشاندانەکان لە شارە عێراقییەکان دەست پێبکەنەوە، چونکە لەوە ناچێت خۆپیشاندەران لەم ماوەیەدا توانیبێتیان هێزی سیاسیی نوێی خۆیان هەبێت و کاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسیی عێراق بکات“.

خواستی گەورە هەیە بۆ گۆڕانکاری و شەقام تووڕەیە

لای خۆشیانەوە، بورهان رەئووف، چاودێری سیاسی، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، لەوە ناچێت ئەو هەژموونەی وڵاتان کە بەسەر عێراقدا هەیە، رێگە بدات گۆڕانکاری روو بدات، بەڵام لە شەقامی عێراقیدا خواستێکی گەورە بۆ گۆڕانکاری هەیە، گوتیشی: ”ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک لە عێراق روو نەدات و دەستوور جێبەجێ نەکرێت و عێراق هەر بەو دۆخەی ئێستای بمێنێتەوە، هەڵبژاردن ناتوانێ ئارامی و سەقامگیری بەدی بهێنێت و ئەگەری زۆرە شەقامی تووڕە و نیگەران، دووبارە بجووڵێتەوە و بەریەککەوتنی گەورە لەناوخۆی عێراقدا روو بدات، بە شێوەیەک خۆپیشاندانی ئاشتییانە بۆ بارودۆخی بەریەککەوتن بگۆڕێت“.

گرنگیی دەنگدانی خەڵكی كوردستان

محەمە عەزیز، چاودێری سیاسی و دەرچووی كۆلێژی یاسا، لەبارەی گرنگیی بەشداریی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانەوە گوتی: ”پێشبینی و ئەنجام هەرچیەك بن، زۆر زۆر گرنگە خەڵكی كوردستان بەشدارییەكی گەرم لەم هەڵبژاردنانەدا بكەن و بە جۆش و خرۆشەوە كوردستان لەم پرۆسەیەشدا سەربخەن، بەتایبەتی گوردستانیانی كەركووك و خانەقین و شنگال و ناوچە كوردستانیەكانی تر، دەبێ لە هەموو هەڵبژاردنێك زیاتر لەم هەڵبژاردنەدا بەشدارییان گەرم بێت، چونكە بۆ ئایندەی ئەو ناوچانە چارەنووسسازە".