سلێمانى، مێژووى پڕسه‌روه‌ریى مسته‌فا بارزانى له‌یاد ناكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
كامیل ئه‌حمه‌د به‌گ 23/09/2021

سلێمانى، مێژووى پڕسه‌روه‌ریى مسته‌فا بارزانى له‌یاد ناكات

ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ ڕابردووى خۆیان بێ هه‌واڵن
بێ گومان لـه‌ ئاینده‌شیان وێڵ و عه‌وداڵن

(مسته‌فا بارزانى له‌ هزرى ڕووناكبیرانى شارى سلێمانیدا) ناونیشانى ئه‌و كتێبه‌، یا ئه‌و كۆبه‌رهه‌مه‌یه‌ كه‌ براى گه‌نجى نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس (زانیار سه‌ردار قڕگه‌یى)، به‌ دیزاینێكى جوان و قه‌باره‌یه‌كى باش ئاماده‌ى كردووه‌ و به‌ چاپى گه‌یاندووه‌.

كاكه‌ زانیار قڕگه‌یى، به ‌كارامه‌یى به‌شێكى گرنگى مێژووى پڕسه‌روه‌ریى كوردی کۆ کردووەتەوە و ئامادە کردووە و له‌ دووتوێى كتێبێكى 896 لاپه‌ڕه‌یى به‌ چابى گه‌یاندووه‌، كه‌ تیایدا به‌شێوه‌یه‌كى زانستییانه‌ سوودى له‌ بوارى نووسین و مه‌عریفه‌ و بوارى ڕۆژنامه‌گه‌ریى خۆى وه‌رگرتووه‌.

مێژووى گه‌لى كورد پڕاوپڕه‌ له‌ نه‌هامه‌تى و ده‌ربه‌ده‌رى، به‌ڵام به‌ شكۆ و سه‌روه‌ریى (بارزانیی مسته‌فاى نه‌مر) له‌ سه‌رده‌مانى شۆڕشگێڕى له‌ ساڵه‌كانى 1943 و پێشتریش تا كۆمارى كوردستان له‌ مه‌هاباد و دیسانه‌وه‌ په‌نابردن بۆ شاخه‌ سه‌ركه‌شه‌كانى كوردستان، هه‌رده‌م له‌ هه‌وڵ و تێكۆشاندا بووە بۆ ڕزگاریى گه‌لى كورد له‌ده‌ست داگیركه‌ران و دواجار شه‌ڕى بارزانییه‌كان به‌ (چه‌كه‌ كۆن و سواوه‌كانى وه‌ك سێ تیر و ساچمه‌زه‌ن و تاپڕ، كه‌ له‌ناویاندا بڕنه‌و به‌ده‌گمه‌ن هه‌بووە) له‌گه‌ڵ سێ ده‌وڵه‌تى تا بن هه‌نگڵ پڕچەک، به‌ ئاگر و ئاسن و چه‌كه‌ پێشكه‌وتووه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌، له‌ ململانێیه‌كى سه‌ختدا بووه‌ و سه‌رۆكى ڕۆحیى نه‌ته‌وه‌ییمان (مسته‌فا بارزانى) هه‌رگیز چۆكى دانه‌داوە و هیچ كات بۆ داگیركه‌رانى كوردستان خۆى نه‌چه‌ماندووه‌ و تا دوا ساته‌كانى ژیانى ته‌سلیم نه‌بووە.

ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ ئاوى ئاراس په‌ڕییه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ پێنج سه‌د جه‌نگاوه‌رى قاره‌مان، بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ 11ى ساڵ په‌نایان بۆ یه‌كێتیى سۆڤیه‌تى جاران برد، پاشان گه‌ڕانه‌وه‌، دواجار به‌رهه‌مى ئه‌و خه‌بات و تێكۆشان و ده‌ربه‌ده‌رییه‌ى خۆى له‌ ساڵى 1958دا دوورییه‌وه‌ و مه‌ڵۆى كرد بۆ شۆڕشێكى نه‌ته‌وایه‌تیى گه‌وره‌ى سه‌رتاسه‌ریى وه‌ك (شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوول). دیاره‌ ئه‌و ماندووبوون و خه‌بات و تێكۆشانه‌ى، كه‌ له‌ ساڵى 1958دا هاته ‌به‌رهه‌م، پڕاوپڕ بوو له‌ شانازى و شه‌ره‌ف و شكۆ و گه‌وره‌یى بۆ بارزانیى نه‌مر و بوو به‌ سه‌ربه‌رزى و سه‌رفه‌رازى بۆ نه‌ته‌وه‌ى كورد.

له‌م كتێبه‌ى زانیار سه‌ردار قڕگه‌ییدا، گه‌لێك بابه‌تى ده‌گمه‌ن ده‌بینین، كه‌ بۆ خوێنه‌ر وه‌ك شتێكى تازه‌ دێنه‌ به‌رچاو. به‌ش به‌حاڵى خۆم، بابه‌تى سه‌رسوڕهێنه‌ر و زۆر شتى تازه‌ له‌م كتێبه‌دا به‌دى ده‌كه‌م، بیستوومه‌ كه‌ بارزانیى نه‌مر له‌ ساڵه‌كانى ده‌یه‌ى سى لە سه‌ده‌ى بیسته‌م، له‌لایه‌ن حكوومه‌تى فاشیستى مه‌لیكى عێراقه‌وه‌ بۆ شارى سلێمانى ڕاگوێزرا (نه‌فى كرا)، به‌ڵام نه‌مده‌زانى كه‌ زۆر له‌ بارزانییه‌كان له‌ته‌ك بارزانییدا، به‌كۆمه‌ڵ بۆ شارى سلێمانى ڕاگوێزراون.

جا ئه‌مه‌ بۆ من شتێكى تازه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى، كه‌ باوكی ڕۆحیى نه‌ته‌وه‌ییمان (بارزانیى مسته‌فا) له‌ ماوه‌ى مانه‌وه‌ى له‌ ده‌ربه‌ده‌ریدا تا ساڵى 1943ى زایینى چووبێته‌ به‌ر خوێندن و خۆخوێنده‌واركردن و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ڕۆشنبیرى، بۆ ئه‌وه‌ش په‌ناى بۆ مزگه‌وت و لاى زانایان و مامۆستایانى ئایینیى شارى سلێمانى بردووه‌، له‌وانه‌ و به‌تایبه‌ت زاناى گه‌وره‌ و كه‌سایه‌تیى ئایینیى ناسراو (مه‌لا عه‌بدوڵاى چرۆستانى) له‌ مزگه‌وتى مه‌ولانا خالید و (مه‌لا سه‌عید عه‌بدوڵاى ئیمامى) له‌ مزگه‌وتى گه‌وره‌، بۆ ئاستى زانستى ئایینى چووه‌ بۆ لاى (مامۆستا شێخ نوورى شێخ باباعه‌لى) له‌ گه‌ڕه‌كى سه‌رچیمه‌ن و لاى (مه‌لا مسته‌فاى سه‌فوه‌ت) باوكى د. عیزه‌دین، كتێبى (المختصر)ى خوێندووه‌.

هه‌روه‌ها لاى شاعیرى گه‌وره‌ى كورد مامۆستا (زێوه‌ر ئه‌فه‌ندى) له‌ مزگه‌وتى (بن ته‌به‌ق) ماوه‌یه‌ك وانه‌ى فارسیى خوێندووه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووى بۆ من و خوێنه‌رانى ئه‌م كتێبه‌ به‌نرخه‌ زانیاریى تازه‌ن كه‌ مێژوویه‌كى پڕ له‌ نه‌هامه‌تى، به‌ڵام شكۆداریى بارزانییه‌كان و سه‌رۆكى ڕۆحیمان (بارزانیى مسته‌فاى نه‌مر)ى تۆمار كردووه‌.

دیاره‌ زانیار سه‌ردار قڕگه‌یى زۆر پڕۆفیشناڵانه‌ و وه‌ستایانه‌ به‌ چاپكردنى ئه‌م كتێبه‌ هه‌وڵى داوه كه‌ ئه‌م مێژووه‌ پڕ سه‌روه‌رییه‌ لەبیر نەکرێت، جگه‌ له‌وه‌یش، كاكه‌ زانیار قڕگه‌یى له‌م كتێبه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ منداڵى خانه‌واده‌ى بارزانییه‌كانى یاوه‌رى سه‌رۆكى ڕۆحیمان بارزانى، له‌ مه‌كته‌بى (خالیدییه‌ و ئه‌یووبییه‌) خراونه‌ته‌ به‌ر خوێندن.


ئه‌م كتێبه‌، جگه‌ له‌ چه‌ندین شیعرى شاعیران، كه‌ خۆشه‌ویستیى بێ ئه‌ندازه‌ى خۆیان بۆ بارزانیى نه‌مر ده‌رده‌بڕن، هاوكات لێدوانى هزرى كه‌سایه‌تیی ئه‌كادیمى و ڕۆشنبیرانى شارى سلێمانى و باس و خواسى زۆرى تێدایه‌ و باسى ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ بارزانى له‌گه‌ڵ (شێخ له‌تیفى شێخ مه‌حموودى حه‌فید)دا ئاشنا ده‌بێت و شێخ له‌تیف بوو به‌ پشت و په‌نا بۆ بارزانى و بارزانییه‌كان، هه‌روه‌ها بارزانى له‌ ڕێگه‌ى شێخ له‌تیفه‌وه‌ بوو به‌ دۆستى (كۆمه‌ڵه‌ى برایه‌تى)، كه‌ ڕێكخراوێكى سیاسیى كوردى بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا، به‌ڵام بارزانیى نه‌مر نه‌بوو به‌ ئه‌ندامى ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ مه‌یلى به‌ خۆگونجاندن و بوون به‌ ئه‌ندامى نه‌بوو، یا له‌گه‌ڵ (كۆمه‌ڵه‌ى هیوا)یش نه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى حزبى هیوا (مامۆستا ڕه‌فیق حیلمى) هاوڕێ بوو. بابه‌تى تازه‌تر بۆ من له‌م كتێبه‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ (مه‌حموود خانى دزڵى) هاوڕێ بووه‌.

له‌م كتێبه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌، كه‌ ڕۆژێكیان بارزانیى نه‌مر سه‌ردانى شێخ له‌تیفى شێخ مه‌حموودى حه‌فیدى ده‌كات و پێى ده‌ڵێت ”حكوومه‌ت به‌نیازن بمكوژن“، شێخ له‌تیف ده‌ڵێت ”با ده‌ربازت بكه‌م“. بارزانى ده‌ڵێت ”مه‌منوون ده‌بم“. پاشان شێخ له‌تیف كارئاسانیى بۆ ده‌كات و نامه‌ ده‌نێرێت بۆ (حاجى بابۆ شێخ) له‌ تورجانى ناوچه‌ى بۆكان، له‌ نامه‌كه‌یدا ده‌نووسێت ”ئه‌گه‌ر بارزانى گه‌یشته‌ لاتان، ڕه‌وانه‌ى شه‌مزینانى بكه‌ن“.

له‌ شه‌وى 11 ى حوزه‌یرانى 1943ى زایینى، بارزانى له‌ گه‌ڕه‌كى (سابوونكه‌ران)ه‌وه‌ له‌ شارى سلێمانى چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و هاوڕێكانى ئه‌و سه‌فه‌ره‌ى (مسته‌فا عه‌بدوڵا) و (سلێمان سوور) بوون، له‌گه‌ڵ ده‌ كه‌س له‌ ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵه‌ى برایه‌تى و پیاوه‌كانى شێخ له‌تیفى حه‌فید.
هه‌ر بۆ ئه‌م ڕووداوه‌، نووسه‌رى ئه‌م كتێبه‌ (زانیار قڕگه‌یى) ده‌ڵێت: ”عه‌بدوڵا زه‌نگه‌نه‌ نووسیوویه‌تى (جگه‌ له‌ شێخ له‌تیفى شێخ مه‌حموودى حه‌فید، ناوى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ ده‌ربازكردنى بارزانى ده‌ستیان هه‌بووه‌، ئه‌مانه‌ن: مه‌لا ئه‌سعه‌دى مه‌حوى، حه‌مه‌پیزه‌، نوورى حه‌مه‌سوور، محه‌ى ساله‌ سوور، محێدین خدر چناره‌یى، جه‌لال محه‌ممه‌دى برازاى محێدین- شێخ حسه‌ین به‌رده‌زه‌ردى، زه‌ینه‌دین حه‌مه‌جان - ناسراو به‌ مچه‌ مه‌رگه‌یى، كوێخا مه‌حموودى سنجه‌ڵى)، هه‌روه‌ها ژنێكیش به‌ ناوى (خه‌دیجه‌ شێخ حسه‌ین ئاڵه‌سیاوى) شانازیى ئه‌وه‌ى به‌ر كه‌وتووه‌، له‌ دێى (شێخه‌ڵمارێن) نان و توێشووى ڕێگایان بۆ ئاماده‌ بكات“.

دواى ده‌رچوونى بارزانى له‌ شارى سلێمانى، (شێخ ئه‌حمه‌دى بارزان) و هاوه‌ڵه‌كانى له‌ شارى سلێمانى مانه‌وه‌، به‌ڵام حكوومه‌تى مه‌لیكى له‌ 18ى ئابى ساڵى 1943ى زایینى به‌ ماڵ و خێزانه‌وه‌ گواستنیانه‌وه‌ بۆ (شارى حیله‌). سه‌باره‌ت به‌ ئازار و نه‌هامه‌تیى بارزانییه‌كان له‌ (مه‌نفا) شتى زۆرم بیستووه‌، جگه‌ له‌م بابه‌تى شارى سلێمانییه‌، كه‌ له‌م كتێبه‌دا نووسراوه‌.

ساڵان دێن و ساڵان ده‌ڕۆن و له‌ عێراقدا گۆڕانكاریى گه‌وره‌ روو ده‌دەن و حكوومه‌تى مه‌لیكى ده‌ڕووخێت و حكوومه‌تێكى تازه‌ى كۆمارى دادەمەزرێ و بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌ى بارزانى و هاوه‌ڵه‌كانى ده‌درێت، خۆشى و شادى یه‌كپارچه‌ عێراقى ته‌نى و مێژووى پڕ سه‌روه‌ریى بارزانیى نه‌مر و هه‌ڤاڵانى له‌ ساڵى 6/10/ 1958 وه‌ك شه‌فه‌ق شه‌وق ئه‌داته‌وه‌ و بارزانى و هاوه‌ڵه‌كانى له‌ سۆڤیه‌ت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. دوای ماوه‌یه‌ك بارزانیى مسته‌فا سه‌ردانى شاره‌كانى كوردستان ده‌كات و له‌و نێوه‌نده‌شدا ڕۆژى 30/ 10/ 1958 ڕۆژێكى مه‌زن و شكۆدار ده‌بێت له‌ مێژووى شارى هه‌ڵمه‌ت و قوربانى، چونكه‌ سه‌رۆكى ڕۆحیى كورد (بارزانیى مسته‌فاى نه‌مر) سه‌ردانى شارى سلێمانى ده‌كات و وه‌فاداریى خۆى بۆ ئه‌و هاوكارییه‌ كه‌موێنه‌یه‌ى خه‌ڵكى شارى سلێمانى له‌ ساڵانى مه‌نفاى خۆى و هه‌ڤاڵانى ده‌رده‌بڕێت و ئه‌مجاره‌ به‌ شكۆ و سه‌رفرازییه‌وه‌ سه‌ردانى دۆستانى به‌ئه‌مه‌كى خۆى ده‌كات و به‌سه‌ریان ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌م كتێبه‌ى كاكه‌ زانیار سه‌ردار قڕگه‌یى وێستگه‌یەکى زۆر جوانه‌ و قابیلى خوێندنه‌وه‌یە و ده‌توانم بڵێم، به‌ ده‌رچوونى ئه‌م كتێبه‌، كه‌لێنێكى كتێبخانه‌ى كوردى له‌ ڕووى مێژووى پێشوومان پڕ ده‌كاته‌وه‌ و مێژووى بارزانى له‌م شاره‌دا به ‌زیندوویى دێڵێتەوە و ئه‌وه‌یشى هه‌یبوو له‌ فه‌وتان رزگارى كرد، له‌ هه‌مان كاتدا ده‌وڵمه‌ندترى كرد.

ده‌ستخۆشى له‌ براى رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر زانیار قڕگه‌یى ده‌كه‌م، هیوادارم نموونه‌ى زۆر بێت و ده‌ست و قه‌ڵه‌مى هه‌ر به‌بڕشت و سه‌نگین بێت، بۆ دۆزینه‌وه‌ و تۆماركردنى مێژووه‌ نادیاره‌كان.