سەردەشت... چەند چەكدارێك هێرش دەكەنە سەر ماڵی كچە چالاكێكی مافی ژنان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سەردەشت... چەند چەكدارێك هێرش دەكەنە سەر ماڵی كچە چالاكێكی مافی ژنان

كچە چالاكوانەكە چەند كەیسێكی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان ئاشكرا كردووە

ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەك چەكداری نەناسراو، بەهۆی ئاشكراكردنی چەند كەیسێكی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و كچانی سەردەشت، هێرش دەكەنە سەر ماڵی باوكی ناسكە ئەفخەمی چالاکی بواری مافەکانی ژنان لە گەڕەکی جانبازانی سەردەشت.

ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوی كردەوە پاش ئەوەی ناوی ژمارەیەک دەستدرێژیکەر بۆ سەر ژنان و کچانی سەردەشت لە لایەن چالاکانی مەدەنی بڵاو کرانەوە، کۆمەڵێک چەکدارێكی نەناسراو هەڵیانکوتایە سەر ماڵی باوکی یەکێک لە چالاکانی مافەکانی ژنان لەم شارە.

بەگوێرەی هەواڵەكە، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە چەند کەسێكی نەناسراو بە نارنجۆک ماڵی باوکی ناسکە ئەفخەمی چالاکی بواری مافەکانی ژنانیان لە گەڕەکی جانبازانی سەردەشت کردووەتە ئامانج و زیانێکی ماددیی زۆر بە ماڵی حەسەن ئەفخەمی گەیشتووە و بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لە لای باوک و دایکی بەساڵاچووی ناسکە ئەفخەمی.

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی سەردەشت لەگەڵ چەند لاپەڕەی ئینستاگرامی چالاک لە بواری مافەکانی ژنان، بە بڵاوکردنەوەی چەند بابەتێک، تیمێکی چەند كەسی دەستدرێژیکەری سەر ژنان و کچانی سەردەشتیان ئاشکرا کردبوو، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوادا هات.

ناسکە ئەفخەمی تەمەنی ٢٩ ساڵە و لە بواری مافەکانی ژنان چالاکە و چەندین ساڵە نیشتەجێی سویسرایە.