هاوسەنگیی ھێز لەگەڵ كێ؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 23/09/2021

هاوسەنگیی ھێز لەگەڵ كێ؟

نازانم بە وردی لەگەڵ كێیانە، بەڵام بە نەفەس و نەغمەی قسەكانیاندا وا دەردەكەوێت كە لەگەڵ پارتییان بێت كاتێ ھەندێك لایەن و كاندیدانی بەشدار لە ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، لە كوردستانەوە دەڵێن: ”پێویستە بەھۆی ئەم ھەڵبژاردنانەوە ھاوسەنگیی ھێز بگێڕدرێتەوە چونكە نەبوونی ھاوسەنگیی ھێز، كێشە و گیروگرفتی دروست كردووە!“.

جارێ گیروگرفتی یەكەم كە دەبێتە بنەما و ھۆی دروستكردنی كێشە و گیروگرفتەكانی تر ئەوەیە كە بۆ نموونە من لە ماڵی خۆم بێمە دەرەوە بەڵام نەزانم بۆ كوێ دەچم و بۆچی بۆ ئەو شوێنە دەچم! یان زۆر سەیر دەردەچێت كە من بە ئۆتۆمبێلێكەوە ڕووم لە كەركووك بێت و لە بازگەی پردێ لێم بپرسن بۆ كوێ دەچیت؟ منیش بڵێم بۆ دھۆك! جا بۆ ھەندێك لایەن و كاندید ڕێك وەھای لێ ھاتووە، چونكە پێدەچێت كە لە ماڵ ھاتوونەتە دەرەوە نەزانن بۆ كوێ دەچن یان نەزانن كە خۆیان و كاندیدەكانیان بە ھۆی ئەم ھەڵبژاردنەوە دەبێ بچن بۆ بەغدا كەچی ڕووی ئۆتۆمبێلەكانیان كردووەتە ھەولێر! سەرباری ئەوەش دەڵێن: ”دەبێ ھاوسەنگیی ھێز بگەڕێتەوە!“... ئنجا:

1- خۆی لە بنەڕەتدا دەبێ ھاوسەنگیی ھێز بۆ عێراق بگەڕێتەوە، واتە دەبێ ھەر سێ پێكھاتە سەرەكیەكەی عێراق (كورد، عەرەبی شیعە، عەرەبی سوننە) ھێزی سەربازی، ئابووری، سیاسی، پەیوەندبیە دەرەكیەكانیان و گشت سەرچاوەكانی ھێزی ئەو سێ پێكھاتەیە لە یەكەوە نزیك بن، بۆ ئەوەی ھیچ پێكھاتەیەكیان نەتوانێت بنەمای تەوافوق و شەراكەت و تەوازون كە ھەر دەكاتە ھاوسەنگی! تێكبدات و ئینجا ببێتە ھۆی دروستكردنی تاكڕەوی و خۆسەپاندن و ئینجا لێرەشەوە گیروگرفت بۆ ھەموو عێراق درووست بكات.

كەواتە جارێ دەبێ ھەموو كورد، ھەموو گەلی كوردستان بەیەكەوە ببنە یەك ھێز ھەتا ڕادەی ئەوەی كە ئەم ھێزە نزیك بێت لە ھێزی ھەریەك لە عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننەی عێراق، واتە كورد و گەلی كوردستان بەیەكەوە ئەو ھاوسەنگیە بۆ عێراق بگێڕنەوە كە لەمێژە تێكچووە یان تێكیان داوە! خۆی لە ڕاستیدا دەبێ گشت لایەن و كاندیدانی كوردستان ئەگەر بەڕاستی نەتەوەیی و نیشتیمانین بەم شێوەیە باسی ھاوسەنگیی ھێز بكەن، نەك وا بزانیت ھاوسەنگیی ھێز بۆیە تێكچووە چونكە پارتی لە ئێوە بەھێزترە.

تۆ كە كوردیت و بەڕاستی حزب و كاندیدەكانت كوردستانیین، بۆچی نیگەرانی لەوەی ھەر حزبێكی كوردستان بەھێز بێت بە پارتییشەوە؟ تۆ كە كوردیت دەبێ پێت خۆش بێت ھەموو كورد و ھەموو حزبەكانیان بەھێز بن ھەتا ئەو ڕادەیەی كە بتوانن بەیەكەوە ھاوسەنگیی ھێز لە بەرامبەر ھەردوو پێكھاتە سەرەكییەكەی دیكەی عێراق، واتە عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننەی عێراق دروست بكەن بۆ ئەوەی لەبەر ئەم ھاوسەنگیی ھێزە شەراكەت و تەوافوق و تەوازون كە ھەر دەكاتە ھاوسەنگی! بۆ عێراق بگەڕێتەوە.

خۆ ئەگەر خۆیشت بارت لارە و ناتوانیت خۆت بەھێز بكەیت، واز لە پارتی بھێنە، چونكە بەھێزیی پارتی ئەگەر لەڕووی حزبی و دەستكەوتی حزبیەوە بۆ تۆ زیانی ھەبێت، بەڵام بۆ كورد زیانی نیە، ناكرێت تۆ لە لایەكەوە بڵێیت ئێمە یەكڕیزییمان دەوێت، بەڵام لەولاوە ناڕاستەوخۆ ڕوو لە پارتی بكەیت و بە حزب و لایەنگرانی خۆت بڵێیت دەمانەوێت لە بەرامبەر پارتی ھێزمان ھاوسەنگ بكەین. ڕووی ئۆتۆمبێلەكانتان ڕاست بكەنەوە، ڕووی ئۆتۆمبێلەكانتان بكەنەوە بەغدا، كێشەی ھەموو كورد و گەلی كوردستان بە خۆیشتانەوە لە بەغدایە لەھەولێر نیە، كێشەكە لای خەڵكی ترە لە بەغدا لای پارتی نیە!... ئنجا:

2- عەیب نیە و بەشێكە لە ڕاستگۆیی كە ئەگەر دان بەو ھەڵەیەدا بنرێت كە ھۆكارێكی سەرەكیی تێكدانی ھاوسەنگیی ھێزی كورد و گەلی كوردستان لە بەرامبەر عێراق، پارتی نیە، بەڵكوو هۆكار ئەوانە بوون كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 نیوەی باشووری كوردستانیان تەسلیم بە داگیركەرانی كوردستان و میلیشیاكانیان كرد، ئا ئەمە ھاوسەنگیی لەنێوان كورد و عێراق تێكدا، وەرن لەگەڵ پارتی و بەیەكەوە ئەم ھاوسەنگیە بگێڕنەوە.

3- عەیب نیە و بەشێكە لە ڕاستگۆیی كە ئەگەر دان بەو ھەڵەیەشدا بنێن لەدوای كۆچی دوایی جەنابی مام جەلال، شێوازی دانانی سەركۆمارتان ھەڵە بوو، چونكە لە پشت سەری پارتیەوە بوو نەك بە ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی، برادەرینە دانانی جەنابی مام جەلال لە پۆستی سەركۆماری عێراق \چونكە ئەو پۆستە بەشی كورد بوو\ بە ڕێككەوتن بوو لەگەڵ پارتی، ئەی بۆچی دوای كۆچی دوایی جەنابی مام جەلال بۆ ئەم بابەتەش وازتان لەم ڕێككەوتنەی ناو كورد لەگەڵ پارتی ھێنا؟ ئەی ئێوە ناڵێن ڕێبازی مام؟

جا ئەگەر باسی گێڕانەوەی ھاوسەنگیی ھێز دەكەن، وەرن لەگەڵ پارتی و ھەمووتان بەیەكەوە یەك ستراتیژ، یەك بەرنامەی كار دابڕێژن و ئینجا بەیەكەوە بچنە بەغدا و ھەر بەیەكیشەوە ئەو ھاوسەنگیەی كورد لە بەرامبەر عێراق بگێڕنەوە كە ھەر خۆتان بە سیاسەتی ھەڵە یەكێك بوون لە ھۆكارە سەرەكیەكانی تێكدانی ئەم ھاوسەنگیە، ئەگەر دەتانەوێت باسی ھاوسەنگیی ھێز و گێڕانەوەی ھاوسەنگیی ھێز بكەن، ئا ئەوھا باسی بكەن و ئەم ڕاستیانە بۆ حزب و لایەنگرانی خۆتان و خەڵكی كوردستان بە گشتی باس بكەن، نەك تۆ بێیت و بەنیاز بیت بچیت بۆ بەغدا كەچی ڕووی ئۆتۆمبێلەكەت لە ھەولێر بێت!