كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەرپرسێكی سۆسیالیست: ڕیفراندۆم هێندەی دەیان شۆڕش و ڕاپەڕین كاریگەر بوو

"پێكهاتەكانیش لەگەڵ ڕیفراندۆم بوون و بە (بەڵێ) دەنگیان دا"

ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا تێدەپەڕێت كە خەڵك و پێكهاتە جیاجیاكان بە زۆرینەی دەنگ دەنگیان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا و بەرپرسانی حزبی دووپاتی دەكەنەوە كە گەورەترین هەنگاو کە لە مێژووی كورددا نرابێت، بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم بووە.

بیرۆكەی هەنگاوە گەورەی ڕیفراندۆم، سەرۆك بارزانییە

لەمبارەوە كاوە ئەحمەد، كارگێڕی لقی سێی كەركووكی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دیارە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم گرنگ بوو، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ كاتێك كورد ئەوەندە ئامادە نەبوو بۆ ئەوەی بەو شێوەیە ڕای خۆی و ئەوەی لە هەست و ناخیدایە دەریببڕی و سەركردایەتی ئەو بیرۆكەیە و ئەو هەنگاوە گەورەیە جەنابی سەرۆك بارزانییە".

راشیگەیاند: "ئیتر هەنگاوە گەورەكە هەڵگیرا بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامی ئەو گەلەكۆمە ناوچەیی و ناوخۆییە ئیتر ئەوە بوو وایان كرد كە ئەو هەنگاوە گەورەیە تووشی سڕبوونێك بكەن، بەڵام لە هەمووی دڵخۆشتر ئەوەیە كە كورد ئەو کۆتەی شكاند كە لەپێی ئاڵابوو  و وایان کردبوو كە كورد خاوەنی ئیرادە و بڕیاردان نەبێت، بەڵام بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم ئەو تابۆیەی شکاند كە تاكی كورد كە لە هەلی لەباردا و بڕیار دەدات و خاوەنی سەركردایەتییەكی باشە بۆ ئەو مەبەستە، بۆ ئێستاش ئەو ڕیفراندۆمە سەربەخۆیی لە ناخی كوردا هێشتووەتەوە كە كورد دەتوانێ هەر كاتێك لە چوارچێوەی مەرجەعێكدا كۆ ببێتەوە بگەڕێتەوە بۆ ئیرادی خۆی، بەڵام بۆ ئێستا بەداخەوە بەرژوەندییە نێودەوڵەتییەكان هەمیشە كورد باجی داوە و كورد لەناو ئەجێندا گەورەكاندا زیانمەند بووە".

ڕیفراندۆم كاریگەرترین هەنگاو بوو لە مێژووی كورددا

لەو چوارچێوەیەدا ڕەسوول ڕەئووف، بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی حزبی سۆسیالیست، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كاریگەرترین هەنگاوە لە مێژووی كورددا نرا بۆ چەسپاندنی مافەكانی خۆی لە باشووری كوردستان، دیارە ڕیفراندۆم یەكێكە لە مافە سەرەتاییەكانی خەڵك، سەبارەت بەم بەم بەشەی كوردستان پێم وایە ئەو ڕیفراندۆمە دەستكەوتێكی گەورەیە كە بەدی هات، ڕەنگە هەندێك كەس وای دابنێت كە دەرەنجامەكانی باش نەبووە، دیارە كە ڕیفراندۆمەكە گرنگی زۆری هەبووە، بۆیە کاردانەوەی بەدوادا بوو، بێگومان ئەگەر دەوڵەتانی دەوروبەر و عێراقیش كە كۆبوونەوەیان كرد و فشاریان خستە سەر كورد، ئەوانیش لەڕووی یاساییەوە پاشان دركیان بەوە كرد كە ڕیفراندۆم مافی خەڵكە، خەڵك دەیەوێت ببێتە خاوەنی قەوارەی خۆی".

بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم هێندەی دەیان شۆڕش و ڕاپەڕین كاریگەریی هەبوو

هاوكات ڕەسووڵ ڕەووف، ئاماژەی بەوەش دا: "ئەنجامی ڕیفراندۆم بایی دەیان شۆڕش و ڕاپەڕین بووە كە لە ڕابردوودا كورد كردوویەتی و قوربانیی زۆری لەپێناودا داوە، لە هەموو هەنگاوێكدا شكست و سەركەوتن ڕوو دەدات، كوردیش لەڕووی دەستوورییەوە هەوڵی داوە ببێتە خاوەن دەوڵەت، بۆیە ڕیفراندۆمیش ئەوە نییە بۆ كاتێك بێت بڵێی ئیتر تەواو، ڕیفراندۆم بەڵگەیەكی مێژووییە بەدەست كوردەوە دەمێنێتەوە كە زیاتر لە 92٪ی خەڵك بە (بەڵێ) دەنگیان بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی داوە، ئەمە بەڵگەیەكی باشە كورد تاهەتایە دەتوانێ لەڕووی یاساییەوە لەدەستیدا بێت".

ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستە ڕوو: "لەو باوەڕە دام لە كاتێكی نزیكکدا گۆڕانكاری لە ناوچەكە ڕوو دەدات و ئەنجامی ڕیفراندۆمیش دەردەکەوێت، چونكە ئێمە بیرمان نەچێ تا ئێستا زۆر بڕگە و یاسا كە لە ناوچە دابڕاوەكان جێبەجێ دەكرێن پشت بە ئاماری ساڵی 1957 دەبەستن كە ئەمە بەڵگەیەكی مێژووییە و دواتر بۆ هەندێك لە بڕیارەكان پشت بە ئەنجامی ڕیفراندۆم دەبەسترێت، زۆر شتی ترمان لایە كە لە ڕابردوو بە نموونە كەركووك ڕێژەی دانیشتووانی چەند بووە و ئێستا چەندە، كورد هەر لە مردووەكانیدا بیژمێری 70٪ی گۆڕستانەكانی كەركووك كوردن، بەڵام ئێستا دەبینین دۆخەكە گۆڕاوە و پاشان لە ساڵی 1988 هەزاران هاووڵاتیی كورد ئەنفال و كیمیباران كران، ئیتر دواتر ڕاپەرین كرا و دۆخەكە پێچەوانەوە بووەوە، بۆیە ئێستاش بۆ ئەم ناوچانە ڕەشبین نیم و پێم وایە گۆڕانكاری دروست دەبێت، بەداخەوە كە هەندێك كەس بە شووم ناوی ڕیفراندۆم دەبات، بەڵام من دەڵێم ئەگەر ڕیفراندۆم بشكرێتەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە بە (بەڵێ) دەنگ بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەدەمەوە و حزبكەم زۆر بە جدی كاری بۆ سەركەوتنی ڕیفراندۆمی كرد و ڕۆژێكێكی مێژویی بوو كە تاكوو مردن شانازیی پێوە دەكەم لەبەر ئەوەی توانیومە بە ئازادانە داوای مافی خۆم بكەم".

پێكهاتەكانیش لەگەڵ ڕیفراندۆم بوون و بە (بەڵێ) دەنگیان دا

لەم بارەوە محەمەد عیرفان، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی گەلی توركمان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "چوار ساڵ پێش ئێستا بە شێوەیەكی ئازادانە خەڵك لە كەركووك و شارەكانی دیكەی كوردستان توانیان دەنگ بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، دیارە لەو ڕیفراندۆمەدا نەك تەنیا كورد، بەڵكوو توركمان و عەرەب و كلد و ئاشوریش دەنگیان دا".

گوتیشی: "لە سایەی حكوومەتی عێراقەوە شارەكان هێشتا وێرانن، لە نموونەی بەرچاو كەركووكە نەیانتوانیوە خزمەتی خەڵکی شارەكە بكەن، هەروەها دۆخی ئەمنیی ناوچەكە خراپە و ڕۆژێك لە ڕۆژان هەر دێت بەهۆی ئەنجامی ڕیفراندۆمەوە خەڵک سەر دەکەوێت، خەڵك بۆیە دەنگی بە ڕیفراندۆم دا بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین، ئەوەتا لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كە كەركووك داگیر كراوە تا ئێستا دۆخی كەركووك و ناوچەكانی تر لەڕووی ئەمنییەوە خراپە، بۆیە عێراقێك كە ئاسایشی تێدا نەبێت و مافی خەڵك نەدات، ئیتر ئەو عێراقەمان بۆ چییە؟ بۆیە جارێكی تر دووپاتی دەكەمەوە كە ڕیفراندۆم مافی خەڵك بوو كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوە چوو".