كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لەپاڵ بۆنە تایبەتەکانی ژیانماندا، ڕۆژانێکی جیاوازی دی هەن کە خۆشیبەخشن و هەستێکی تایبەتمان دەدەنێ. 25ی ئەیلوولیش کە ڕۆژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە، لە دیارترین ئەو ڕۆژە جیاوازانەیە.

لێرەدا ڕووی دەمم لە ڕەگەزپەرستانی ناو گەلانی عارەب، تورك و فارس نییە کە لە چڵپاوی ڕەگەزپەرستیدا کینگڵیان خواردووە و هەر کە چڵپاوەکەش وشك دەبێتەوە، لە تەپوتۆزەکەیدا خۆیان دەگەوزێنن. ناشتوانم ڕەخنە لە بەشە زۆرەکەی ئەو گەلانە بگرم، چون دەزانم گیرۆدەی زوڵم و نادادییەکی وای دەوڵەتەکانیانن و وا هێڕ کراون کە بە ئاستەم پێزی مرۆڤدۆستییان پێوە ماوە و گەر لێرە و لەوێ نووزەیەکیان لێوە بێت، ناگاتە بەر گوێی بڕیاربەدەستان.
گلەیی و سەرزەنشتی من لەو کوردەیە کە فرچکی گرتووە بە فەرهەنگی داگیرکەرانەوە و بە ئاممان و زەمان لێی نابێتەوە.

جارێ بەر لە هەر شت، ئەو کەس و لایەنانەی کە گەزۆخۆری داگیرکەرانی کوردستانن و داشۆردراون لە کورد و کوردایەتی، بۆیان نییە بە ناوی نەتەوەوە قسان بکەن، چونکە نەتەوە هەر خۆبەخۆ و تێکڕایان لەگەڵ سەربەخۆییدا بوون، ئەوەش ئەو هەستە ناوەکییەیە کە بە سروشتی لە هەموو گیانلەبەرێکدا بە مرۆڤیشەوە، هەبووە و هەیە.

هەرچەندە ساڵانێکی زۆرە تاریکپەرستانی ئەهریمەنخەسڵەت دەیانەوێت تارمایی بهێننە ناو خەیاڵدانی ئەم نەتەوەیەی هەزاران ساڵە لەم زاگرۆسە نەخشینە پڕ لە کێو و بەندەن و دەشتایی و کانیاوانەدا دەژی، بەڵام ئاشقانی ڕووەوخۆری ئیلهاموەرگر لە دنیای پڕ لە میهری هزر، گوتار و ڕەفتاری چاکەوە، لە کاروانێکی بەردەوامدا نەیانهێشتووە تیشکی ڕووناکی و هومێد لە هەناوی نەتەوەدا بکوژێتەوە. وا دیارە پلاندانەر و جێبەجێکارانی ڕیفراندۆمی ئەیلوولیش لەژێر سەرپەرشتیی بارزانیدا، بۆ ئەو کارە پیرۆزەیان سرووشیان لە گیانی ئەو کاروانە وەرگرتووە، بۆیە بوون بە ڕێبوار و هاوسەفەریان.

ئەوە ناهەقییەکی هێجگار گەورەیە کە شتەکان وەکوو خۆی پیشان نەدرێت و هەڵبگێڕدرێتەوە و لەوەشەوە هەموو ئەو پرسانەی کە دوای ڕیفراندۆم دەرکەوتوون، لە شوێنی خۆی بترازێنرێت. هێنانەوەی هەنجەت بۆ نەگونجان و ناڕاستیی بڕیار و کارێك کە نەك هەر ڕاستە، بگرە ڕاستییەکی ڕەهای وایە کە لە مێژووی کوردا وێنەی هێجگار دەگمەنە، بێمروەتییەکی بێ سنوورە.

نە لە مێژووی کۆن و نە لە نوێدا، ڕووی نەداوە کە داگیرکاریی کوردستان بە هۆی ئەوەوە بووبێت کە کورد داوای موڵك و ماڵی خەڵکی دیی کردبێت، هەر لە بناغەشدا کورد ئەو هێزە یەکگرتووە نەبووە کە ئەوە بکات یان نەیویستووە بیکات. ئەوەی بووە ئەوە بووە کە کورد خۆی ڕاپسکاندووە و ویستوویەتی جۆرە ئازادییەکی هەبێت، بەڵام هەمیشە بە زەبری هێز کپ کراوەتەوە و ئەوەی نەشێ پێی کراوە ... جا کە ئەو نامەردێتییەی بەرانبەر کورد دەکرێت، تا ئێستاش بەردەوامە، ئیدی پێی ناوێ بەڵگە بۆ ئەمە بهێنمەوە.

کورد کە بە هەموو پێوەرەکان نەتەوەیە، ماوەیەکی کەمە بە سەرکەوتوویی لە جەنگێکی سەخت بەرانبەر ڕەشترین و بۆگەنترین دوژمنی دژە مرۆیی، هاتووەتە دەر، خاوەن ورە و چەك و تفاقە، هەرچی دنیای (ژیاندۆستە) بە ڕێزەوە لە ڕۆڵی پێشمەرگە و سەرکردەکانی دەڕوانێت، بە کورتی لە لەبارترین سەردەمە زێڕینەکانیایەتی. ئیدی چ ڕەوای هەقە کە بڵێیت، ڕیفراندۆم کارێکی نەشیاوە و کاتێکی نەگونجاوە؟ ئایا ئەم هەڵوێستە پشی پشی نەبوو بۆ داگیرکەرانێك کە بناغەی بینای شارستانێتێکەیان لە کەللـەسەری باوانمان داناوە؟

ئەدی ئەوە کارێکی گونجاو بوو کە لە سەردەمانێکدا بە چەند پارچە چەکێکی سووکەوە بەرەنگاری داگیرکەرێك ببیەوە، کە بە هەزاران جار لە تۆ بەهێزتر و بە پشتوپەناتر بوو؟ (ڕێزم بۆ هەر تاكێكی کورد هەبووە و هەیە، کە ڕۆژێك لە ڕۆژان و بە هەر شێوەیەك ـ ناـ یەکی بە ڕووی داگیرکەراندا گوتووە، کە خۆشم لەو کەسانە بووم کە هەمیشە هێندە گیانی بەرگریم هەبووە کە نەهێڵێت ژیوار (واقیع)ـی داگیرکاری ڕۆ بچێتە ناخمەوە).

لەسەر ئەم گۆی زەوییە، نزیکەی دووسەد دەوڵەتی سەربەخۆ هەن. دڵنیام کە خوێنەرانیش لە من باشتر دەزانن کە زۆربەی هەرە زۆری نەتەوەی ئەو دەوڵەتانە، بارودۆخی ساتی بوون بە دەوڵەتیان لەوەی کورد لەبارتر نەبووە، بەڵام بڕیاری خۆیان داوە و تەواو. دیارە هی تریش هەیە کە وەکوو ئێمە ڕیفراندۆمیان کرد و تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.

جا ئێستا ئەوەی بۆ ئێمەی کورد گرنگە ئەوەیە کە بزانین:
نەبیستراوە و نەزانراوە کە کەس لە کورد جوانتر داوای ڕەوایی ژیانی لە داگیرکەرانی کردبێت. بەڵام ئەوان کە لەو زمانە ناگەن و خۆیان بە هەڵگری پەیامی خودایی دەزانن و ئێمە بە مەوالی، بەو هەنجەتە هەرچی نەشێ و نەبێت کردیان و دەیکەن و لەبیری خۆیان بردووەتەوە کە ئەوە کورد بوو ئەوانی هێنایە سەر تەختی حوکم و هەر هێزی کوردیش بوو پاراستنی!

نابێ ئەمە بەسەر خۆماندا بشکێنینەوە و لەسەر پرسێك ناکۆکی دروست بکەین کە ڕەواییبوونی وەکوو ڕۆژی ڕوون دیارە. بەڵکوو بڕوامان بەوە بێت کە مافی بێ چەندوچوونی وەك ئەوی غەیرە کوردمان هەیە و دەبێت ئەو مافە پراکتیزە بکەین. ئەوەش لەسایەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستاندا دێتە دی و سەدان ئەزموونی تاقیکراوەش سەلماندوویەتی کە تەنیا ئەو کاتە تاکی کورد دەبێتە مرۆڤێکی ئاسایی و دەچێتە سەر شاڕێی شارستانێتییەك کە تیایدا ئاسوودە دەبێت.