چاودێرێك: خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەر دەزانن چەند ڕۆژێكیتر باجی خیانەتەكەیان دەدەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

چاودێرێك: خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەر دەزانن چەند ڕۆژێكیتر باجی خیانەتەكەیان دەدەن

”خەڵکی کەرکووک بە چاوێکی سووکەوە سەیری یەکێتی و خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکەن“

چاودێران پێیانوایە، خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەر دەزانن چەند ڕۆژێكی دیكە باجی خیاتەكەیان دەدەن، جەختیش دەكەنەوە كە بەهۆی ئەو خیانەتەوە ئێستاش خەڵكی كەركووك ”بە چاوێكی سووك“ سەیری یەكێتی و خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەر دەكەن.
لە ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا، ژمارەیەكی زۆر لەو حزب و گرووپ و پەرلەمانتار و كەسانەی كە لە ڕابردوودا بە شێوەی جیاجیا خۆیان بە میلیشیا و لایەنەكانی عێراق فرۆشتووە، تەنانەت سەرانی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ و یەكێتیش، هێرشیان كردە سەر ریفراندۆم. لە كاتێكدا ئەمە پێچەوانەی هەڵوێستی شەرمنانەی خۆیان بوو لە ڕۆژی ریفراندۆم لە ٢٥ی ٩ی ٢٠٢١ كە بە گوتەی سەركردەكانی خۆیان، یەكێتی دەیگوت دەبێ لە كەركووكیش ریفراندۆم بكرێت.
لەمبارەیەوە د. ناسیح غەفوور، سیاسەتمەدار و ئەندام لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، یەکێتی لە سەرەتای ئامادەکاری بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، جەختی لەوە دەکردەوە کە نابێت پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەبێ کەرکووک بەڕێوە بچێت، چونکە پێیوابوو بە کەرکوکەوە ریفراندۆم ناکرێت، بەڵام ”کاتێک زانییان ڕیفرۆندۆمەکە سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە و ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان دەنگی بە (بەڵێ) داوە، یەکێتی و بیری کردەوە خەڵکی کوردستان، سەرکەوتنی ڕیفراندۆم بە سەرکەوتنی سەرۆک بارزانی و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان دادەنێن، بۆیە ئەو حزبە ”ئێستا قەڵس بووە و ھێرش دەکاتە سەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان“.
بە بڕوای ئەو چاودێرە، یەکێتی خەڵکی کوردستان فریو دەدات، بانگەشەی ئەوە دەکات ئەگەر ڕیفراندۆم نەبوایە کورد لە کەرکووک دەسەڵاتەکەی پێشووی دەمایەوە، بەڵام ئەم قسەیە ئەسڵ و ئەساسی نییە و ”ئێمەی کەرکووکییەکان دەزانین پێش ئەوەی ڕیفراندۆم بکرێت، عەرەبی شۆڤێنی و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و كەسانێكی بەدەسەڵاتی نێو خودی یەكێتیش ئەوكات، ڕێككەوتنی نهێنییان كردبوو بۆ بەدەستەوەدانی كەركووك، هەر بەهۆی ئەو ڕێککەوتنەی کاڵفامەكانی نێو یەکێتیش بوو، كەركووك داگیر كرا كە ئێستا خۆشیان هێندە بێچاوڕوون، بە داگیركردنەوەی كەركووكی نازانن“.
د. ناسح غەفوور نەیشاردەوە كە ”كەركووكییەكان بە چاوێکی سووکەوە سەیری یەکێتی و تاقمی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەكەن، چونکە ئەوان ھۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەو بارودۆخە خراپەی كە چەندان ساڵە ڕووبەڕوویان بۆتەوە، بۆیە چەند ڕۆژێكیتر باجی خیانەتەكەیان دەدەن“.
لە لایەن خۆیەوە ئاری عەبدول لەتیف، ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی لە سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە سەرەتای بڕیار و پرۆسەی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، وەکو ڕۆژنامەنووسێك “گوتم ئەگەر ڕیفراندۆم ژەھریش بێت، دەیخۆمەوە، دوای چوار ساڵ ئێستاش ھەمان ڕستە دووبارە دەکەمەوە، چونکە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، تاکە ئازادییە کە کۆیلەکان تامی ناکەن”.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەوانەی دژایەتیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، “لەوە ناچێت هیچ لەبارەی تامی ئازادییەوە بزانن”.