شەڕی پەکەکە و تورکیا 800 گوندی هەرێمی کوردستانی بێخزمەتگوزاری و چۆڵ کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

شەڕی پەکەکە و تورکیا 800 گوندی هەرێمی کوردستانی بێخزمەتگوزاری و چۆڵ کردووە

 شەڕ و پێکدادانە چەکدارییە بەردەوامەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆکاری ئەوەی زیاتر لە 800 گوندی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکرێن و ژیانیان تێدا نەمێنێت.

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، کە کۆپییەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: شەڕ و پێکدادانەكانی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا لە سنوورەكانی باشووری كوردستان، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هاووڵاتی و زیانگەیاندن بە گیان و موڵك و ماڵیان.

هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی ئاب، 165 هێرشی ئاسمانی و 274 گولـلەتۆپ و شەش هێرشی سەرزەمینی ئەنجام دراون، كە بەھۆیەوە زیاتر لە 800 گوند چۆڵ کراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە.

دیندار زێباری، ئاماژەی بەوەش دا، هیچ لایەنێکی نیشتمانی و نێودەوڵەتی دەستپێشخەر نەبوونە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێك، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی کە موڵك و ماڵیان وێران بووە و ژیانیان لە مەترسیدا بووە.

زێباری داواکارە، کە لە ناوچە سنورییەکان کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزییەکان بهێنرێت، بۆ ئەوەی ژیان و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە و خەڵك بە ئاسایی ژیان بکات و سەرقاڵی کشوکاڵ و ئاژەڵداری و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانیان بن و چیتر بە هۆی شەڕێکی دەرەکی سەپێنراو بەسەر ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا، نەبنە قوربانی.