رۆمانى (دینۆ)ى سەڤدا کاپلان بڵاو کرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

رۆمانى (دینۆ)ى سەڤدا کاپلان بڵاو کرایەوە

 

دووەمین کتێبی سەڤدا کاپلان، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی باکووری کوردستان، بە ناوی (دینۆ) لەلایەن وەشانخانەی (ژ/ژیێ)وە چاپ و بڵاو بووەوە، کاپلان دەڵێت، لەسەر نووسینی بەرهەمی کوردی بەردەوام دەبێت.

کتێبەکەی سەڤدا کاپلان ڕۆمانە و ناوەرۆکەکەی باسی ئەڤینداریی دوو مرۆڤی ساویلکەی کوردە، بەڵام لەو کوردانە نین کە شوێنپێی پێشینیانی کورد هەڵدەگرن، ئەوان دەبن بە دوو کەسایەتیی نوێ و مۆدێرن و لە کۆمەڵگەی خۆیان دوور دەکەونەوە، ئەڤینداری یەکترن، بەڵام ئەڤینەکەیان نە ئاساییە و نە هیچ سنوورێکی هەیە، درۆ و خەفەتێکی نەبڕاوەی تێدایە. پەیوەندیی ئەو دوو کەسایەتییە لە ئیرۆتیزمێکی خۆزایی (غەریزی)یەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕووداوە ئەڤیندارییەکان بە شێوەیەکی خەیاڵی و ئیرۆتیک لە نێوان دوو کەسی بەناوبانگدا ڕوو دەدەن.

سەڤدا کاپلان لە لێدوانێکیدا بۆ (باسنیوز) گوتی: ''ئەمە دووەمین کتێبی منە، بەڵام یەکەمین کتێبە کە لە تورکیا چاپم کردووە، کتێبی یەکەمی من پێشتر لە شاری دهۆکی هەرێمی کوردستان بە ناوی (ژن ئاشتیا ژیانێیە) چاپ کراوە کە توێژینەوەیەکی فۆلکلۆری بوو، بەڵام دوومین کتێبم بە ناوی (دینۆ)، کورتەڕۆمان، یان بە واتایەکی دیکە نۆڤلێتە''.

سەڤدا کاپلان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پڕۆژەکانی ناوەستن، کەی ژیان کۆتایی بێت، ئەو کاتە پڕۆژەکانی ئەویش تەواو دەبن، بۆیە دەیەوێت لە بواری نووسینی چیرۆک و ڕۆماندا بەردەوام بێت.

لە بەردەوامیی وتەکانیدا سەڤدا کاپلان باسی کاریگەریی ڕۆژنامەنووسیی لەسەر نووسینی بەرهەمەکانی خۆی کرد و گوتی: ''من لەو بوارەدا خۆم بە بەختەوەر دەزانم، چونکە بەهۆی ئەوەی کە ڕۆژنامەنووسم، دەرفەتی زیاترم بۆ دەڕەخسێت تاکوو توێژینەوە و چاودێری بکەم و بەوەش تووشی زۆر ڕووداو و چیرۆک دەبم کە بۆ من زۆر بەسوودن، مەتریالی نووسین زۆرە، لە کۆمەڵگەی ئێمەی کورددا زۆر چیرۆک نەگێڕدراونەتەوە و هەر بە شاراوەیی ماونەتەوە، نووسەر دەتوانێت لەو ڕووداو و چیرۆکانە زۆر بەرهەمی ئەدەبی بئافرێنێت، منیش لەو بوارەدا لە کاری خۆم بەردەوام دەبم''.

سەڤدا کاپلان کێیە؟

سەڤدا کاپلان خەڵکی شاری دیاربەکر (ئامەد)ی باکووری کوردستانە، 28 ساڵە لە بواری ڕاگەیاندندا کار دەکات، لە زۆر ڕۆژنامە و ماڵپەڕی کوردیدا نووسین و هەواڵەکانی بڵاو بوونەتەوە و لە چەند تەلەڤزیۆنی کوردیدا وەکوو بێژەر و پەیامنێر کاری کردووە، ئێستاش کاری پەیامنێری دەکات، ڤیدیۆکلیپێکی لە هۆنراوەی کوردی تۆمار و بڵاو کردووەتەوە و تا ئێستا دوو کتێبی لە چاپ داوە.