سه‌ركرده‌یه‌كی پێشووی كۆمەڵی دادگەری ئاشكرای دەكات كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجامی گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی، لە ڕێككەوتنێكی ژێربەژێر لەگەڵ كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كشاوەتەوە و بەم هۆیەشەوە كۆمەڵ تووشی شكستێكی گەورە دەبێت.
ئه‌ندامێکی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی دادگەری كە لەو كاتەی حزبەكە ناوی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بوو، ده‌ستی له كار كێشاوه‌ته‌وه، بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند "كۆمه‌ڵ له ده‌نگه‌كانی ده‌ترسێت، بە تایبەتیش كە له رابردوودا رێككه‌وتنی كرد، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه، كاندیدێكی یه‌كێتی بە قازانجی کاندیدێكی کۆمەڵ، لە کاندیدبوون کشێنرایەوە، ئه‌مه نیگه‌رانیی زۆری له‌ناو یه‌كێتییه‌كانی هه‌ولێر دروست كرد، له ناوچه‌ی رانیه و پشده‌ریشدا بە شێوەیەك كاندیدەكان داندران كە كاندیدێكی کۆمەڵ دەربچێت، بەڵام لەوێش گرفت دروست بووه“.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە هەم لەنێو یەكێتی و هەم لەنێو كۆمەڵدا، نیگەرانی دروست بووە، ئەندامانی كۆمه‌ڵی دادگەری لە سلێمانی نیگه‌رانن و پێیان وایه، ناكرێت رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حزبێك هه‌بێت كە لە دەسەڵات بێت، كەچی ”خۆشیان بەردەوام رەخنە لە دەسەڵات دەگرن".
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە دوای رووداوەكانی ٨ی تەمووز، رێككەوتنەكە لە لایەن یەكێتییەوە پشتگوێ خراوە، چاوەڕێ دەكرێ لە ئاییندەیەكی نزیكدا كۆمەڵ لەمبارەیەوە ڕوونكردنەوەیەك بڵاو بكاتەوە.
هەر لەمبارەیەوە كارزان سه‌ڵاح، پارێزه‌ر و چاودێری سیاسی بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند: ”ئه‌گه‌ری لێكترازان له‌ناو كۆمه‌ڵ له سلێمانی و دهۆك هه‌یه، له دهۆك كۆمه‌ڵ فێڵی له‌و چەند كەسە كردووە كە لەگەڵیدان و پێی گوتوون كاندیدمان نییه و ده‌نگ به كاندیدی یه‌كێتی بده‌ن، له سلێمانیش یه‌كێتی خۆی كاندیدی بۆ كۆمه‌ڵ داناوه و كاندیدەكانی كۆمەڵ، كەسانی ژێر باڵ و گرووپی نێو یەكێتین، بۆیە له‌م رێككه‌وتنه ژێربەژێرەدا كۆمه‌ڵ زه‌ره‌رمه‌نده، چونكه ده‌نگده‌ری كۆمه‌ڵ ده‌نگ به كاندیدی یه‌كێتی ده‌ده‌ن و كاندیدەكانی كۆمەڵیش لە ژێرەوە خۆیان سەر بە یەكێتین، بۆیه گرفتی گه‌وره له‌نێو كۆمەڵدا دروست بووه و ره‌نگه هه‌فته‌ی داهاتوو گرفته‌كانیان بته‌قێته‌وه“.
ئه‌وه‌شی خستەڕوو ”ئه‌م رێككه‌وتنه پێشووتر كراوه و كۆمەڵ وای زانیوە قازانجی لێ دەكات، بەڵام لە بنەمادا فێڵی لێ كراوە، بۆیە ده‌نگی ناڕەزایی لەنێو كۆمەڵدا به‌رز بووەتەوە“.
لای خۆشیەوە میقداد عه‌بدوڵا عیسا، به‌رپرسی رایه‌ڵه‌ی بازاڕی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، كه ماوەیەكە ده‌ستی له كار كێشاوه‌ته‌وه، بۆ (باس‌نیوز)، رەخنەی لەوە گرت كە كۆمەڵی دادگەریی كوردستان هیچ سەربەخۆییەكی نەماوە و ”به‌شێكی یه‌كجار زۆریان لەنێو ده‌زگای زانیاری و دژه‌تیرۆری یەكێتیدا كار ده‌كه‌ن و له هه‌ولێر و دهۆك و رانیه رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كردووه، گوایه تاكتیك ده‌كه‌ن، به‌ڵام یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ بەو رێککەوتنەوە، خه‌ڵكی خۆیان ئێستا نه ده‌نگیان ده‌ده‌نێ و نه باوه‌ڕیان پێ ده‌كه‌ن“.
بە بڕوای ئەو بەرپرسەی پێشووی گۆڕان، هەردوو حزب زەرەر لەو ڕێككەوتنە دەكەن لەو ناوچانەی كە بڕیارە دەنگ بە یەكتر بدەن،: ”یه‌كێتی چاوه‌ڕان بوو كۆمه‌ڵ ده‌نگی پێ بدات، كۆمه‌ڵیش چاوه‌ڕانی كورسیی یه‌كێتی بوو، به‌ڵام خه‌ڵك هه‌ردووكیان سزا ده‌دات“.
دانیشی بەوە داناوە كە ”به‌شێكی زۆری ئەندامانی گۆڕان له رقی ئه‌و رێككه‌وتنانەی یەكێتی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و گۆڕان بەستوویەتی، ده‌ستیان له كار كێشایه‌وه کە له‌سه‌ر حیسابی ده‌نگی گۆڕان کاندیدی كۆمه‌ڵیان هێناوەتە پێشه‌وه“.