كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

عەلی عەونی: هێرشكردنە سەر پارتی لە لایەن هەندێك حزبەوە، نیشانەی ئیفلاسیی ئەوانە

"ئەوانەی له‌ ڕیفراندۆمدا موزایەدەیان بەسەردا دەكردین رۆژێك دوای دەنگدان پەشیمان بوونەوە"

 ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی پارتی، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ ڕێی بەدەستهێنانی ئازادی پڕ لە قوربانی و زەحمەتییە، ئەو ڕۆژەی لە ڕیفراندۆمیش دەنگمان دا، دەمانزانی دوژمنان دەیانەوێ پەلامارمان بدەن، بەڵام خۆشبەختانە لەشكری ئەوان تێك و پێك شكا و هەموو هێز و جبەخانەكانیانمان تێك شكاند.

عه‌لی عه‌ونی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی، دووپاتی ده‌كاته‌وه، هێرشكردنە سەر پارتی لە لایەن هەندێك حزبەوە، نیشانەی ئیفلاسیی ئەوانە،‌ هه‌روه‌ك ده‌شڵێ "ڕێی بەدەستهێنانی ئازادی پڕ لە قوربانی و زەحمەتییە و ئەو ڕۆژەی لە ڕیفراندۆمیش دەنگمان دا، دەمانزانی دوژمنان دەیانەوێ پەلامارمان بدەن، بەڵام خۆشبەختانە لەشكری ئەوان تێك و پێك شكا و هەموو هێز و جبەخانەكانیانمان تێك شكاند.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: ئەگەر یەكڕیزی و ئارامی و سەقامگیریتان دەوێ، دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەن، ئەگەر دەتانەوێ كوردستانێكی بەهێز هەبێت، دەبێ پارتییەكی بەهێز هەبێت و بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان بكات.

سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش: دوژمنانمان لە بەغدا دەیانەوێ هەموو مافەكانمان لە مووچەدا كۆبكەنەوە، كێشەی كوردستان تەنیا مووچە نییە، كێشەی دیاریكردنی سنوور و جێبەجێكردنی ماددەی 140 و فیدراڵیەتی هەموو عێراقە.

عه‌لی عه‌ونی ده‌شڵێ: بودجەی كوردستان خێرێك نییە پێمانی بكەن، گەلی كوردستان بە بانگەشەی ئەوان بەشێكن لە عێراق، بۆچی گەمارۆی دەخەنە سەر؟

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی پارتی، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌: هەبوونی هێزێكی گەورەی وەك پارتی وادەكات بەردەوام هاوسەنگی بۆ دروستبوونی دیموكراسی لە عێراق هەبێت. ئێمە لە بەغداوە هەوڵدەدەین یەكڕیزیی نێو ماڵی كوردی دروست بكەین و فراكسیۆنێك هەبێت كە بەرگری لە مافەكانی كوردستان بكات، ئێمە دژی پەرتەوازەیی و پارچەپارچەبوونی نێو ماڵی كوردستانین.

ڕێنوێنیی ئه‌و حزبانه‌ی تریش ده‌كا كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر پارتی و ده‌ڵێ: ئەو حزب و لایه‌نه‌ سیاسییانەی كوردستان كە ئەمڕۆ ریكلام بۆ خۆیان دەكەن، لە جێی هێرشكردنە سەر پارتی و رەخنەگرتنتان لە حكوومەت، بیرتان دێنینەوە كە ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرێمی كوردستان نییە بۆ بەغدایە، مافی ئێمە و ئێوە بەغدا خواردوویەتی و رەخنە لە حكوومەتی بەغدا بگرن. ئەوەی مافی گەلی كوردستانی پێشێل كردووە، حزبە عه‌ره‌بییه‌ شیعییە دەسەڵاتدارەكانن كە فاشیلترین جۆری دەسەڵاتداری لە بەغدا بەڕێوە دەبەن، گەندەڵترین حكوومەتیان لە بەغدا هەیە. دەبێ گازاندەی ئێمە و ئێوە بۆ ئەوانە بێت كە لە بەغدا ئامادە نین مافەكانی هەرێمی كوردستان بدەن و دەستوور جێبەجێ بكەن.

عه‌ونی دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ "پارتیی ئێمە پێشەنگە لە بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان، گوێ بە رەخنەی ئەوان مەدەن، با هەر هێرشمان بكەنە سەر، ئەوە نیشانەی ئیفلاسی ئەوانە و نیشانەی ئەوەیە كە هیچیان پێ نییە و لە مافی میللەتەكەمان ناگەڕێن، بەڵكوو دەگەڕێن بزانن چۆن زەرەر بە میللەتەكەمان بگەیەنن. ئێمە دەڵێین ئێوە برای ئێمەن و وەرن با دەست بخەینە نێو دەستی یەكتر تاوەكوو مافی میللەتەكەمان بەدەست بهێنین".