سەرکردەیەکی یەکگرتوو: ریفراندۆمی كوردستان لە مێژوودا تۆمار كراوە و رەش نابێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سەرکردەیەکی یەکگرتوو: ریفراندۆمی كوردستان لە مێژوودا تۆمار كراوە و رەش نابێتەوە

 سەرکردەیەکی یەکگرتووی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، لە قۆناغێكدا ئەنجامی ڕیفراندۆم سوودی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان دەبێت و دەشڵێت، "ڕیفراندۆم لە مێژوودا تۆمار كراوە و قەت ڕەش نابێتەوە".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26/9/2021، نەسرەدین سەعید سندی، سەرکردەی یەکگرتووی ئیسلامی و وەزیری پێشووی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە بارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "كوردیش وەكوو هەموو گەلێك مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری بكات و ڕیفراندۆمیش بەشێك بوو لەو مافە".

جەختی لەوەش کردەوە: "دەبێ ڕێز لەو بڕیارەی گەلی كوردستان بگیرێت كە لە 25ی ئەیلوولی 2017دا جێبه‌جێی كرد، بۆچی دەبێ ڕیفراندۆم و مافی چارەنووس بۆ گەلانی تر حەڵاڵ بێت و بۆ ئێمە حەرام بێت؟''

پێوەند بەوەی دەكرێت لە قۆناغێكدا ئەنجامی ڕیفراندۆم سوودی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان هەبێت، نەسرەدین سندی لە وەڵامدا گوتی: "بەڵێ، دەکرێت و سوودی دەبێت، میللەتی زیندوو دەتوانێت لە هەموو دەرفەتێك سوود وەربگرێت".

ئەو سەرکردەیەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان جەختی كردەوە: ''ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە مێژوودا تۆمار كراوە و قەت ڕەش نابێتەوە".