بەوێنە.. ئەمڕۆ چوارەمین ساڵوەگەڕی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەوێنە.. ئەمڕۆ چوارەمین ساڵوەگەڕی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە

ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا تێدەپەڕێت کە ڕێکەوتی 25/9/2017 بە بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بەشداریی بەرچاوی جەماوەری سەربەخۆییخوازی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوانە بەڕێوە چوو.

چۆنیەتیی بڕیاردان لەبارەی ڕیفراندۆم

ڕۆژی حەوتی حوزەیرانی 2017 لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ حزبە و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بڕیار درا، ڕێکەوتی 2017/9/25 ڕیفراندۆم بۆ دیاریکردنی چارەنووس و سەربەخۆیی باشووری کوردستان بەڕێوە بچێت.

پاشان ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ بەڕێوەچوون و چاودێریکردنی ڕیفراندۆم پێکهات و لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم و دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانەوە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە كوردستان ئەرکدار کرا کە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەڕێوە ببات.

کۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دوای ئامادەكارییەكانی لە وادەی دیاریكراودا، یەكەمین ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستانی بەڕێوە برد كە ئەمە یەكەمین كاری ئەو كۆمسیۆنە بوو لە دوای دروستبوونی.

ڕۆڵی کاریگەری سەرۆک بارزانی

یەکێک لە لایەنە بەرجەستە و بەرچاوەکانی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ڕۆڵی کاریگەری سەرۆک بارزانی و وتارە بەپێزەکانی لە کاتی بانگەشەی ڕیفراندۆم لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و پێداگری و سووربوونی سەرۆک بارزانی لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە و پێوەندییەکانی لە ئاستی دیپلۆماسیی ناوخۆیی، عێراقی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ سەرخستنی ئەو ئامانجە گرنگە، بووە هۆی ئەوەی خەڵک و جەماوەری کوردستان بە جۆش و خرۆشێکی فراوانی کوردانەوە لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا بەشداری بکەن.

25ی 9

سەرەنجام پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ بەغدا و دژایەتیی وڵاتانی ناوچە و دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئیرادەی نەتەوەی کورد سەرکەوت و ڕێکەوتی 2017/9/25 بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی و بە چاودێریی سەدان چاودێریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی 92.7ی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی دا.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی کۆمسیۆنی باڵای ڕیفراندۆم و ڕاپرسی، لەبارەی ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە ئەنجامدا سێ ملیۆن و 305 هەزار و 935 كەس بەشداریان لە پڕۆسەكە كردووە كە دەكاتە 92.72%. لەو ژمارەیە، دوو ملیۆن و 861 هەزار و 471 كەس بە (بەڵێ) دەنگی داوە و 224 هەزار و 464 كەسیش بە نەخێر و 219 هەزار و 990 دەنگیش پووچەڵ بوو، بەمەش زیاتر لە 92%ی خەڵكی باشووری كوردستان بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان داوە.

نزیکەی یەک مانگ دوای ڕیفراندۆم بە هێڕشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران و بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر کەرکووک و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی ڕیفراندۆمی هەڵپەسارد، هەرچەند ئەنجام و جێبەجێکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە شێوەی کاتی هەڵپەسێراون، بەڵام ڕیفراندۆم وەک یەکێک لە ڕووداوە گرنگە سیاسی و بەڵگەیەکی فەرمی و یاسایی و تاپۆیەکی گرنگی بزووتنەوەی نەتەوەیی و سەربەخۆازیی کوردستان سەلمێنەری ویست و داخوازی نەتەوەی کورد و گەلانی باشووری کوردستانە و لە مێژوودا تۆمار کراوە.

پشتیوانیی جەماوەری پارچەکانی دیکەی کوردستان

لایەنێکی دیکەی بەرجەستە لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، پشتیوانی و بەشداریی جۆش و خرۆشی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بوو، کە بەرچاوترینیان کوردانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان بوون کە بە هەست و تێگەیشتنێکی کوردانەوە بە شێوازی جۆراوجۆر پشتیوانیی خۆیان لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم دەربڕی.

بەتایبەتی هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەهاباد و سەقز و سنە و مەریوان و کرماشان و ورمێ و هەورامان و ئیلام پشتگیرییان لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرد و بە دەیان کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کران و چەندین کەسیان حوکمی زیندنیان بەسەردا سەپا.

کوردانی تاراوگە

لایەنێکی دیکەی بەرچاوی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، پاڵپشتیی بەرفراوانی ڕەوەندی کوردستانی بوو لە ئەورووپا، ئەمریکا کەنەدا و وڵاتانی دیکە، کە ڕیفراندۆمیان وەک لووتکەی ئیرادەی سەربەخۆییخوازیی نەتەوەی کورد لەقەڵم دا. وەڕێخستنی ئاهەنگ و ڕێوڕەسم و کەرنەڤاڵی تایبەت بە ڕێفراندۆم بە دروشمی سەربەخۆییخوازانە و ئاڵای کوردستانەوە، دەربڕی هەست و سۆزی کوردستانیبوونی ڕەوەندی کوردستانی بوو لەو پرسە نەتەوەییە، کە هەتاهەتایە لە دیرۆکی ڕەنگینی کورد و کوردستاندا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.

 هەرچەند ئەنجام و جێبەجێکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە شێوەی کاتی هەڵپەسێراوە، بەڵام بێگومان ڕیفراندۆم وەک شکۆی ئیرادەی سەربەخۆییخوازانەی گەلی کوردستان دێتە ئەژمار و وەک تاپۆیەکی درەوشاوی مێژوو و بەڵگەیەکی سەلمێندراوی ئیرادە و ویستی گەل دێتە ئەژمار و هەر کاتێک گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ئیرادە بکەن، ئەنجامی هەڵبژاردن جێبەجێ دەکرێت و سڕکردن و هەڵپەسێرانی هیچ لە بەها و گرنگیی ئەو پرۆسە  کەم نەکردووەتەوە.