شاندێکی بازرگانیی توركیا سەردانی هەولێر دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

شاندێکی بازرگانیی توركیا سەردانی هەولێر دەکات

شاندێکی بازرگانی و ئابووریی تورکیا سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، بڕیارە شاندەکە رۆژی یەکشەممە 26-9-2021 بە سەرۆکایەتیی میهمەت مووش، وەزیری بازرگانی، سەردانی هەولێر بکات.

ئالوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا هەنگاوی زۆر گەورەی بڕیوە، بە جۆرێك لە كۆی 60 ملیار دۆلاری ئەو پڕۆژانەی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دراون، 30 ملیار دۆلاری كەرەستەی ئەو پڕۆژانە لە توركیا كڕدراون.

شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکانیش، کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی سنوورییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.

بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە چەند گەورە بازرگانێكی توركیا لەگەڵ وەزیری بازرگانیی وڵاتەکەیان سەردانی هەولێر بکەن و ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەکی گەورەی ئابووری و چۆنیەتی وەبەرهێنانی بازرگانانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسان و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت.

توركیا گرنگییەكی زۆر بە هەرێمی كوردستان دەدات، بە تایبەت لەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەوڵ دەدات ساڵ بە ساڵ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەولێر - ئەنقەرە فراوانتر بکات.

سەردەمی زێڕینی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان ساڵی 2013 بوو، كە لەو ساڵەدا بە بەهای 13 ملیار دۆلار ئالوگۆڕی بازرگانی كراوە، ئەم زانیارییەش لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی توركیا پشتڕاست كراوەتەوە.