كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئیبراهیم تاتڵیساس بە دوو مانگ و 15 ڕۆژ زیندانی سزا درا

بەر لە ساڵی 2011 تاتڵیساس خاوەنی كەناڵی تەلەڤزیۆنیی (تاتڵیساس تی ڤی)، لە ڕێگەی کورتەنامەیەكی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی لە فولیا ئاكبای تۆپڕاك كردووە كە ئەوكات بەڕێوەبەری تەلەڤزیۆنەكەی تاتڵیساس بووە، بۆیە ئەویش داوای یاسایی لەسەر تۆمار كرد و دوو هەفتە بەر لە ئێستا، دوای 10 ساڵ، دادگا بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەو كەیسەوە دا.

ڕۆژنامەی (حوڕییەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، فولیا تۆپڕاك لە ڕێگەی پارێزەرەكەیەوە داوای كردبوو، تاتڵیساس بۆ چوار ساڵ سزای زیندانی بەسەر بسەپێندرێت، بەڵام دادگا سزای ماددیی 740 لیرەی توركی، وەكوو پارەی ڕسوومات و دوو مانگ و 15 ڕۆژ سزای زیندانی بەسەردا سەپاندووە.

بە گوێرەی گوتەی شەیدا یڵدرم، پارێزەری تایبەتی فولیا تۆپڕاك، دادگا سزای زیندانیكردنی تاتڵیساسی كشاندووەتەوە و بۆ ڕای گشتیی ڕانەگەیاندووە و ''نازانین هۆكارەكەی چییە؟''.

لە ئیفادەی تاتڵیساسدا هاتووە کە ئەو خاوەنی نامە نێردراوەكە نییە و ئەو تەلەفۆنەی نامەی هەڕەشەکەی بۆ فولیا پێ نێردراوە، بە ئەمانەت داویەتە دەست كارمەندانی تەلەڤزیۆنەکە و ئەوانیش بەبێ ئاگاداریی خۆی نامەكەیان ناردووە.

تاتڵیساس گوتوویەتی: ''لە كۆمپانیا كۆمەڵێك كێشە كەڵەكە ببوو، دوای ئەوەی بە كێشەكانم زانی، فولیام لە كار دوور خستەوە، ئەو نامەیەش من نەمناردووە و كارمەندێکی تەلەڤزیۆن كە نازانم كێیە ناردوویەتی، چونكە تەلەفۆنی خۆمم بەئەمانەت لە لای ئەوان دانابوو''.